ڕووی زەمان رەشبێت، كە لە مەردن رووی خۆی وەرگێرا
دێنە مەیدان بڵح و نامەرد تێك دەدەن رەسم و شیعار
زۆربەی بیرمەندان و مێژوونوسان لە سەر ئەوە كۆكن، كە مرۆڤایەتی بە قۆناغێكی مێژووی هەستیاردا تێدەپەرێت. ئەم ساتانە زۆر بە دەگمەن لە مێژووی كۆنی مرۆڤایەتیدا دووبار بوونەتەوە. داروخانی بەها و پرنسیب و ئاكار و یاساو رێسا كۆمەڵایەتی و سیاسی و كەلتوریەكان لە سیما دیارەكانی ئەم قۆناغەیە. جۆرێك لە داروخان دروستبووە مەترسی لە سەر ئایندەی مرۆڤایەتی درست دەكات. ئەم داروخانە وایكردوە جۆرێك لە نائومێدی و بێزاری گشتی سەرانسەری گەلانی جیهان بگرێتەوە. تێرامان و پێناسەكردنی ئەم سەردمە وەیكردوە سات و قۆناێكی ناجۆر و نامۆ بە ژیان و مێژوو ببێتە هەست و دنیابینی گشتی. رەنگە لە چەندین سات و قۆناغی كۆندا ئەم دیاردەیە دەركەوتبێت، بەڵام ئەوەی لە ئەمرۆدا روو دەدات بنەما و سروشت و جەوهەرێكێی جیاوازی هەیە. مرۆڤایەتی لە قۆناغی رەتكردنی زەمەنێكدایە دابرانێكی زۆر گەورە لە مێژووی خۆی دەخوڵقێنێت. لە مێژووی كۆنی كوردا چەندین جار ئەم واقعە وەك دیاردە دەركەوتووە.
حەمدی شاعیر بۆ سەردەمی شێخی نەمر دەڵێت:
رووی زەمان رەشبێت، كە لە مەردان رووی خۆی وەرگێرا
دێنە مەیدان بڵح و نامەرد تێك دەدەن رەسم و شیعار
پێموابێت ئەم داروخان و هیچ و پوچیەی حەمدی باسی لێوە دەكات جیاوازە لە واقعی هیچ وپوچی و داروخانی ئەمرۆی مرۆڤایەتی. لە ئەمرۆدا لە هاوشانی ئەوەی كوردستان بە دۆخێكی زۆ هەستیاردا تێدەپەرێت و هیچ وپوچی و داروخان و خراپەكاری بوەتە دیاردەیەكی زۆر بڵاو، بەڵام لە هەقەتدا ئەم واقعە رەهەندێكی جیهانی هەیە و لە سیما دیارەكانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئەم سەردەمەیە. چەندین بیرمەند و سیاسەتمەدار و روناكبیری جیهانی باسیان لە سروشتی هیچ و پوچی ئەم سەردەمە كردوە. دیارترین ئەو بۆچونانە لە لایەن بیرمەند و فەیلەسوفی كەنەدی ئالان دۆنیۆوە بووە، كە بۆ یەكەم جار وەك توێژینەوەیەكی زانستی لە كتێبی سیستمی هیچ و پوچیدا بڵاوكرایەوە.
باس و خواسەكانی هیچ و پوچی و خراپی بارودۆخی ژیان و بەتاڵبونەوەی ژیان لە هەموو بەها و ئاكار و جوانیەكانی و سەرخستن و زاڵبونی جۆرێك لە ژیانی هیچ و پوچی، كە تا ئاستی بە سیستم بوون كشاوە، بوەتە سیمایەكی دیاری ئەمرۆی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی. لەگەڵ ئەوەی ئەم واقعە لە دەرئەنجامی پێشكەوتنی مرۆڤایەی خوڵقاوە، بەڵام قوڵی و فەراوانی ئەم قەیرانە فرە رەهەندە، هاوكات مەترسی داروخان و كۆتایهاتنی هەموو ژیانی مرۆڤایەتیشی لێدەخوێندرێتەوە.
ئالان دۆنیۆ لە كتێبی سیستمی هیچ و پوچیدا، بە وردی قەبارە و ناوەرۆكی ئەم دیاردە هیچ و پوچیەی ئەمرۆمان بۆ شیدەكاتەوە. باس لەو واقعە دەكات، كە چۆن هیچ و پوچی لە تەواوی جومگە و پایە و پرسەكانی ژیاندا دەوری مرۆڤی ئەم سەردەمەی داوە. لە تەواوی بوارەكانی زانست و ئەكادیمیا تا دەگاتە بوارەكانی سیاسەت و ئابووری، كۆمەڵایەتی، كەلتوری، هونەری، رناكبیری، وەرزش ..تاد، رەنگیداوەتەوە.
