چاوخشانێک بەسەر رۆڵی سوپای پاسدارانی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقێ لە شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا!
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
بە پشتبەستن بە ڕاگەیاندنەکانی سوپای پاسدارانی ویلایەتی فەقیهی ئێران، سوپای پاسداران لە شەوی ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ (2024) بە ٢٤ مووشەک هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستانی عێراق و ناو خاکی سوریا. پێش هەموو شتێک ئەم دەستدرێژیکردنە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەستپێشخەر و دەستپێکەری شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕژێمی ویلایەتی فەقێ بووە. چونکە ئەم مووشەکانە ڕاستەوخۆ لە ناوخۆی ئێرانەوە هاوێژراون و سوپای پاسداران بە فەرمی بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆ گرتووە و وەزارەتی دەرەوەی رژێمی ئێرانیش چەندین جار پشگیریکردنی خۆی لەم تاوانە راگەیاندووە!
ئێستا پرسیار ئەوەیە، بۆچی رژێمی ئێران بڕیارێکی ئاوا مەترسیداری دەرکردووە؟ لە کاتێکدا خامنەیی و ئۆرگانی سوپای پاسدارانیش زۆر باش دەزانن، درەنگ یان زوو، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی درک بەو ڕاستییە دەکات کە "سەری رەشەماری شەڕخوازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" لە "تاران"ە و ئەوانیش بە ناچاری "هەنگاوی بەرامبەر" دەگرنەبەر!
سەری رەشەماری ویلایەت لە تارانە!
ئەمە فۆرمولەیەکی وردە بۆ دۆزینەوەی ڕەگ و ڕیشەی زۆرێک لە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە خاوەن و ئاڵاهەڵگرەکەی، هەر ئەو تاکە لایەنە مەترسیدار و بەرانبەرە سەرەکییەی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی لە ئێرانە. واتا "ئەنجوومەنی نیشتمانی موقاومەتی ئێران"!
ئەم فۆرمولەیە باس لە ستراتیژییەکی رەسەن و بە پرەنسیپ و جەماوەری دەکات کە خاوەنەکەی، هەمیشە و لە چەند دەیەی ڕابردوو و بە تایبەتی لە چەند مانگی ڕابردوودا، سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانیی بۆ ئەم راستییە راکێشاوە و بانگەشەی بۆ داوە! چونکە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران، هەڵگر و خاوەنی کارنامە و پێشینەیەکی پڕ لە پێشێلکردنی بەها و یاسا مرۆییەکانە لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران!
تا ئێستا هیچ حکومەتێک بانگەشەی ڕووخاندنی دیکتاتۆری لە ئێران نەکردووە و هیچ تاک و لایەنێکی خەباتکار و جەماوەری لە ئێرانیش چاوی لەسەر شتێکی لەمجۆرە نەبووە و نییە. ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، کاری گەل و موقاومەتی ئێرانە. بەڵام سیاسەتی (سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت لە ئێران)، هەمیشە "بەربەستێکی گرنگ" بووە لەسەر ڕێگای بەرخۆدانی گەل و لە ئەنجامدا فاکتەری مانەوەی دیکتاتۆرییەت بووە لە ئێراندا. بە واتایەکیتر، ئەگەر سیاسەتی (سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت) نەبوایە، ئێستا دەسەڵاتی ئایینی بوونی نەدەبوو و بارودۆخی ئێران و ناوچەکەش جیاواز دەبوو!
زەمەن گۆڕاوە!
بە ڕاپەڕینی جەماوەری و سەرتاسەری لە ئێران لە ساڵی ١٤٠١ (2022)و بە تایبەتی شەڕخوازیی ئەمدواییەی حکومەتی ئایینیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕووبەڕووبوونەوەی گەل بەرانبەر دیکتاتۆرییەت "خاڵی وەرچەرخان"ی تێپەڕاند! و چەند هۆکارێکیشی ئەمانەن:
· هەموو گەلانی جیهان بینییان و بیستیان کە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی لە ئێران، دەسەڵاتێکی ناشەرعییە و خەڵکی ئێران نایانەوێت. ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە ئەم حکومەتە، نوێنەرایەتی خەڵکی ئێران لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ناکات!
· لە ماوەی 45 ساڵی ڕابردوودا، خەڵکی ئێران باجی زۆر قورسیان داوە بۆ ئازادی و دیموکراسی، نەک هەر بۆ ئێران، بەڵکو لە مێژووی گەلانی جیهاندا و لە پێناو گەیشتن بە ئازادی و مافی مرۆڤدا!
· سیاسەتی (سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت) هەمیشە لە خزمەتی مانەوەی دیکتاتۆرییەتدا بووە و یەکەم قوربانی ئەم سیاسەتە ترسناکەیش، خەڵکی ئێران بووە!
کەواتە، دۆزینەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە ئەوەندە قورس نییە! چونکە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێراندا زۆر لاواز و ناسک کراوە و بەرەو داڕمان و رووخاندن دەچێت. ئەم دەسەڵاتە، لە پرۆسەی داڕماندا، پەنا بۆ هەموو تاوانێک دەبات، ئەمەش یەکێکە لە نیشانەکانی بەرەوکۆتایی چوونی ئەم دەسەڵاتە!
ئەگەرچی لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی جیهاندا و لە ناو خەڵک و موقاومەتی ئێراندا گومانی تێدا نەبووە کە دەستپێکەری شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقێهی بووە، بەڵام مووشەکبارانکردنەکانی ئەمدواییەی هەرێمی کوردستانی عێراق و سوریا و پاکستان، لە لایەن سوپای پاسدارانەوە هیچ گومانێکی نەهێشتەوە کە "سەری رەشەماری ویلایەتی فەقهیی شەڕانگێز لە تاران"ە.
ئیدیعای گاڵتەجاڕانەی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی دەربارەی شەڕخوازی و مووشەکبارانکردنەکەی ئەمدواییەی، سەبارەت بە (پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵات)، وەبیرهێنانەوەی ئیدیعا و ناونانی شەڕی هەشت ساڵەی ئەم ڕژێمەیە بەرانبەر بە عێراق لە ژێر ناوی (دیفاعی موقەدەس) واتە "بەرگریکردنی پیرۆز". شەڕێک کە (خومەینی) بونیاتنەر و دەستپێکەر و هۆکاری سەرەکی بوو تیایدا و سازشکارانی ڕۆژئاوایی "یارمەتیدەرە نەبینراوەکانی" بوون، واتا (ئیمدادگەرانی غەیبی). بەڵام هەر لە سەرەتاوە بۆ خەڵک و بەرخۆدانیان روون و ئاشکرا بوو کە، شەڕهەڵایساندن و شەڕفرۆشیەکانی رژێمی ئێران، پۆششێک بوو بۆ سەرکوتکردنی ئازادییەکان لە ناوخۆی ئێران و لەباربردنی دیموکراسی لە ناو کۆمەڵگای ئێراندا!
لە کارنامەی ڕژێمی ویلایەتی فەقیهیدا "شەڕفرۆشتن" و "هەناردەکردنی تیرۆریزم" ناو نراوە (بەرگریکردنی پیرۆز) و (پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی)، "سەرکوتکردن و ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان و کوشتنی نەیاران" ناو نراوە (سزای ئیسلامی) و هەر نەیاربوونێک بەرانبەر بە دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهیش بە (دژایەتیکردنی ئیسلام) ناوزەد کراوە! هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە زیاتر لە چل ساڵە خەڵک و موقاومەتی ئێران، لە هەوڵی ڕووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینیدان لە ئێران و پاشەکشەیان نەکردووە لەم داواکارییە ڕەوایە و تێچووی زۆریان بۆ داوە. گەل و موقاومەتەکەیان پێیان وایە ئەم دەسەڵاتە، دوژمنی ئێران و دوژمنی ئیسلام و دوژمنی خەڵکی ئێران و ناوچەکەیە. هەر لە بەر ئەمەشە دەسەڵاتی ئێران لە ڕاپەڕینی گەل و بەردەوامبوونی راپەڕین بە تەواوی تۆقاوە!
مێژووی هەموو نەتەوەیەک، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە، گەل ئەوەی دەیەوێت بەدەستی دەهێنێت. بە تایبەت کە ئێستا خەڵکی ئێران خاوەن تۆڕێکی بەرفراوانی ناوەندەکانی شۆڕش (کانونەکانی شۆڕش)ە لە سەرتاسەری ئێران. ئەم ناوەندانە سەرنجیان لەسەر پانکردنەوەی سەری ماری ویلایەتی فەقێهی و کۆتاییهێنانە بە کارنامەی لێوانلێو لە تاڵان و کوشتن و شەڕخوازاییەکانی ویلایەتی فەقیهی و، بە تایبەتی نەهێشتنی ئۆرگانی سەرکوتکردن و کوشتاری گەل، واتە سوپای پاسداران. هەروەک چۆن (دیکتاتۆرییەتی شا)یان بۆ هەمیشە رووخاند، دۆسیەی ئەم دەسەڵاتەیش دابخەن. ئەوان موژدەهێنەری ئارامی و ئاسایش و پێکەوەژیانی هێمنانەن لە ئێران و ناوچەکەدا!
***