فەيسەڵ قاسم يەكێكە لەديارترين راگەياندنكارەكانى جيهانى عەرەبى و لەو رووەوە بووەتە قوتابخانەيەك بۆ زۆربەى راگەياندنكارانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە كورديشەوەو زۆرێك لەڕاگەياندكارانى ترى كوردو عەرەب تەنانەت لەجوڵە سەيرەكانيشيدا لاسايى دەكەنەوە. ئەمانەى خوارەوە چەند زانيارييەكى سەرنجڕاكێشن سەبارەت بەم كەسايەتييە:
1. لە 3-6-1961 لەگوندى سەعلەى سەربە پارێزگاى سووەيداى سوريا لەخێزانێكى زۆر هەژار لەدايكبووەو لەئاينزاى دورزييە.
2. سەردەمى منداڵى و هەرزەكارى زۆر بە ناڕەحەتى و هەژارى و كڵۆڵى بەسەربردووەو وەك خۆى دەڵێت هەر لەمنداڵييەوە خراوەتە بەركارو چەندين كارى جياوازى كردووە لەوانە ئاسنگەرى، دروێنە، پاككردنەوەى شەقام، كارەباچێتى و كارى قورس.
3. هەر لەمنداڵييەوە ئارەزوى بۆ راگەياندن دەركەوتووەو گوێى لەڕاديۆ گرتووە.
4. وەك خۆى دەڵێت بە منداڵى باوكى تاڕادەيەك توندوتيژبووە لەگەڵيداو جارى وا هەبووە كە خەڵك كارى پێنەداوەو بێكار گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە، باوكى بە توندى سەرزەنشتى كردووەو لێيداوە.
5. لەخوێندنگەدا تا قۆناغى كۆتايى دواناوەندى فێرخوازێكى زۆر پەڕپوت و تەممەڵ بووە بە تايبەت لەزمانى عەرەبيدا. هەر بەهۆى تەممەڵييەكەيەوە جارێك مامۆستايەكى پێيدەڵێت بڕۆ پێڵاو بۆياخ بكە لەخوێندنەكەت باشترە. بەڵام لەپۆلى شەشەمى ئامادەييەوە، بە دياريكراوى پاش ناسينى هاوڕێيەكى كە كوڕى پياوێكى خانەدانى ناوچەكە بووە، گۆڕانكارييەكى گەورە لەژيانيدا رويداوەو زيرەك بووە.
6. وەك خۆى دەڵێت قۆناغى زانكۆشى زۆر بە هەژارى تێپەڕاندووەو بە درێژايى خوێندنەكەى كوپێك قاوەى لە كافتريا نەخواردووەتەوە چونكە پارەى پێنەبووە.
7. لەساڵى 1983 بە پلەى يەكەم، بەشى ئەدەبى ئينگليزى لەزانكۆى ديمەشق تەواوكردووەو لەساڵى 1990 بڕوانامەى دكتۆراى هەر لەئەدەبى ئينگليزى لەزانكۆى هەڵ لە بريتانيا بەدەستهێناوە.
8. لەنێوان ساڵى 1988 بۆ 1989 وەك پێشكەشكارو ئامادەكارى بەرنامە لە كەناڵى بى بى سيى عەرەبى كاريكردووە. لەساڵى 1991 وەك پێشكەشكارى بەرنامە لەكەناڵى تەلەفزيۆنيى ئێم بى سى كاريكردووە.
9. لەنێوان ساڵى 1994 بۆ 1996 وەك پێشكەشكارى بەرنامەى هەواڵى، لەكەناڵى بى بى سى عەرەبى كاريكردووەو پاشان چووەتە كەناڵى جەزيرەو لەوێوە ناوبانگى دەركردو تائێستاش لەو كەناڵە ماوە.
10. فەيسەڵ ناوبانگى زياتر لەبەرنامەى "الاتجاه المعاكس"ەوە بەدەستهێناوە كە بەناوبانگترين بەرنامەى ديالۆگيى سياسيى مشتومڕئامێزەو لەساڵى 1996ەوە تائێستا بەردەوامە. سەربارى ئەوەش وتارنوسێكى بەبڕشتە. بەرنامەكە سروشتێكى توندوتيژى هەيەو زۆرجار كشانەوە يان پێكدانانى ميوانەكانى لێكەوتووەتەوە.
11. فەيسەڵ هەرچەندە لەبەرنامەكەيدا كەسێكى توندو شەڕەنگێز دەردەكەوێت، بەڵام خۆى دەڵێت ئەوە سروشتى بەرنامەكەيە، ئەگەرنا خۆى كەسێكى ئارامە.
12. لەميانەى بەرنامە بەناوبانگەكەيدا ميوانداريى چەندين كەسايەتيى سياسى و رۆشنبيرى دياريكردووە لەوانە: سەرۆكى ليبيا موعەمەر قەزافى، سەرۆكى كوبا فيدڵ كاسترۆ، خانمەپزيشك و نوسەرى ميسريى بەناوبانگ نەوال سەعداوى، زاناى پايەبەرز يوسف قەرزاوى و هتد...
13. تائێستا چەند خەڵاتێكى بوارى راگەياندن و رۆشنبيرى بەدەستهێناوەو لەڕيزى پێشەوە كەسايەتييە كاريگەرو بەهێزەكانى جيهانى عەرەبدايە.
14. پەيجى ئەم كەسايەتييە لەسەر ماڵپەڕى فەيسبوك 12 مليۆن فۆڵەوەرو لەماڵپەڕى ئێكس شەش مليۆن و 500 هەزار فۆڵەوەرى هەيە.
15. جگە لەوڵاتەكەى، خاوەنى رەگەزنامەى بريتانييەو لەئێستادا لەشارى دەوحەى پايتەختى قەتەر نيشتەجێيە كە بارەگاى سەرەكيى كەناڵى جەزيرەى لێيە.
16. جگە لەزمانى عەرەبى، زمانى ئينگليزيش بە پاراوى دەزانێت.