ئەشرەف عەشماوی لە رۆمانی سەردەمی كەمتیارەكاندا، لایەنێكیتری داروخاونی ژیان و هپچ و پوچی ئەم سەردەمەمان بۆ دەخاتەروو. بەوردی وینەی راستەقینەی پشت پەردەی سیاسەت و فەرمانرەوای و درۆ و فێڵ و دوورووی و زوڵم و نادادی لە جیهانی سياسەتی ئەمرۆدا دەخاتە روو. شەر و ملانێ سیاسیەكان لە پێناو بەرژەوەندی كەسێتیدا چۆن هەموو سنورەكانی ئاكار دەبرن و رەوشت و بەها پیرۆزكان ژێر پێ دەخەن.
كارەكتەری تەمبەڵ و دووروو و خۆپەرست و هەڵپەرست چۆن بە خێرایی و بە ئاسانی دەگەنە بەرزترین پلە و پایەكانی دەسەڵات و فەرمانرەوای، گەندەڵان چۆن دەبنە كەسایەتیە دیار و باڵاكانی كۆمەَلگا و رێزیان لێدەگیرێت.
لەم رۆمانەدا كەمتیارەكان چۆن پلانگێری لە دژی شێر ئەنجام دەدەن، لە كورسی پاشایەتی دارستان دووری دەخەنەوەو تەواوی جومگە و پایەكانی فەرمانرەوای داگیر دەكەن. لەم پرۆسەیەدا كەمتیارەكان، كەركەدەن دەكەنە سەرۆك وەزیران و كەر دەكەنە راوێژكار.
لە سەردەمێكدا زەنگۆڵەوان دەبێتە رابەر و پێشوای مێگەل، كۆمەڵگا توشی چ نەهامەتیەك دەبێت.
زەنگۆڵەوان چیە؟
لە جیهانی ئاژڵداری عەرەبیدا، خاوەن مێگەلەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی مێگەلەكانیان سیاسەتێكی تایەبەت پەیرەو دەكەن. بەرخێكی نێر، كە لە دایك دەبێت لە دایكەكەی جیای دەكەنەوەو دەیخەنە بەر ماكەرێك بە شیری ئەو گەورەی دەكەن، دواتر، كە گەورە بوو دەیخەسێنن. ئەم بەرخە گەورە دەبێت و خوریەكەی لێناكەنەوە تا زۆر گەوەتر لە قەبارەی مەرەكان دەردەكەوێت. ئەو كات زەنگۆڵەی لە مل دەكەن و پێشی مەرەكانی دەخەن. زەنگۆڵەوان وا تێگایاندراوە، كە ماكەرەكە دایكێتی، بۆیە بەبەردەوامی دوای دەكەوێت، هاوكات مەركانیش زەنگۆڵەوان بە سەركردە و پێشەوای خۆیانی دەزانن و هەموویان دوای ئەو دەكەون، بەم شێوەیە خاوەن ماڵاتەكان كۆنترۆڵی مێگەلەكانیان دەكەن.
لە سیفاتە دیارەكانی زەنگۆڵەوان بەردەوام لە گەڵ سەگی شوانەكەدا تەنسیقی هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی مێگەلەكە. هەركاتێك مەرێك بیەوێت لە مێگەلەكە دەرچێت ئەم راستەوخۆ و زۆر بە توندی رووبەرووی دەبێتەوەو دیگەرێنێتەوە ناو مێگەلەكە.
لە روویەكیترەوە گرامشی تێروانین و بۆچون و شرۆڤەیەكی وردی بۆ ئەم واقعە هەیە، ئەم پێیوایە: كاتێك كۆن كۆتای دێت و نوێ هێشتا دروست نەبووە بە شێوەیەكی ئاسایی ئەم واقعە دەخوڵقێت. كاتێك بەها و پرنسیپ و مۆراڵە كۆنە كۆمەڵایەتیەكانی كۆمەڵگا كۆتایان هاتووە، لە جێگایاندا هیچ جێگرەوەیەك نەخوڵقاوە جۆرێك لە وەحشیگەرایی دەخوڵقێت، بەها و پرنسیپ و ئاكارەكان لە ماناو كاریگەری بەتاڵ دەبنەوە، بۆیە گەندەڵی و نادادی و هیچ و پوچی بڵاو دەبێتەو تا ئەو ئاستەی لە حاڵەت دەردەچێت و دەبێتە دیاردە و سیستەم.