ئێران..کات بە زیانی دیکتاتۆرییەتە!

چاوخشانێک بەسەر شانۆی هەڵبژاردنی ئەمساڵی رژێمی ئێراندا

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

عەلی خامنەیی، کە رژێمەکەی بەرەو هەڵدێر و نەمانە، بە نیازە نومایشی هەڵبژاردن ئەنجام بدات کە بێگومان ئەمەش حیسابێکی هەڵەی کوشندەترە بۆ چارەنووسی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی لە ئێران. چونکە زەنگی کۆتایی تەمەنی ئەم دەسەڵاتە لەگەڵ راپەڕینی ساڵی ٢٠٢٢ و بەتایبەتی شەڕخوازییەکەی ئەم دواییەی رژێمی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێدراوە و هەموو شتەکان ئاماژەن بۆ "سەرەتای رووخاندنی ئەم دەسەڵاتە ئایینیەی ئێران" " و "پانکردنەوەی سەری ماری ویلایەتی فەقێ". ئەمە کۆدەنگیە لە بیروڕای گشتی کە سەردەم گۆڕاوە و هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ رابردوو و ئارامی و سەقامگیری و ئاسایش لە ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها بە رووخاندنی ئەم دیکتاتۆرییە شەڕخواز و تیرۆریستییە مەیسەر دەبێت و دەکرێت!

ڕاپەڕینی یەک لە دوای یەک!

ڕاپەڕینەکانی چەند ساڵی رابردوو لە ئێران، هەرکام هەوێنی راپەڕینێکی گەورەتر و جەماوەریتر و رادیکاڵتر بوون. لە راپەڕینی مانگی یەکی ساڵی ١٣٩٦(2018)ەوە کە تیایدا پڕۆژەی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزمی "چاکسازی" لەناو دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهیدا لە بار برا، راپەڕینی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ (2019)دەستیپێکرد کە تێیدا رژێمی ویلایەتی فەقیهی تاسا و خامنەیی ناچار بوو هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ئێران ببڕێت و زیاتر لە ١٥٠٠ راپەڕینکاری ئێرانی خەڵتانی خوێن بکات. لە دڵی ئەم راپەڕینەوە راپەڕینی ساڵی ١٤٠١ سەری هەڵدا، کە بە رشتنی خوێنی کچێکی کورد بە ناوی مەهسا (ژینا) ئەمینی لە تاران لە لایەن پیاوانی ئەم رژێمەوە دەستی پێکرد و کۆڵەکەی داڕزیوی ویلایەتی فەقیهی لەرزاند و دیمەنی سیاسی ئێرانی بە تەواوی گۆڕی  و دۆخەکەی بە قازانجی خەڵک وەرچەرخاند.

لە راپەڕینی ساڵی ١٤٠١دا دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبیی ئێران لە بەرانبەر راپەڕینی گەلدا شکستی هێنا و هەموو مار و مورەکانی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم ریسوا کران و خامنەیی بڕیاریدا جگە لە کوشتار لە ناوخۆی ئێران، پەنا بۆ شەڕخوازی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران ببات هەتا بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت دەسەڵاتی خۆی لەسەر پێ رابگرێت. واتە ئەو دۆخەی ئێستا هەموومان لە ئێران و ناوچەکە و جیهان دەیبینین.

دیکتاتۆرییەتێکی کۆڵەوار!

ئەوەی لە کەس شاراوە نییە و کەم تا زۆر هەمووان لەسەری کۆکن ئەوەیە کە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی، هیچ تاوانێکی بۆ مانەوەی رژێمەکەی لە کات و شوێنی جیاوازدا رانەگرتووە. هەر لە بە شەیتانکردنی موقاومەتی ئێرانەوە بگرە تا دەگاتە "قەتڵە زنجیرەییەکان" و تیرۆرکردنی قەشەکان لە ناوخۆی ئێران و کوشتاری خەڵک لە وڵاتانی دراوسێ و تەقاندنەوەی شوێنە پیرۆزەکان لە عێراق و لکاندنی بە موقاومەتی ئێرانەوە و تا دەگاتە کوشتار بە تەقاندنەوەی بۆمبا لە شاری کرمان، بەمەبەستی بە لاڕێدابردنی بیروڕای گشتی و چەندین شەڕخوازی و شەڕهەڵایسان لە عێراق، سوریا، یەمەن، لوبنان، فەلەستین و هتد، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە هەرکات میتابۆلیزمی مانەوەی ئەم رژێمە تێکچووە، تاوانی قێزەونی ئەنجام داوە و تەنانەت بەشێک لە ئەندامانی خۆیشی خواردووە!

بەڵام بەهۆی هۆشیاربوونی گەل و رەسەنبوونی موقاومەت لە ئێران، هەموو ئەم فرت و فێڵ و تەڵەکانەی دیکتاتۆرییەت، کەمێک دواتر ئاشکرا بوون و شکستیان هێناوە و راپەڕینی گەلیش نەوەستاوە و تا رووخاندنی ئەم دەسەڵاتە بە بەردەوامی ماوەتەوە.

چەند پرسیارێکی بنەڕەتی!

ئایا دۆخی ئێستا بەردەوام دەبێت؟ ئایا خامنەیی دەتوانێت لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، ئایا گەل لە بەردەوامبوونی راپەڕین و رووخاندنی ئەم دەسەڵاتە دڵسارد بۆتەوە و دەست هەڵدەگرێت؟ ئایا کۆمەڵگای جیهانی دەتوانێت چیتر ئەم رژێمە لە کۆمەڵگاکەی خۆیدا قبوڵ بکات؟ وە زۆر پرسیاریتر کە بە یەک وشە وەڵام دەدرێنەوە: "هەرگیز!".

نمایشی هەڵبژاردن لە ئێران!

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ویلایەتی فەقێ هەڵبژاردن بوونی نییە. ئەوەی هەیە، پێشێلکردنی دیموکراتییەت و پێشکەوتن و شارستانیەتە. چونکە بنەمای بەشداریکردن لەمجۆرە نمایشانەدا، پابەندبوونە بە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی. کەوایە نمایشی هەڵبژاردنی ئەمساڵی رژێم لە هەموو ساڵێکیتر سەرنجڕاکێشترە. وەک کەسێک وایە کە لە "زلکاوی مەرگ"دا گیری خواردبێت و چنگ بۆ هەر گژ و گیایەک رابکێشێت!

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهیدا، پاڵێوراو و کاندید نوێنەری گەل نییە، بەڵکو دەبێتە نوێنەری وەلی فەقێ لەناو خەڵکدا و ئەو کەسەی دەنگ دەدات، خائینە یان کەسێکی نەزانە. رەتکردنەوەی سەڵاحییەتی پاڵێوراوانیش ئەمساڵ، لە تەمەنی ئەم رژیمەدا بێ وێنەیە، تەنیا ئامانج لەمکارە، گرژبوونەوەی هەرچی زیاتری ئەم رێژیمەیە و یەکێکە لە دوانیشانەکانی قۆناغی کۆتایی دیکتاتۆرییەتی ئایینی و هیچ پەیوەندییەکی بە خەڵکی ئێرانەوە نییە. جا چ ئەوانەی بە شایستە یان ناشایستە دیاری دەکرێن، لە بەرەی گەلدا نەبوون و نین. خواست و کێشە و مەبەستی ئەوانە، لە دژی خەڵکی ئێرانە و بۆ تاوان و بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی زیاتری خەڵکە!

بە درێژایی مێژوو چارەنووسی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەتەکان هەر ئەوە بووە. ئەوەی گەل بە گشتی و هێزە سیاسییەکان بە تایبەتی دەیکەن، تەنها کورتکردنەوەی  "کات" و "گۆڕینی میکانیزمەکان"ە لەم رێڕەوەدا کە بەدڵنیاییەوە لەبەردەستدان و خەڵک و هێزە شۆڕشگێڕەکانی کۆمەڵگا ئەوەی دەیانەوێت بەدەستی دەهێنن!

قسەی روون!

ڕێبەری موقاومەتی ئێران بەڕێز مەسعوود رەجەوی لە یەکێک لە پەیامەکانی ئەم دواییەی خۆیدا سەبارەت بە شانۆی هەڵبژاردنی رژێمی ویلایەتی فەقێ دەڵێت: "دەنگی گەلی ئێران بە توندی، بۆ رووخاندنی دیکتاتۆری مەزهەبییە". دەشڵێت: "دەنگدان لەم دەسەڵاتەدا، دژی ئیسلام و ئێرانە و خستنە ژێرپێی خوێنی شەهیدانە. ئەوەی لەم دەسەڵاتەدا دەنگ بدات یان خائینە یان نەزانە!"

هەڵبژاردن لە دوو روانگەی دژبەیەکەوە!

هەڵبژاردن لە روانگەی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی و گەلەوە دوو مانای دژ بەیەکی هەیە:

• لە روانگەی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەوە، بازنەی هەڵبژاردن بریتییە لە "باوەڕمەندبوون بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری " کە بنەمای لەسەر "ویلایەتی فەقیهی"ە.

• لە روانگەی خەڵکدا، هەڵبژاردن، بە واتای "هەڵبژێردراو لەلایەن خەڵکەوە"یە. واتە ئەو خەڵکەی ئەم دەسەڵاتەیان ناوێت و داوای مەرگ و نەمانی ئەسڵی ویلایەتی فەقیهی دەکەن.

ناسنامەی دیکتاتۆریی ئایینی!

عەلی خامنەیی، لە یەکێک لە وتارەکانی ئەم دواییەیدا سەبارەت بە شانۆی هەڵبژاردنی ئەمساڵ لە ئێران، نەیاربوون لە بەرانبەر ئەم شانۆیەی، بە "دژایەتیکردنی ئیسلام" ناو برد. خامنەیی وتی: هەڵبژاردن ئەرکە و هەرکەسێک دژایەتی هەڵبژاردن بکات، دژایەتی کۆماری ئیسلامی و دژایەتی ئیسلامی کردووە". واتای ئەم بۆچوونەی خامنەیی بریتییە لەوە کە زۆرینەی خەڵکی ئێران دژی "کۆماری ئیسلامی" و دژی "ئیسلام"ن. کەواتە کوشتنیان "شەرعی" و "بێ کێشە" و "حەڵاڵ"ە. ئەمە فەلسەفەی بیرکردنەوەی کەسێکە کە خۆی بە "وەلی فەقێ" و رێبەر و سەرپەرشتی گەل دەزانێت!

لەبەرچی خیانەت؟ بۆچی نەفامی و نەزانی؟

بەشداریکردن لەم شانۆیەدا، "خیانەت" یان "گەمژەیی"یە. چون دەسەڵات ناشەرعیە. لە شانۆی هەڵبژاردنی چەند ساڵ بەر لە ئێستا، پاسدار (ئەحمەد قالیباف)، کە یەکێک بوو لە پاڵێوراوانی ئەو کات، رایگەیاندبوو کە دەسەڵات پێگەی جەماوەریی نییە و ئەوپەری، ٤٪ی ئاپۆرەی ٨٥ ملیۆنی ئێران پێکدەهێنێت.

ئێستا بە لە بەر چاوگرتنی راپەڕینە جەماوەرییەکانی چەند ساڵی رابردوو و قەیران و پێشهاتەکانی گۆڕەپانی ئێران  و تاوانکارییەکانی ئەم رژێمە و بارودۆخی خراپی ژیان لە ئێران، بە دڵنیاییەوە مەودای نێوان خەڵک و دیکتاتۆرییەت لە هەموو بوارەکاندا زیادی کردووە و ئەوەی لە جیهانی واقیعدا بوونی هەیە، "دەسەڵاتێکی زۆر لاواز و بچووک"ە لە بەرانبەر "ئاپۆرەیەیکی تووڕە و پڕ رق و قین و برسی و ئامادەی راپەڕین و شۆڕش" لە ئێران.

رێگەخۆشکردن بۆ ساختەکاری!

بە پێی ئەوەی وترا و بە پێی ئەزموون و هەڵسەنگاندن و پێناسەکردنی راستەقینەی کۆمەڵگای ئێران، ئەوەی وەلی فەقێ و کاربەدەستان و نوێنەرانی خامنەیی لە ناوچە و داوودەزگاکان و سێ هێزەکەی دەسەڵات لە ئێران دەیڵێن و دەیڵێنەوە، تەنها بۆ رێگەخۆشکردنە لە پێناو شانۆی هەڵبژاردن و بەرزکردنەوەی ئامار و ئەژماری بەشداربووان لە شانۆی هەڵبژاردن کە لە مێژووی ئەم رژێمەدا بێ وێنەیە!

دوا وشە، سەری ماری ویلایەتی فەقێ لە تارانە!

ئەم فۆرمولە، واتا و کورتکراوەی ستراتیژیی موقاومەتی ئێرانە، کە تا ئەم رژیمە لە سەر کار بێت، شەڕخوازی، شەڕئەنگێزی، ناسەقامگیری، نەبوونی ئاسایش، رشتنی خوێنی خەڵکانی بێتاوان، بە تاڵان بردنی ماڵ و مۆڵکی گەل و تیرۆرکردن لە ئێران و ناوچەکە و جیهان بەردەوام دەبێت. کەواتە دەبێت سەری ئەم مارە لە تاران پان بکرێتەوە!

بەڵێ، ئەمڕۆ "ئا"، کەواتە سبەی درەنگ دەبێت!

Related Articles

نووسەرە کۆنەکان