شەڕخوازی لە دەرەوە و لەسێدارەدان لە ناوخۆی ئێران! ... عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

لە لێژایی نەمانی دەسەڵاتی مەزهەبی لە ئێران، (عەلی خامنەیی) وەک هەموو دیکتاتۆرەکان، شەپۆلی ستەم و سەرکوت و ئەشکەنجە و ئێعدام و کوشتنی خەڵکی زیاد کردووە. بە پێی ئاماری باوەڕپێکراو، ئەم رژێمە لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا زیاتر لە ٤٠٠ کەس و لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا نزیک بە ٩٠٠ کەسی لە سێدارە داوە. پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا ئەم ژمارەیە زیاد بکات! بۆچی?!

تێڕامانێک لە دۆخی ئێستای دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی، یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ گەیشتن بە وەڵامی ئەم پرسیارە. دۆخی رژێمی ویلایەتی فەقیهی لە ناوەڕاستی دەیەی پێنجەمیدا، لار و لەرزۆک و ناسکە و رێگاکانی گەڕانەوە بۆ هاوسەنگی پێشوو بەڕوویدا داخراوە! ئەمە پرۆسەیەکی زانستی و لۆژیکی و حەتمییە. چونکە هەموو تاکتیکەکانی مانەوەی لە دەسەڵات بەکارهێناوە و ئێستا هیچ بژاردەیەکیتری نییە جگە لە رووخان و نەمان؟

بە واتایەکیتر، ئەم دۆخەی رژێمی ئێران، کۆتایی هەموو دیکتاتۆر و دیکتاتۆرییەکان بووە کە ناچار بوون پێیدا تێپەڕن و بڕووخێن و رووخاون. دەسەڵاتی دیکتاتۆری حەمەڕەزاشا، نموونەیەکی کۆنکرێتی ئەو راستییەیە کە لە ساڵی ١٣٥٧ (1979 )لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە رووخێنرا و کۆتایی پێهات!

لە گەڕان بەدوای هۆکارەکانی ئەم دۆخەدا، کە راگوزەر و کاتییە و ئاسۆیەکی روونیش دەخاتە بەرچاو، چەند هۆکارێکی سەرەکی و گرنگ هەن: 

لەناوخۆی ئێراندا خەڵک تووڕەن و بە هیچ شتێک کەمتر لە رووخاندنی دیکتاتۆریەتی ویلایەتی فەقیهی رازی نابن. بە تایبەت ئێستا کە ناوەندەکانی شۆڕش (کانونەکانی شۆڕش) لە هەموو ئێراندا بڵاوبوونەتەوە و سەرکردایەتیکردن و رێنوێنیکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانیان گرتۆتە دەست. ئەم ناوەندانە، بە چالاکیی رۆژانەیان، بوونەتە خاڵی ئومێد بۆ خەڵکی ئێران لە پێناو گەیشتن بە ئازادیدا.

هەموو بەرنامە و پیلان و بەشەیتانکردنی لایەنانی راپەڕینکار و شۆڕشگێڕی بەرخۆدان لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە و لە پێناو بە لاڕێدابردنی بیروڕای گشتی و پەراوێزخستنی هێزی سەرەکی موقاومەتی ئێران شکستی هێناوە. تەنانەت رۆڵی تێکدەرانە و ماڵوێرانکەری پاشماوەکانی دیکتاتۆریی پێشوو و ئیمدادگەرانی غەیبی و رۆژئاواییش، نەیانتوانی قەیرانی رووخاندنی دیکتاتۆری لە ئێران چارەسەر بکەن!

سیاسەتی (سازان لەگەڵ دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی لە ئێران) کە هەمیشە وەک ئاستەنگ لە بەرانبەر راپەڕینی گەل رۆڵی هەبووە، شکستی هێناوە و ئێستایش خزمەت بە مانەوەی ئەم دیکتاتۆرییەتە دەکات لە هەڵایسانی شەڕ و شەڕئەنگێزی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا!

شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە راستیدا دوو لایەنی هەیە. لە لایەک دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینیی ئێران و بە تایبەتی باسکە سەربازییە مەترسیدارەکەی، واتە (سوپای پاسداران) و هێزە هاوتەریبەکانی، و لە لایەکی دیکەشەوە خەڵکی ئێران و خەڵکی ناوچەکە. بە واتایەکیتر، شەڕی سەرەکی لە نێوان دەسەڵاتی دیکتاتۆری مەزهەبی و خەڵکی ئێراندایە کە پێشهاتەکانیتری ناوچەکە یەکلایی دەکاتەوە!

لە ناوەند و کانگای ئەو شەڕە سەرەکییەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، شەڕخوازیی وەلی فەقێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشبینیکراو بوو. شەڕخوازیی دەسەڵاتی وەلی فەقێ کە "دیاردەیەکی شووم و دڵتەزێنە"، نەک هەر نەیتوانی و ناتوانێ رێگری لە رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی بکات، بەڵکو خێراتریشی دەکات و بیر و رای گشتی لە جیهان هان دەدات بۆ پشتیوانیکردن لە راپەڕین و بەرخۆدانی گەل لە ئێران!

راپەڕینی جەماوەری ساڵی ١٤٠١ راپەڕینێکی نەک جیاواز نییە لە راپەڕینەکانی رابردوو، بەڵکو خاڵی پێگەیشتن و درێژەی راپەڕینەکانی پێشووە و بەتایبەت تەواوکەری راپەڕینی خەڵکی ئێرانە لە ساڵی ١٣٥٧ (1979) لە دژی دیکتاتۆرییەتی حەمەڕەزاشا. گەلی ئێران و خۆڕاگریی ئێران بەبڕیارن بۆ بنبڕکردنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران بۆ هەتا هەتایە! ئەزموونەکان دەریانخستووە کە موقاومەتی خەڵکی ئێران ئەوەی دەیەوێت و پلانی بۆ داناوە و بەتایبەتی (ئازادی)، بەدەست دەهێنێت!

تا ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا "ستراتیژییەکی دروست"ی نەبووە. ستراتیژیی دروست بریتییە لە "داننان بە خەباتی خەڵک و موقاومەتی ئێران بۆ رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆری" و پاشان "دامەزراندنی ئەڵتەرناتیڤێکی دێموکراتیک" کە پابەندە بە جیابوونی ئایین لە دەوڵەت، یەکسانبوون نێوان ژنان و پیاوان، خودموختاریی نەتەوەکان، . هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ئێرانێکی کۆماری و نائەتۆمی و فرەیی و پابەند بە ئاشتی و دۆستایەتی لەگەڵ جیهاندا.

ستراتیژیی دروست، رووخاندنی رژێمی ئێرانە لەسەر دەستی خەڵک و موقاومەتی ئێران. لەبیرمان نەچێت، ساڵی رابردوودا، سیاسەتی سازانی حکومەتەکانی رۆژئاوا لەگەڵ دەسەڵاتی ئایینی لە ئێران، ویلایەتی فەقیهی لە ئێران هارتر و رووقایمتر کرد. ئەو شەڕە نەگریسەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئاڕادایە، بەرهەمی مانەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و سیاسەتی سازانە لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە. لە کاتێکدا هەر لەسەرەتاوە روون بوو کە "سەری ماری ویلایەتی فەقیهی لە تاراندایە" و پەیڕەوکردنی ئەم فۆرمولەیە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە!

ئامانجی سەرەکیی عەلی خامنەیی لە چڕکردنەوە و درێژەدان بە شەپۆلی سەرکوت و ئێعدام لە ناوخۆی وڵات و شەڕخوازی لە دەرەوەی سنوورەکاندا، (بەر لە پاراستنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری و دوورکەوتنەوە لە قەیرانی نەمانی دیکتاتۆرییەت) بۆ "شێواندنی" سنووربەندی و بەها مرۆیی و سیاسییەکان و دووبەرەکینانەوە لە ریزەکانی گەل و لایەنە سیاسییەکاندا بووە، کە هەرچەند کورتخایەنە و ناتوانێت چارەسەرێکی درێژخایەن بێت بۆ دەرچوون لە قەیرانی رووخاندن، بەڵام بێ کاریگەری نەبووە. لایەنە بەرژەوەندیخوازەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران، لاگر و کڕیاری تاکتیکی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە بوون کە دەرئەنجامەکەیشی، رشتنی خوێنی زیاتری خەڵک و رۆڵەکانی خەڵک بووە لە ئێران و ناوچەکەدا.

هێزەکانی ناو ئۆپۆزسیۆنی رژێمێک، هەمیشە قاعیدەی بەرخۆدانن بەرامبەر بە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر. بە واتایەکیتر ئۆپۆزسیۆنی رژێمێک، هەرچەندە نوێنەرایەتی رێژەیەکی فراوانتری گەل دەکەن لە دژی دیکتاتۆرییەت، بەڵام (بەرخۆدانی گەل) هەڵگری شۆڕش و گۆڕانکارییەکی ریشەیین لە وڵاتدا، کە خاوەن رێگەچارەی بنەڕەتین بۆ چارەسەری کێشەکان. هەر لەبەر ئەمەشە کە رژێمە دیکتاتۆرەکان لە ئێران هەمیشە لە "ترسی تایبەت"دا بوون و تۆقاون لە بوونی بەرخۆدان و یەکە و ناوەندەکانی شۆڕش!

دەرەنجامەکان: 

ڕژێمی دیکتاتۆری ناتوانێت خۆی لە رووخاندن بەدوور بگرێت. هەروەک چۆن ئێران و خەڵکی ئێران بە هیچ شتێک کەمتر لە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت رازی نابن. لە بەرامبەر "بازنەی بچووکبوونەوەی دەسەڵات"، پێویستە "بازنە لە بەرەی گەل"دا بەرفراوانتر بکرێت و "بەرخۆدان" بەهێزتر و داواکاری و دروشمەکان لەگەڵیدا رێک بخرێت. هەربۆیە پێویستە پیلانگێڕان و خەوشدارکردنی سنووربەندییەکان و لاوازکردنی بەرەی گەل، (کە لە لایەن دەسەڵاتی دیکتاتۆریییەوە کاری بۆ دەکرێت) پووچەڵ بکرێنەوە و ریزەکانی گەل و بەرخۆدانی گەل پتەوتر بکرێن و هەموو فێڵ و تەکتیکی رژێمی ویلایەتی فەقیهی، پێچەوانە بکرێتەوە بەسەر دیکتاتۆرییەتدا. ئەم فۆرمولە، لێکدانەوەیەکیتری فۆرمولەی "سەری ماری ویلایەت لە تاران"ە، کە پێویستی بە پۆلیشکردنی ئیرادە و قۆڵ هەڵماڵینە بۆ درێژەدان بە خەبات  و تێکۆشان لە پێناو گەیشتن بە سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆرییەتدا. بەم شێوەیە دیکتاتۆرییەت لە ئێران و ناوچەکەدا کۆتایی دێت!

***

Related Articles

نووسەرە کۆنەکان