عه‌لی خامنه‌یی، رابه‌ری باڵای ئێران باشتر بناسه‌ ... وه‌رگێڕانی له‌ئینگلیزییه‌وه‌: والی عه‌لی

یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تییه‌ دیارانه‌ی زۆربه‌ی كات لێدوانی ئاگرین به‌ تایبه‌ت له‌دژی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاو ئیسرائیل ده‌دات، عه‌لی خامنه‌یی، رابه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌. ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ چه‌ند زانیارییه‌كی سه‌رنجڕاكێشن سه‌باره‌ت به‌م كه‌سایه‌تییه‌.


1. له‌ 19-4-1939 له‌شاری مه‌شهه‌د له‌دایكبووه‌. له‌ته‌مه‌نی چوار ساڵیه‌وه‌، به‌ فێربونی قورئان خوێندنی ده‌ستپێكردووه‌. خوێندنی سه‌ره‌تایی و پێشكه‌وتوشی له‌حه‌وزه‌ی ئاینیی مه‌شهه‌د خوێندووه‌.

2. له‌ڕوی ئاینییه‌وه‌ موسڵمانێكی شیعه‌ی دوانزه‌ئیماییه‌ كه‌ به‌ناوبانگترین ئاینزای شیعه‌یه‌. سه‌یده‌ واته‌ پشتاوپشت ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر عه‌لی كوڕی ئه‌بوتاڵب كه‌ ئامۆزاو زاوای پێغه‌مبه‌ره‌و گه‌وره‌ترین ره‌مزی ئاینزای شیعه‌یه‌ دوای پێغه‌مبه‌ری ئیسلام.

3. له‌ساڵی 1963 هاوسه‌رگیری كردووه‌و شه‌ش منداڵی هه‌یه‌ له‌وانه‌ موسته‌فا، موجته‌باو مه‌سعود.

4. له‌سه‌رده‌می رژێمی پاشایه‌تی ئێراندا، به‌دیاریكراوی له‌سه‌رده‌می محه‌مه‌د ره‌زا په‌هله‌وی شه‌ش جار ده‌ستگیركراوه‌.

5. له‌ڕوی پارتی سیاسییه‌وه‌، له‌‌ساڵی 1979 بۆ 1987 سه‌ربه‌ پارتی كۆماری ئیسلامی بووه‌. له‌ساڵی 1989وه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌و سه‌ربه‌ هیچ پارتێك نیه‌.

6. له‌ 9-10-1981 بۆ 16-8-1989 سێیه‌م سه‌رۆك كۆماری ئێران بووه‌.

7. له‌ 15-8-1983 بۆ 4-6-1989 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی خوبره‌گان (پسپۆڕان) بووه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نێكی باڵای راوێژكارییه‌و به‌گوێره‌ی ده‌ستوری وڵات رابه‌ری شۆڕشی ئیسلامی دیاریده‌كات.

8. له‌ 14-1-1980ه‌وه‌ ئیمام خوتبه‌ی هه‌ینیی تارانی پایته‌خته‌ كه‌ ملیۆنان كه‌س له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی ئێرانه‌وه به‌ په‌رۆشه‌وه‌ سه‌یریده‌كه‌ن. وتاره‌كانی زیاتر سیاسین نه‌ك ئاینی.

9. هه‌رچه‌نده‌ پشتگیریكارێكی زۆری هه‌یه‌ له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به‌ڵام ره‌خنه‌گریشی له‌هه‌ردوو ئاسته‌دا زۆره‌و به‌وه‌ تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن كه‌ سه‌رپه‌رشتی تیرۆركردنی نزیكه‌ی 160 كه‌سایه‌تیی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ له‌ڕژێمی ئێران له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات، كردووه‌و خۆپیشانده‌رانی سیاسی سه‌ركوتده‌كات و به‌رپرسه‌ له‌كوشتنی ده‌یان هه‌زار ئه‌ندامی موجاهیدینی خه‌ڵق و رۆشنبیرو چالاكوان. موجاهیدینی خه‌لق گه‌وره‌ترین پارتی نه‌یاری رژێمی ئێرانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

10. له‌ 27-6-1981 به‌ موعجیزه‌ له‌هه‌وڵێكی تیرۆكردن له‌لایه‌ن موجاهیدینی خه‌لقه‌وه‌ رزگاری بوو. له‌و هه‌وڵه‌دا هه‌رچه‌ند نه‌مرد به‌ڵام به‌ سه‌ختی برینداربوو و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌ستی راستی له‌ده‌ستداوه‌.

11. له‌ 6-8-1989وه‌ رابه‌ری باڵای ئێرانه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین پۆستی ئاینی و سیاسییه‌ له‌م وڵاته‌دا.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu