ئەرشیفی نامەکانی سەدام، نهێنیی و فێڵەکان ئاشکرا دەکەن ... وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: بەرزان هەستیار

ئەرشیفی نامەکانی سەدام، نهێنیی و فێڵەکان ئاشکرا دەکەن ... وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: بەرزان هەستیار

ئەم بابەتەی خوارەوە لە یەکێک لە ژمارەکانی ڕۆژنامەی "الشرق الاوسط " و لە 27.04.2003 دا بڵاوکراوەتەوە..
نووسەری بابەتەکە "کمال قیسی" دەڵێت " ئەو نامانە پێش دوو ڕۆژ لە لایەک کۆمەڵێک لە چالاک و هەڵسووڕاوانی کۆنگرەی نیشتیمانی عێراقیی لە کۆشکی کۆماری دۆزراونەتەوە کە لەساڵی ڕابوردوو سەرەتای ئەمساڵدا نێردراون بۆ سەرۆکی لە کارلابرا و"سەدام حسێن" ، دوێنێ "الشرق الاوسط"یش ناوەڕۆکی هەندێکیانی لە سەرچاوەیەکی "کونگرە"وە دەستکەوتووە، منیش لێرەدا حەزم کرد خوێنەری کوردیش ئەوە بزانێت وەک نووسەر دەڵێت کە تا چ ڕادەیەک ئەم سەرۆکە مردوو یان لەبەرچاو ونبووە لە لایەن کەسانێکەوە لە دەرەوە ویستراوە ئەو هەستی خۆ بەزلزانینەی بە وشەی بریقەدار بەکاربێنن.. بەهەرحاڵ گەرچی نزیکەی ساڵ و نیوێک بەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو نامانەدا بە زمانی عەرەبی تێپەڕیوە بەڵام هەر خراپ نییە خوێنەری کوردیش چەند کەلەبەرێکی تر لە کەسایەتیی دکتاتۆرێکی وەک "سەدام حسێن"ببینن و سەرەداوی چەند ڕسوایینامەیەکی ئەو کەسانەش بخوێنێتەوە کە لەبەر هەر هۆیەک بێت "سەدام حسێن"ی دکتاتۆریان لێ بووە بە فریشتەو دنیایان لە چاوی پێ زەلیلیی ئەوەوە بینیوە .


ب. ‌هەستیار
--
نامەکان زۆرن و لە کەسایەتییە پلە جیاجیاکانەوەن . یەکێکیان لە "کوفی ئەنان"ی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوەیە کە پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزانی لێ دەکات، چەند نامەیەکی تریش بە هەمان بۆنەوە لە کۆمەڵێکی زۆر لە سەرۆکە عەرەبی و بیانییەکانەوە لە ناویانا سەرکردەی کوبی "ڤیدڵ کاسترۆ"، بەڵام سەیرترین نامە کە بە دەست نووسراوە و لە چواردەی دیسەمبەری ڕابووردوودا، ئەو نامەیەیە کە جازژەنی ئەمریکی " ئەندرۆ ئالان"ی بەناوبانگ کەلە نیویۆرکە با ناوی "تیکس"ەوە نیشتەجێیە ، لەگەڵ وێنەیەکی خۆیدا بۆی ناردووە،"ئالان"تێیدا (بۆ فەرماندەو سەرۆک سەدام حسێن وبۆ گەلی عێراق) چەند وشەیەکی عاتیفیی و پشتگیرییەکی تەواوی لە هەڵوێستەکانی سەرۆکی لەکار لابراو نووسیوە و لە کۆتایی نامەکەشدا ئیمزای خۆی ووێنەی دڵێکی کێشاوە کە دیارە وەک نیشانەی خۆشەویستیی و هاوسۆزییە، لە نامەکەیدا داواش دەکات کە وەک قەڵغانێکی دیاری بەشەریی میوانداریی عێراق بکرێت.
هەر لە ئەرشیفی نامەکاندا نامەیەک دۆزراوەتەوە کە هی " وەفا عەبدولسەلام عارف"ی کچی سەرۆکی کۆچکردوو " عەبدولسەلام عارف"ە کە لە دوای کودەتاکەی هەشت شوباتی 1963 حوکمی عێراقی گرتەدەست، "وەفا " ،لە کۆتایی نامەکەیدا کە مێژووی حەڤدەی شوتابی لە سەرەو وەک پیرۆزباییەک بۆ جەژنی ڕەمەزان بۆی ناردووە ، دەڵێت ( ئێمە سەربازی تۆین، هەتا دوا دڵۆپی خوێنیشمان هەر سەربازی تۆ دەبین).
هەر لە ئەرشیفی نامەکانی سەرۆکی لابراودا قەسیدەیەک کە بە لەهجەی عامی بەدەوییە و لە تشرینی دووەمی ڕابوردوودا نێردراوە،، شێخێک لە "قەتەر"ەوە بە ناوی " محەممەد بن ئال خەلیفە خلیفە"وە نووسیوێتی و تێێدا سەرۆکی عێراق بە "باز"ێک وەسف دەکات کە دەشت و دۆڵ ناناسێت و بە نێو لوتکەکاندا نەبێت نافڕێت..ئەوەندەی بتوانرێت یەکێک لەو بەیتە شیعرە بەدەوییە لێک بدرێتەوە ئەمە مەبەستەکەیەتی"بە جۆرێک سەری عەرەبت بەرزکردۆتەوە کە جگە لە تۆ کەس نەیکردووە".
بەپێی ئەو مۆرانەی بەسەر هەردو نامەکەی سەفارەت و وەزارەتی دەرەوەیە "شێخ محەممەد" ئەم قەسیدەیەی لە ڕێی سەفارەتی عێراق لە "دوحە"وە بۆ سەرۆکی لابراوی عێراق ناردووە، ئەویش لای خۆیەوە ناردوویەتی بۆ سەفارەتی دەرەوەی عێراق و لەوێشەوە بۆ کۆشکی کۆماریی لە بەغداد.
فەلەستینییەکیش بە ناوی "جومعە ئەبو زکری" لە "غەززە"وە نامەیەکی بێ بەرواری بۆ ناردووە، بەڵام بە پێی ئەو مۆرەی بە نامەیەکی ترەوەیە نامەکە لە تشرینی یەکەمی ڕابوردوودا نێردراوەو تێیدا داوای حەفتاو پێنج هەزار دۆلار دەکات ( بۆ دامەزراندنی کارگەیەک لە فەلەستینی خۆشەویستا بۆ دروستکردنی مەدالیا و ویسام)، پێشنیاریشی کردووە کە مەدالیای جۆراوجۆر بەرهەم بێنێت ، وەک دەڵێت ( ئەی سەرۆکی جێی شانازیی عەرەب ، لەسەر دیوێکی مەدالیاکە وێنەیەکی تۆی بەخشندە دادەنێین و لەتواناشدا بوو لە دیوەکەی تری وێنەی یەکێک لە شەهیدە بێتاوانەکانی ڕاپەڕین دروست دەکەین ).
یەکێکیان لە سەر نامەکەدا ئەم ڕستەیەی نووسیوە "دوای تاووتوێکردن ، ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکرێت ". "تەها یاسین ڕەمەزان "ی جێگری ئەوسای سەرۆکی عێراق بە دەستوخەت و ئیمزای شەخسیی خۆی لە دامێنی نامەکەدا نووسیوێتی" ( بیرۆکەیەکی چاکە پشتگیریی لێ بکرێت ).
لە نێو نامەکاندا نامەی هاوڵاتییەکی نەمساویی لە ڤیەننا کە ناوی "هیلموت هیرتزر "ە دۆزراوەتەوە کە لە بیست و چواری ئەیلوولی رابوردوودا تێێدا داوا لە سەرۆک سەدام حسێن دەکات ( سەعاتێکی ئاڵتوونی دەستیی کە بە وێنەی خۆت نەخشێنرابێ بۆ ئەوەی بیخەمە پاڵ ئەو سەعاتە دەگمەنانەی کە هەمن ) وەک خۆی دەڵێت .
وا دیارە سەدام کەوتووەتە تەڵەکەوەو لە پارەی نەوت بەرامبەر بە خۆراک سەعاتێکی بۆ پیاوەکە کڕیوە، چونکە لە دامێنی هەمان نامەدا " ئەحمەد حسێن خزەییەر " کە لەوە دەچێت سکرتێری شەخسیی هەندێ کاروباری سەرۆکی لابراوی عێراق بێت، نووسیویەتی ( ڕازیین و بەم زوانەش هەنگاوی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی مەکرەمەی سەرۆکایەتیی بۆ هاوڵاتییەکی نەمسایی دەنێین ) پاشان ئیمزای خۆی و ناوی تەواوی نووسراوە.
هەر لە ئەرشیفی پۆستەکەیدا کۆمەڵێک نامەی پیرۆزبایی لە هونەرمەندان بە ژن و پیاوەوە و ڕۆژنامەنووسان و کەسانی ترەوە هەیە، بە تایبەتی لە میسرو ئەردەن و لوبنان ، زۆربەشیان پڕن لە شکۆمەندکردن و ناوبردنی سەدام بەوەی کە لە سەرۆکەکانی تر جیاوازە، بە ڕادەیەک یەکێکیان بە "سەلاحەدینی دوو سەدە، بیست و بیست و یەک "وەسفی دەکات.
بزنسمانێکی ئەردەنییش نووسیوێتی : بۆ گورزوەشێن لە ئیسرائیل وڕابەری بووژانەوەی پیشەسازیی و ئاوەدانکردنەوە لە عێراقی خۆشەویستا، تۆقێنەری دوژمنان لە فوراتەوە هەتا نیل.
--
تێبینیی:
کاتی خۆی ئەم کورتە نووسینەم لە ژمارە شەشی ساڵی یەکەمی ڕۆژنامەی "پەیامی کورد " کە لە ئەڵمانیا دەردەچوو لە 15.10.2004 بڵاوکردەوە و لەم ڕۆژانەدا لە ئەرشیفەکەی خۆمدا بەرچاوم کەوتەوە .
ب. هەستیار

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu