شەرعیەتی میراتی سیاسی شكستی فەرمانرەوای كوردی ... موعتەسەم نەجمەدین

     میراتی سیاسی لە ئەزمونی گەلانی دواكەوتودا هۆیەكی سەرەكی كوشتن و بەتاڵكردنەوەی بەرجستەكردنی پرۆسە و پرنسیپی ئاڵوگۆری ئاشتیانەی دەسەڵاتە. ئەم فۆرمە لە جەوهەردا كەلتورێكی خۆرهەڵاتی، ئیسلامی، عەرەبیە، بەهۆی داگیركردنی كوردستانەوە و لە رێگای ئیسلامی سیاسیەوە پەریوەتەوە ناو پرۆسەی سیاسی كوردیەوە. لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ریشاڵێكی مێژوی دووری هەیە، درێژایی تەمەنی لەناو پرۆسەی سیاسی عەرەبیدا كردویەتیە نەرێتێكی سیاسی، ئەو زەمینە دەرونیە جەماوەریەی خوڵقاندوە بەردەوام ئەم فۆرمەیان قبوڵ بێت و راستەوخۆ دژایەتی نەكەن. بەرجەستەبوونی پرۆسەی درێژەدان بەمانەوەو بەردەوامبونی دەسەڵاتی تاكرەوی و دیكتاتۆری لە وڵاتانی دواكەوتودا بەرێگای ئەنجامدانی شەرعیەتی میراتگەری لە گواستنەوەی دەسەڵات لە باوكەكانەوە بۆ كورەكان دەبێت. ئەم ماریفەتە، كە لە ئەمرۆدا بوەتە نەرێتێكی سیاسی زۆربەی گەلانی دواكەوتوو، بە تایبەتی لە كوردستانی ئێمەدا ئەوەند شۆربوەتەوە بۆ ناو پرۆسەی سیاسی و كەلتوری خەریكە دەبێتە ئەو باوەرە جەماوەریەی، كە ئەستەمە بە بێ ئەم مۆدێلە جێگیريی سیاسی و ئارامی كۆمەڵایەتی و ژیانی ئاسودەی بە بێ گرفت و تەنگوچەڵەمە بروات بەرێوە. كورد ئەم ماریفەت و مۆدێلەی بە میراتی لە فۆرمی فەرمانرەوای عەرەبی و ئیسلامیەوە بۆ ماوەتەوە. ئەم فۆرمە لە ئەزمونی فەرمانرەوای هەردوو داگیركەری توركی و فارسیشدا هاوشێوەی وڵاتانی عەرەبی بوونی نیە. هەر یەك لەو دوو وڵاتە جۆرێكی جیاواز لە فەرمانرەوای و دەسەڵاتیان هەیە، بەڵام بە رامان لە ئەزمونی فەرمانرەوای عەرەبی بە هەردوو جۆری كۆماری و شانشینیەوە، پرنسیپی ئاڵوگۆری ئاشتیانەی دەسەڵات بوونی نیە و گواستنەوەی دەسەڵات لە زۆرینەی رەهای ئەم وڵاتانە لە سەر بنەمای شەرعیەتی میراتیە. بەواتە میراتی سیاسی بناغەی سەرەكی گواستنەوە و ئاڵوگۆری دەسەڵاتە. ئەمەیش بە شێوەیەك لە كوردستان تەشنەی كردوە، تەنیا بە پیرۆزكردنی سەرۆك و خێزانەكەی ناوەستێتەوە، بەڵكو تەواوی جەنراڵەكانی دەوروبەری سەرۆك و بەشێك لە تێكۆشەرە دێرینەكانیش بەشدار دەبن لەم پرۆسەیەدا. لەم واقعەدا هەر یەكێك لە جەنراڵەكانی حزب لە خوار سەرۆكەوە بە سەنگ و قەبارەی خۆی دەتوانێت پۆست و دەسەڵات و ئەو سامان و موڵكەی دەستی كەوتوە بگوازێتەوە بۆ كورەكانی.

     لە ئەزمونی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا ئەم فۆرمە لە فەرمانرەوای، لە سەردەمی دەسەڵاتی راشدیەكانەوە دروست بووە. لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەمەوی و عەباسیەكاندا بە تەواوەتی دەبێتە سیستم و فۆرمی فەرمانرەوای میراتگەراییدەبێتە تەنیا فۆرمی دەسەڵات و سیستمی سیاسی، بە هۆی دواكەوتوی عەقڵیەتی سیاسی و كۆمەڵایەتیەوە، شەرعیەتێكی جەماوەری وەردەگرێت. ئەم فۆرمە تا مێژووی نوێی سیاسی جیهانی لەم ناوچەیە بەردەوام دەبێت.

