لەمێژووی كۆنی زۆێك لە میللەتاندا دروستكردنی خواوەندەكان لە بەرد و كانزا سروشتیەكان بوونی هەییە. لە سەر ئەم ریتمە دواتریش فیرعەون و شا و دیكتاتۆركان لە مرۆڤی زۆر سادە دروست دەكراون.
لەپرۆسی دروستكردنی سەرۆكدا لە تەواوی سەردەمەكاندا رۆڵی پیاوانی ئاینی و روناكبیران و شاعیر و گۆرانی بێژ و راگەیاندنكار و سیاسەتمەداری هەلپەرست .. تاد، مەرجێكی سەرەكی و كاریگەرە.
دروستكردنی خوداوەندەكان لە پێشانگا تایبەتەكانی پەیكەرتاشیدا ئەنجام دەدرا، بەڵام دروستكردنی فیرعەونەكان و دیكتاتۆرەكان لە ناو ژیانی ئاسای میللەتەوە دەخوڵقێت، سەرۆك یان فیرعەون سەرەتا بە پیاهەڵدان و پیرۆزكردن و پێدانی سیفەی زۆر باڵا و مەزن لە سیفەتكانی خوداوەد لە لایەن توێژێك لە كەسانی هەلپەرست و بە سروشت كۆیلەوە ئەنجام دەدرێت. بە بەرنامە كەسێكی ئاسای یان كارەكتەرێكی سیاسی هەلپەرست دەكرێت بە پاڵەوان، تا دەگاتە ئەو ئاستەی دەكرێت بە سەرۆك، دواتریش بە درێژای كات زۆر بە ئاسانی هەر بە پاڵپشتی ئەم توێژە خۆی لێدەبێت بە فیرعەون و ئەو باوەرەی لا دەچەسپێت، كە ئەم هەڵگری جیناتی زۆر باڵا و مەزنتر لە جیناتی مرۆڤە.
كاركتەری سیاسی بە یەكێك لە سێ رێگای باو دەگاتە سەر كورسی سەرۆكایەتی (هەڵبژاردن، كودەتا یان شۆرش، میراتی سیاسی). زۆرجار كەسایەتیەكی نەرگزی بەرێكەوت یان بە شانس دەگاتە سەر كورسی دەسەڵات و دواتر بەماوەیەكی كورت سیفاتی ئەفسانەی لە سەر دروست دەكرێت و دەبێتە ئەو كاركتەرە پێویستەی توێژی هەلپەرستی نێو كۆمەڵگا دەیەوێت. كاركتەری سیاسی ئامادە بۆ سەرۆكایەتی لە پرۆسەی جێگیربونیدا خۆی وەك فریادرەس و پارێزەری مافی میللەت و خزمەتكاری كۆمەڵگا نمایش دەكات، دروشم و پەیامەكانی وەك كەسێكی قوربانیدەر بۆ بەرژەوەندی میللەت دەخاتە روو.
پرۆسەی دروستبونی سەرۆك لە یەكەم ساتەكانی بونیادنانیەوە پشت بە فۆرمی پۆپۆلیزمی دەبەستێت. لە قۆناغی كاركردن بۆ جێگیربونی لە سەر كورسی دەسەڵات و قۆناغی دوای جێگیربونیشی ئەم فۆرمە دەبێتە سیاسەتێكی سەرەكی كاركردنی. لەم پرۆسەیەدا سەرۆك و پیاوەكانی كار لە سەر ختوكەدانی هەستی جەماوەر دەكەن و یاری بە كۆمەڵێك پرسی نەتەوەی و نیشتمانی دەكەن، هاوكات خەونی بەدیهێنانی جیهانێك لە خۆشگوزەرانی و نیشتمانێك لە بەهەشت دەبێتە دروشمی سەرەكی كاری سیاسیان و بە پەیمان و گفتە درۆینەكانی خەیاڵدانی تاك مەست دەكەن.
لەم پرۆسەیەدا دوو پایەی سەرەكی دەبنە بناغەی دروستبونی سیستمی دیكتاتۆری و تاكرەوی فەرمانرەوای، پایەی كاڵفامی و ناوشیاری و دواكەوتوی كۆمەڵگا و پایەی سیاسەتەكانی سەرۆك و حزبێكی شۆفینی. بەواتە مەرجی سەرەكی دروستبونی هەر دیكتاتۆرێك بە بێ بوونی میللەتێكی كاڵفام و نەزان و ناوشیار و توێژێك لە كەسایەتی بێ مۆراڵ و هەڵپەرستەوە بەستراوەتەوە.
سەرۆك بە جێگیربونی لە سەر كورسی فەرمانرەوای توێژێك لە كادری سیاسی هەلپەرست و بەرژەوندخواز و ئینتهازی وەك مێشولە لێی نزیك دەبنەوە. سەرۆك ئەم توێژە بە باشترین دەستەبژێر بۆ جێگیركردنی خۆی لە سەر كورسی فەرمانرەوای دەزانێت. ئەم توێژە زۆر بە خێرایی دەكەونە پیاهەڵدانی سەرۆك و تەقدیسكردن و نمایشكردنی خۆیان وەك كۆیلەیەكی ئارەزومەند و متمانە پێكراو. لە واقعدا ئەوەی دەبێتە بنەمای نزیكبونەوەی ئەم توێژەو سەرۆك ئەوەیە، ئەم توێژە هیچ كات خواست و داوایەكی هەق و راستی و بەرژەوەندی گشتیان نیە، هیچ كات رەخنە ناگرن و گلەی لە كار و بریارەكانی سەرۆك ناگرن، بگرە بە بەردەوامی بیانو بۆ كارە قێزەوەنەكانیشی دێننەوەو شەرعیەت لە بەر تەواوی كارە نارشەرعیەكانی دەكەن، ئەمە جگە لە كاری سیخوری و خۆ بەكەمزانین لە بەردەم سەرۆك و خانەوادەكەیدا. لە بەرامبەردا ئەم توێژە جگە لە هەندێك دەستكەوتی كەسێتی هیچیتریان ناوێت. سەرۆك بۆ دروستكردنی قەڵغانێك بە دەوری خۆیدا توێژێك لەم دەستەبژێرە لە پۆست و پلە هەستیار و گرنگەكانی فەرمانرەوای جێگیر دەكات، هاوكات تەواوی جومگەكانی فەرمانرەوای راگەیاندن و هەاڵگری و ...هتد، بەم توێژە پڕ دەكاتەوە.
درێژ بونەوەی ماوەی دەسەڵات و مانەوەی سەرۆك بۆ كاتێكی زۆر لە سەر كورسی دەسەڵات و فەرمانرەوای و بەردەوامبونی ئەم دۆخە لە كۆیلەبونی دەوروبەرەكەی و تەقدیسكردنی ئەو باوەرەی لا یەقین دەكات، كە ئەم بە راستی كەسێكی زۆر لێهاتوو بەتوانا و گەورەیە و خوداوەند روحی مەزنی خستوەتە جەستەیەوە، بۆیە هیچ كەس ناتوانێت ببێت بە ئەلتەرناتیفی خۆی و كورەكانی و خێزانەكەی. ئەم لە میراتگەریەكی مەزنەوە خوڵقاوە رەنگە پێشتر مێژوو غەدری لێكردبێتن و بەر غەدری زەمانە كەوتون و ئەو هەلەیان بۆ نەرەخساوە تا بگەنە جێگا و پۆستی شایەنی خۆیان.
مانەوە لە سەر كورسی سەرۆكایەتی بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ بە شێوەیەك سەرۆك توشی غرور و لە خۆبایبوون دەكات، هیچ كەسێك لەو وڵاتە لە خۆی بە ئاقڵتر و شارەزاتر و زاناتر نابینێت، بۆیە ئامادە نابێت گوێ لە هیچ كەسێك بگرێت و رێنمای و پێشنیاری هیچ گروپ و رێكخراوێكیش وەرناگرێت، بگرە تەواوی كۆمەڵگا بە مێگەل دەبینێت. لەم دۆخەدا هیچ پانتایەك بۆ رەخنەگرتن و لێپرسینەوە لە سەرۆك و كردەوەكانی نامێنێت، بگرە هەڵە و شكستەكانیشی دەكرێتە سەركەوتن و داهێنان.
سەرۆك لە دەرئەنجامدا توشی نەخۆشی نەرجسیەت دەبێت و بە شێووەیەك هەڵسوكەوت دەكات رۆڵی خوداوەند لە نیشتمانێكی وێرانەدا دەگێرێت. لە رووی سایكۆلۆجیەوە دەبێتە كەسایەتیەكی میزاجی و هیچ سیفاتێكی مرۆڤدۆستی تیادا نامێنێت، بە قۆناغ لە هەموو عەقڵ و وێژدان و حیكمەت و دنیابینیەكی تەندروست بەتاڵ دەبێتەوە. قۆناغی دوای جێگیربونی سەرۆك لە سەر كورسی دەسەڵات و فەرمانرەوای قۆناغی پارێزگاریكردن لە پۆست و پایە و كورسیەكەی دەستپێدەكات. ترسی لە دەستدانی ئەو پلە و پایەیە لای سەرۆك دەبێتە مێردەزمەی مەرگ، بۆیە لە پێناو مانەوەیەدا دەبێتە درندەیەكی زۆر بێ بەزی و دەست لە تاوانبار و بێ تاوان ناپارێزێت، هەندێك جار تەنیا بۆ ترساندنی جەماوەر دەكەوێتە ئەنجامدانی كوشتن و ئەشكەنجەدانی كەسانی بێوەی و بێ گوناهی دوور لە سیاسەت و یاخیبونیش. هەندێك جار سەرۆك بۆ سەرقاڵكردن و لادانی خەیاڵدانی جەماوەر لە سەر خۆی شەڕێك یان كارەساتێك دەخوڵقێنێت. خوڵقادنی قەیرانی سیاسی، ئابوری ، كۆمەڵایەتی لە ئامرازە سەرەكیەكانی دەسەڵاتی دیكتاتۆریە.
بونی میللەتێكی نەزان و كاڵفام و ناوشیار و كەم مەعریفە، كە گاڵتەی بە هەموو پیرۆزیەكان و بەها باڵاكانی كۆمەڵگا و پرنسیپەكانی ئازادی و دیموكراسی بێت و نرخی راستی و رەوای و یەكسانی لای هیچ بێت. تەنیا لە بەرامبەر مانەوە لە ژیاندا بە پێدانی برێك خۆراك بە سەركزی و كۆیلایەتی، پرۆسەی گەیشتنی دیكتاتۆر و برایمزەبۆكە سیاسیەكان زۆر ئاسانتر و بێ بەربەست دەبێت. كاتێك واقعی كۆمەڵایەتی دەبێتە ژینگەیەكی گەورە لە درۆ و دوو روی و فرتوفێڵ، پرۆسەی بە مێگەلكردنی زۆر ئاسانتر دەبێت. لەم دۆخەدا پرۆسەی پارێزگاریكردن لە كورسی فەرمانرەوای و مانەوەی سەرۆك بۆ ماوەیەكی زۆر دوور و درێژ دەبێتە چیرۆكێكی گاڵتەجاری میهرەجانێكی سیاسی بێ تام و بێ مانا. سیاسەت و هزر و باوەر و عەقڵ و بەها و پرنسیپ ... تاد، بە گشتی دەبنە زاراوەی بێ مانا و بەتاڵ لە كاریگەری. میللەتی دواكەوتوو كەرەسەی سەرەكی خوڵقانی دیكتاتۆریەتە، لە تەواوی مێژووی مرۆڤایەتیدا نمونەیەك لە دیكتاتۆریەت نابینیەتەوە بە بێ بوونی میللەتێكی دواكەوتوو خوڵقابێت.
پوختەی سەرنج لە پرۆسەی دروستكردنی سەرۆكێكی فیرعەونیدا دوو پایەی سەرەكی پێویستن: بوونی باوەرێكی جەماوەری بە پێویستی رزگاركەرێك، كە پێویستی بە مرۆڤێكی مەزنە ئەم رۆڵەی بۆ بگێرێت، ئەم پایەیە لە لایەن توێژێكی هەلپەرستی سیاسی، ئەدیب و نوسەر، گۆڕانی بێژ، .. تاد، یەوە بونیاد دەنرێت. پایەی دووەم پێویستی دەركەوتنی كەسایەتیەكی پۆپۆلیست و فیرعەونی. لەم پرۆسەیەدا جەماوەر دەگەیندرێتە دۆخێ لە بیركردنەوە، كە لە بری گەران بە دوای سیستمێكی دیموكراسی دامەزراوەیدا هەموو هۆش بیری دەچێت بۆ لای فریاد رەسێكی دیكتاتۆر، هەر بۆیەش ئەم میللەتە دیكتاتۆر لەدووای دیكتاتۆر دروست دەكات قەت ناگات بە ئازادی راستەقینە.