      لە دوای داروخانی ئیمبراتۆریەتی عوسمانیەوە، لە عێراقدا جارێكیتر دەمەزەرد دەبێتەوە. ئەم فۆرمە لەم وڵاتەدا لە گەڵ ئەوەی بەرواڵەت وەك فۆرمێكی نوێی سیاسی خۆی نمایش دەكرد، بەڵام بە هەمان سروشت و ئەجندای رابردوەوە بە بەرگ و سیناریۆیەكی جیاوازەوە جارێكیتر خۆی بە سەر پرۆسەی سیاسی عێراقدا سەپاند. ئەم مۆدێل و فۆرمە تا روخانی رژێمی بەعس بەردەوامی هەبووە. لە دوای پرۆسەی رزگاری عێراق و روخانی رژێمەكەی (سەدام حوسێن)ەوە، پرۆسەی سیاسی لە عێراق گۆڕانكاری بەسەردا هات. بە شێوەیەكی گشتی كوردستان و عێراق لە رووی فۆرم و مۆدێلی فەرمانرەوایەوە جیابونەوە، عێراق بە تایبەتی لە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2009ەوە بەرەو دامەزراندنی سیستمێكی (فەقهی) هاوشێوەی دەسەڵات و فەرمانرەوای ئێرانیەكان رۆیشتن. ئێرانیەكان سەركەوتوو بوون لە هەناردەكردنی شرۆشی شیعەگەرایی و چاندنی مۆدێل و سیستمی فەرمانرەوای خۆیان لە عێراقدا. مۆدێلی فەرمانرەوای ئێرانی بە تەواوەتی هەناردەی عێراق كرا. لە بەرامبەوردا لە كوردستان سیستم و مۆدێلی فەرمانرەوایی لە ژێر چەتری شەرعیەتی شۆرشگێریدا بەرەو مۆدێل و سیستمی میراتی سیاسی رۆیشتوە و تا ئەمرۆش بەردەوامە لەم ستایلە. لە كوردستاندا بە هیچ شێوەیەك پرنسیپی ئاڵوگۆری ئاشتیانەی دەسەڵات بونی نیە. بنەماڵەكان لە رێگای حیزبەوە فەرمانرەوای راستەقینە و دەسەڵاتن. سیستم و مۆدێلی فەرمانرەوايی و ئیدارەدانی حیزب لە سەر بنەمای شەرعیەتی شۆرشگێری و میراتی سیاسی بونیاد دەنرێت.

    لە راستیدا كاتێك سەرۆك دەگاتە بارێك لە پێناو مانەوەی لە لوتكەی فەرمانرەوايی و دەسەڵاتدا، دەستی بە خوێنی میللەتەكەی سور دەبێت و تێوەدەگلێت لە خیانەت و بەكرێگیراوی بۆ داگیركەران و بەرگی گەندەڵی و نادادپەروەری لە بەر دەكات، هیچ رێگایەك نامێنێتەوە بۆ بەرگریكردن لە خۆی و دەربازبوون لە سزا و تۆڵەكردنەوەی خەڵك لە خۆی و خانەواوادەكەی وەك ئەوەی لە چارەنوسی (سەدام حوسێن و قەزافی)دا بینیمان. لەم بارەدا جگە لە گرتنەبەری رێگای گواستنەوەی دەسەڵات لە دوای خۆی بۆ كورەكانی و بەرجەستەكردنی فۆرمی میراتی سیاسی و شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی نەبێت، هیچ هەڵبژاردەیەكیتری بۆ نامێنێتەوە.

     یەكەم قۆناغ لە پرۆسەی خۆسەپاندنی سەرۆك و بنەماڵەكەی لە تێكشكانی دامەزراوە سیاسی و مەدەنیەكان و ئیفلیجكردنی ئۆرگانەكانی حزب و حكومەتەوە دەست پێدەكات. بە ئیفلیجكردن و تێكشكانی ئۆرگان و دامەزراوە سیاسی و مەدەنیەكان زۆر بە ئاسانی بە سەر یاسا و پەیرەوی ناوخۆی حزبەكەیدا سەردەكەوێت، یان دەسەڵات و فەرمان و بریارەكانی زۆر لە پەیرەو و یاسا بەهێزتر و گەورەتر دەبن. لەم قۆناغەدایە سەرۆك و دارودەستەكەی بە تەواوەتی لە خەڵك و حزبەكەیشی دادەبرێت و حزب دەبێتە دامەزراوەیەك بۆ خزمەتكردنی سەرۆك و پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندیەكانی. هەر ئەمەیش هۆی سەرەكی ئەوەیە، كە سەرۆك و دەوروبەرەكەی وا هەڵسوكەوت دەكەن، كە ئەمان هیچ پێویستیەكیان بە خەڵك نەماوەو ئەوە خەڵكە پێویستی بە سەرۆك و دامەزراوە سیاسیەكەیەتی. لەم واقعدا گەل دەبێت تەنیا چاوەروانی بەزەی سەرۆك بێت، چونكە نەك خزمەتكردن و بەرژەوەندی میللەت دەپارێزن، بەڵكو ئارامی و ئاسایش و جێگیری سیاسی یەكسانە بە مانەوەی سەرۆك و سیستمەكەی. لەم بارەدایە تەواوی دامودەزگاكانی ئاسایش و سەربازی و بگرەتەواویئۆرگانەكانی رێكخراو بزوتنەوەو حزب و . . هتد، لە گیانی نیشتمان پەروەری و نەتەوەی دادەبرێن و ئەركی سەرەكیان دەبێتە پارێزگاریكردن لە سەرۆك و سیستمەكەی.

شەرعیەتی شۆرشگێری و میراتی سیاسی

    پرۆسەی دیموكراسی وڵات لە سێبەری ئەم جۆرە فەرمانرەوایە دەبێتە گەمەیەكی سیاسی و لە مانا و ناوەرۆكی دادەماڵدرێت. دیموكراسی بەوەی جگە لەوەی سیستمێكی كامڵ و رێكخراوە، كۆمەڵێك بەها و پرنسیپیشە، هەر كاتێك ئەو بەها و پرنسیپانە پێشێل بكرێت، دەرئەنجامی هەڵبژاردن، كە مەرجی سەرەكی دیموكراسیە، هەر چۆنێك بێت، هیچ بەها و گرنگیەكی نامێنێت و نابێتە سەرچاوەی دەستەبەركردنی شەرعیەتی سیاسی بۆ سەرۆك و دەسەڵاتەكەی. شەرعیەتی سیاسی لە پوخترین مانایدا رازیبوونی زۆرینەی جەماوەرە بە فەرمانرەوای و دەسەڵاتی سەرۆك و حزبەكەی، بەڵام كاتێك، كە زۆرینەی خەڵك بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن و بەشداری ئەم پرۆسە دیموكراسیە ناكەن و دەستبەرداری مافێكی شەرعی خۆیان دەبن، لێرەدا دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكە هەرچیەك بێت ناتوانی شەرعیەتی سیاسی بۆ فەرمانرەوای و دەسەڵاتی سەرۆك و حزبەكەی برەخسێنێت. لە راستیدا ئەمە كرۆكی ئەو قەیرانە سیاسیەیە، كە لە ئەمرۆدا سیستمی سیاسی كوردی پێوەیە دەناڵێنێت.

   شەرعیەتی شۆرشگێری و میراتی سیاسی لە ئەمرۆدا نەك تەنیا بونەتە گرفت بۆ گەلانی دواكەوتوو، بگرە تەواوی جیهانیان سەرقاڵی ئاستەنگێكی گەورە لە بەردەم پێشكەوتن و گۆڕانكاری سەرتاسەری جیهانی كردوە. نەبونی ئاڵوگۆری ئاشتیانەی دەسەڵات لە جەوهەردا قەیرانێكی فرە رەهەند و قوڵە و خۆركەی بەرجەستەكردنی هەموو پرۆژەیەكی ریفۆرمخوازی و بونیادنانی سیستمێكی دیموكراسی و دەسەڵاتی رەشیدە.

      لە مێژووی زۆرینەی رەهای گەلانی رزگاریخوازدا، بەتایبەتی لە قۆناغی دوای رزگاربوون و بونیادنانی دەوڵەت یان كیانێكی سیاسی نیشتمانیدا، ئەم دیاردەیە وەك قەیرانێكی ستراكچەری سەری هەڵداوە. تێكۆشەرە دێرینەكانی سەردەمی خەبات و شۆرشی رزگاری بە مافی خۆیان زانیوە تا لە ژیاندا بن فەرمانرەوای وڵات بكەن. هاوكات زۆرینەی رەهای ئەم فۆرمە دواتر بە هەمان شێوەی سیستمی رابردوو بە توندو تیژی و خوێنرشتن رۆیشتون و كۆتای دەسەڵاتەكەیان هاتووە. تێكۆشەرە دێرینەكان وڵات بە موڵكی خۆیان دەبینن و حزب و شۆرش و دەسەڵات وەك كۆمپانیایەكی هابوش دەبینن، بۆیە هەر یەكەیان لە سەرۆكەوە تا ئەندامانی سەركردایەتی و هەندێكجار خوارتریش بەشی خۆیان لە دەستكەوتەكان دەوێت، بەڵام پشكی شێر مافی سەرۆكی رابەرە و لە دوای خۆیشی ئەم پشكە دەگوتازرێتەوە بۆ منداڵەكانیان.

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu