١٦ مارتی ١٩٨٨لە قەرەداخ. . . حەمەسەعی باپیر

باڕابورد و نەسڕرێتەوە ونەمرێت. . گیڕانەوە چارە سەرە. . .

{گێرانەوە، مرۆڤی کرد بەخاوەنی فەرهەنگ و شارستانی. .
ئەگینا، فەرقێکی نەدە بو لەگەڵ ئەسپ و سەگ و گاجوتەکەی. . . }

ئەمڕۆ ١٦ مارتە. . . یادی ڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجەیە لە ١٩٨٨دا. .
ئەو کاتە من لە دێی (بەلەکجاڕ) گیرسابومەوە، لەخانویەکی چۆڵ کراو دابوم، خاوەنەکەی لەشاردا بون، ماڵی (شیخ محەمەدی بەلەکجاڕ) ی مەشهورن، کاتی شارو خوێندنم لە کۆتایی حەفتاکان دا کوڕێکی بەناوی (ناسیح) هاوپۆلم بو لە قوتابخانەی (ئامادەیی سلێمانی)، بەوەی ڕۆژمێرێکی (هاوسەر) ی بەرباخەڵی لەوی بەجێ مابو، ڕۆژانەی خۆی تیا یاداشت کرد بو، دواتری ئەوساڵە (ناسیح) م لە ئێران بینیەوە. .

لەوبەری جۆگەو بەری ڕۆژەهەڵاتی دێ یەکە، بەدوری چەند سەد مەترێک، مقەڕی تیپی ١٧ زمناکۆی لێ بو، پێش ئەوەی کاک (عومەر فەتاح) بێت ومەڵبەندی یەک بباتە ناو قۆپیەکانەوە، ئەو خانوانە بۆ مەڵبەندی یەک لە خشتی کاڵ بەڕێکو پێکی دروست کرابون و لەوان بەجێ مابون. .

لەوێدا بەنزیکی مقەڕی تیپەکەوە، هەندێک ماڵی پێشمەرگەی لێ بون، دینەمۆیەکی کارەبایی مەڵبەند یان بۆبەجێ هێشت بون، لە ئێواران ودنیا تاریک بونەوە تا دوانزەی شەو، کارەبای دەدا بە مقەڕو ئەو ماڵە پێشمەرگانە ی ئەوێ، کە بریتی بو لە ماڵی کادیرو پزیشک وپێشمەرگەی خاوەن پلە. .

هەروەها خەستەخانەیەکی لێ بو پێش تر هی مەڵبەند بو، بە وەی بزانم، دوکتۆر (فایەق گوڵپی) و دوکتۆر (ناسیح) لەوێ بون، ناوی دوکتۆری ترم لەیاد نیە. .

هەروەها بەشی دانسازی و پزییشکی دانیشی لێ بو من لەوماوانەدا، خرێ یەکی شەویلاگی پشتەوەم لەو خەستەخانەی بۆ کێشرابو. .

ماڵەکانیش لەیادم بن ماڵی (جەمیل هەورامی) سەرتیپی ١٧زمناکۆ و دوکتۆر (فایەق) و (شیرکۆ جدی) و (مەلا ئەحمەدی دسکەرە) کە جێگر تیپی ١٧زمناکۆ بو ماڵی (حەمە رەزا) کە ڕابەر سیاسی تیپ بون و ماڵی (شێخ عەلی شیخ حەمەساڵح) ئەندام مەڵبەندو بەرپرسی پەیوەندیەکان وبرازای مام جەلالیش بو، ماڵی باوکی کاک (حسەین ژاژڵەیی) بەرپرس و ئەندامی سەرەکی (ڕیکخستنی شۆڕشگێڕان ــ یەکێتی ــ) بو برای شەهید مامۆستا (غەفورژاژڵەیی) وهەندێک ماڵی تر کە بەهەموی هێندەی دێ یەکی تر دەبون، شوێنکەوتەکەی لە نێوان دێی (بەلەکجاڕ) و دێی (بەڵخە) دا بو. .

هەروەها لە بناری شاخ و نزیک بناری قۆپی بەلەکجاڕمەقەرەکانی (خزمان) ی لێ بون ــ بەوانە دەگوتران کە ئێرانی و یان لە ئێرانەوە بۆ ئەو ناوچانە هات بون پاش رێکەوتنی یەکێتی لەگەڵ ئێران داــ کە بە (پاسدار) و (قوات بەدر) و حیزبی (دەعوە) وحیزبی (عەمەل) ی ئیسلامی دەگوترا، ئەمانە دوبەشی ناوچەکەیان کرد بوبەخاڵی مەترسی بۆ حوکومەتی عێراق، عێراقیش لە بۆردومان بێ بەشی نەدەکردن. .

ئەمانە هەمو بەبناری قۆپی قەراخەوە بون. . بەڵام لەو بەری چەمەوە ڕیزە (شاخی قەڵا قایمەز) ی بەرامبەر بون بەقۆپیەکان، ناوی دێ یەکانی بنارەکەی لەسەری دەربەندیخانەوە لە سەرەتاو بناری قەڵاقایمەز، بەریزەوە، بریتی بون لە دێی (کەڵۆش)، (مەسۆیی)، (سەوسێنان)، (بەردێ)، (کۆشکی سەروــ بنار ــ)، (کۆشکی خواروــ سەر چەم ــ) تادەگەیشتەوە (ئەستێڵی خوارو ــ سەرچەم ــ) . . لەوێدا (چەمی سمۆر) و وبۆ سەر (چەمی دێوانە)، بەری قۆپی و قەڵاقایمەزی کردووە بە دو بەرەوە. .

ڕۆژەکانی پێش (١٦ـ ٣ ـ ١٩٨٨)، بەتایبەت دوای (ئەنفالی یەک) ی سەرکردایەتی و بەدوای دا گرتنی هەڵەبجە. لە مانگی شوبات و مارت دا دەکەوێتە نێوان (ئەنفالی یەک) و (ئەنفالی دو) دا لەو ماوەیەدا هەڵەبجە گیرا لەلایەن ئێران و یەکێتی هێزە کوردیەکانەوە، هەروەها لە و ماوەیەداو لە بەرواری ١٦ مارت دا بۆمبارانی کیمیاوی هەلەبجە ڕوی دا. .

باسی ئەو ناوچەیەی خۆم دەگێرمەوە، پاش ئەنفالی یەک و پێش کیمییا بارانی هەڵەبجە، چی دەگوزەرا. .

تیپی ١٧ زمناکۆ لەو ناوچەیەدا بو ــ لە دەربەندیخانەوە دێ وناوچەکانی بریتی بون لە چەمەرگە، باوەخۆشێن، ئیمام قادر، دێوانەوە وتارم شێڕ، تابەودیوی دالەهەردوبەری ڕیزەشاخی ناوتاق و بەری قەلاقایمەز کە دێیەکانی مچەکوێر، سۆڵەی شیخ تایەر، فەقیرە، گێچینە، دوکان، دوکەرۆ، هەنارە، شیوی قازی، نەوتی، مێریاسی سەروــ میریاسی خوارو، ئاوایی حەمەی کەرەم، دەلوجە بەرەو سنوری تیپی ٥٥قەرەداخ کە تاسەر ئەستێڵی خواروی دەکرد ــ

نیوەی پێشمەرگەکانی تیپی ١٧زمناکۆ، چوبون بۆ دۆڵی جافەتی لە پێش سەرو حەلی ئەنفالی یەک دا و بەسەرپەرشتی هەندێک فەرماندەی کەرتی وەکو (ئاوات تریفەیی) و (حەمەی مەدحەت) و کەمن ناویان بیست بێت، بەعادەتی ئەوکاتانە هەرتیپێک بەشێکی دەچون بۆ پارێزگاری سەرکردایەتی یەکێتی، وەکو سەرەو نۆرە ی مانگانەی خۆیان، بەشێکیشی دەمایەوە بۆ پاراستنی سنوری ناوچەی خۆی. .

لەوێدا لە نیوەی بەجێماوی تیپی١٧ زمناکۆدا، دیسان بەشێکی نیوە زیاتری لەگەڵ (مەلا ئەحمەدی دسکەرە) بەشارەزوردا چوبون بۆ عەمەلیەتی گرتنی هەڵەبجە،
ژمارەی پێشمەرگەکانی تیپەکە لەچارەک کەمتری لێ مابو. .

ئەوەی بەجێ مابو هەموی کەرتێک بون بەناوی کەرتی قڕگەییەکان، یان کەرتی (شەهیدعومەری ڕەشەجوتە) یان پێ دەگوت کە کاک (عەلی ڕەشەجوتە) ی برای بەرپرسیان بو ئەویش لەوێ مابو. ئەو هێزە کەمە بۆپاراستنی ناوچەکە لەسەر لوتکەی شاخی (زەردە) بەرامبەر شاخی گوڵانی سەر دەربەندیخان، لە مەتەرێزو ڕەبایەدا بون. .

ئەوانیش دوبەش بون بەشێکیان لەسەر شاخ و بەشەکەی تر لە (سەوسێنان) و کە مقەڕی کەرتەکەی لێ بو. هەروەها دەستەیەکی سەرتیپەکە لەمقەڕی تیپ لە (بەلەکجاڕ) دابون. . ژمارەی هەمویان بیست و پێنج تا سی کەسێک دەبون، لە مەقەڕی تیپ و کەرت، بە پاسەوان و پارێزگاری کار دەمانەوە تاسەرەی بەدل کردنیان دەهات بۆ سەر شاخی زەردە. .

لە و کاتو ساتەدا (جەمیل هەورامی) و (عەلی ڕەشەجوتە) و (هوشیاری عەدە د جیهاز) و، وابزانم (حەمە ڕەزا) ی ڕابەر سیاسی وەکو بەرپرس لەوێ بون. . دەستەکەی جەمیل هەورامی لە مەقەڕی تیپ بون، بۆ سەرپەرشتی کاری خۆی و عەدەدی دۆشکە ١٢میلمەکەی سەر مەقەرەکە، (نەجمەدین دەربەندیخانی) بو لەم دواییانەدا بەڕیوەبەری ئاسایشی دەربەندیخان بو. .

هەروەها (ئەنوەری حەلیفە خورشید) یشیان لەلابو، کە بەخاترانەوکەفالەتی کاک (حسەین ژاژڵەیی) بەردرابولە زیندانی مەڵبەندی قۆپی، لەسەر کیشەیەکی ناوخۆ، لای (جەمیل هەورامی) وەکو میوان بوــ دەستەکەی ئەنوەر، کەلەگەڵی بون بریتی بون لە عوسمان بیە رەشکەیی و عومەروحەمەغەریب وئامۆزاکەی سەردار عەبدوڵای کە دواجار بو بە پەڕلەمانتاری گۆڕان لەبەغدا ــ بەحوکمی ئەوەی هە مویان لە باڵی شۆڕشگێران بون ئەو تیپەش بەتیپی باڵی شۆڕشگێران دەناسرا. .

منیش عاجز بویەکی حیزبێکی تر بوم، بەڵام بەهۆی برادەریم لەگەڵ زور پێشمەرگە و بەرپرسی ئەم تیپە، لێرە جێگیر بوم. .

لەوێدا ئەگەر چالاکی کارێکی سەربازی هەبوایە لەگەڵ برادەرەکانی ئەم تیپەدا وەکو (نەفەری تاقە) دەچوم و بەشدار دەبوم، ڕیزی خۆم لەوێ دەبینیەوە. .

لەو کاتانەدا کە ئەنفالی یەک کۆتای هات بو، سەرکردایەتی یەکێتی ناوچەکانی دۆڵی جافەتی و شینکایەتیان پێ چۆڵ کرد بون، بە دیوی سەفرەو گەڵالە و سەردەشت دا کەوت بون ویان ڕونتر بڵێم ئەوەی پاش حەمەلیاتی ئەنفالی یەک مابونەوە هەمویان بە دانیشتوان وعەشایریشەوە ناو سنوری ئێران کەوت بون.

لەدوای ئەو کاتانەوە سەراکانی مانگی شوبات پێش ١٦ مانگی (لێدانی هەلەبنجە) ەوە، لە پێش نیوەڕۆیەکدا بۆمباران لە پشتی دەربەندیخانەوە لە ڕیزە چیای (زمناکۆ) و (زەواڵی) یەوە دەستی پێ کرد، بەجۆرێک دەستە ڕۆکێتی کاتیۆشا و تۆپی نەمساوی دەگەیشتە بەر بەنداوی دەربەندیخان. .

لەو ماوانەدا بەردەوام پۆلە فرۆکەی بۆردومانکەری عیراقی بەزۆری بەسەر ئاسمانی ئەو ناوچەیەدا دەفڕین بەرەو ئێران، لە گەڕانەوە یان دا هەرجارە یەک دو بۆمبیان بە یەدەک دەهێشتەوە بۆ ئەوبنارەی قۆپیەکان و بۆ سەر مەڵبەندە کۆنەکەی یەکێتی، هەروەها بەلەکجار خاڵیکی دەستنیشان کراوی بۆردومانەکە بون. .

دێتەوە یادم عەسرێکی خۆشی وزەردەهەتاوی ئەو کاتەی سەراتاکانی شوبات بو، دنیا هەندێک سەوزیو بۆنی بەهاری گرت بو، من ونەجمەدین دەربەندیخانی و عومەری برای مەلا ئەحمەدی دسکەرە وابزانم عوسمانی برایشی بو کە لە ئامادەی سلێمانی هاوتەمەن ولەکۆتایی حەفتاکان هاوپۆلی قوتابخانەم بو، لەبەر مەقەڕی تیپ دا جەم بوین و قسەمان دەکرد، لە عەشایر بێ ترس تر بوین لە بوردومانی تۆپ وفڕۆکە سیوامان هاتبوەوە، بەئاسایی سەیری ئەو پۆلە فڕۆکانەمان دەکرد کە بەئاسمانی ئەوێدا دێن ودەڕۆن. .

ڕێک لە گەڕانەوەیان دا بون، لە ژیربۆ شایی فرێنی فرۆکەکانەوە و پۆلێک چۆلە لە ئاسمان دا بون، لەپڕنەجمەدین ڕاپەڕی و رای کرد بۆ سەربانی مقەڕ بۆ سەر دۆشکەکە و بەدەم ڕێوە گوتی:

ــ ئەوەتا بەری دایە خوارەوە. .

من پێشتر شتێکم بینی بوبەڵام وێنەی سینەی بەرزەرەدەی خۆرکەوتوی چۆلەکە و لاشەی بۆمبەکەم لە چاوان دا لێ تێکەڵ بوبو وەکو ئەوهەستم پێ نەکرد، وابو ئیتر نەجم گەیشتە سەر دۆشکەکەو نازانم دویا سێ گولەی بۆ تەقێنرا، زیاتر نەبو ــ چونکە هەمیشە دۆشکەی شۆڕش وابووە بەیەک دو گولە، یان دەرزی دەشکێت یان میلی ڕادەوەستێت ــ. .

بۆمبەکە زۆر نزیک بەسەر مانەوە داباری بە خولانەوە و هێواشی دەهاتە خوارێ هەر لە فڕینی چۆلەکە دەچو، بەهەر حاڵ ئەویش ناچار بو ڕابکاتە خوارەوە بەرەو پەناگەی پشتی مقەڕەکە، لەوێدا گوێمان لە دەنگی تەقینەوەیەکی کپ بو، نزیک بو لەنیوان دێ و مقەرەکەدا، ئەوە نیشانەی بۆمبی کیمیایی بو. .

وابو پاش تاوێک بێ دەنگی و کپی وماتیەک، هات وهاواری خەڵک و ماڵە پێشمەرگەکان بەرزبووە، ماڵی پێشمەرگەکانی سەرومقەرەکە لە مقۆ مقۆی ئەوەدا بون بڕۆن بۆ بەرزایی گردەکانی پشتەوەیان وهاوارهاواریان بو نەچنە ناو ژوروکونە تەیارەکانەوە. .
دەی ئاخر، واباشە لە بوردومانی بۆمبی کیمیایی دا. .

وا بومن بۆنی گیایەکی تایبەت دەهاتە لوتم لە بەهاری تەڕو سەوزدا ئەو جۆرە بۆنەم لە تەمەنێکی منداڵیم دا کرد بو، لە دێی خۆمان و زۆر بەباشی نەدەهاتەوە بیرم چی جۆرێکی گیا بو، بەڵام ئەو یادو بۆنەم، بەجۆرێک لا خۆش و یاداوەریەکی شیرینی وەرزی بەهارو هەستی خۆشی منداڵی بو. .

ئیتر بۆ درەنگی ئێوارە کە دینەمۆکە داگیرسێنرابون، بەتراکتۆر ئەو بریندارانەی خزمانیان لەعەرەب و بابەتەکانی تریان هێنا کە بە فزولیەت وناشێتی چوبونە سەر شوێن و پارچەی بۆمبەکە، کەلە چۆلی نێوان دێ و مقەرەکەدا کەوت بون وبەنوکە پێ وبەدەست تاوتوێی پارجەی بۆمبەکەیان کرد بو، هەندێکی لەشیان وەکو سوتاوی لێ هات بو زەرداو زرێنچکاوی پیادەهاتە خوارێ، هەندێکیان نیمچە ڕوت کرابونەوە، دەیان ناڵاندو ئاو بەچاویان دا دەهاتە خوارێ و هەناسەیان گران بۆ دەدرا ودیمەنێکی تەواوی لیقەومانی ئەو موعارەزە عیراقیە ناشی و کەم ئەزمونەی دەنواند، کە ئێستا حاکمی عێراقن. .

بەهەرحاڵ پێشمەرگە وعەشایرو پاسداری ئێرانی لەوان شارەزاترو خۆپارێزتر بون، ئەوان لەناشێتی دا خراپ خۆیان بەر کاریگەری بۆمبەکە کە دابو. . .

هەروەها نەجمەدین لە بەیانی ڕۆژی دواتر دا وەزعی باش نەبو چاوی ئاوی دەکردو کیشەی بینی هەبو من کەمتر لە نەجمەدین سنگم هەندێک توندی وخیزەی دەهات و توانای بینینم فەرقی کرد بو بەجۆرێک لە نیوەڕۆ ڕوناکەکەی دا وەکو زەردەپەڕی عەسر هەتاوم دەبینی. . .

بەڵام بە قەترەی (سیماسیتامید) هەندێک باری چاوم چاک کردەوە بەوەی ئەجزاخانێکی بچوک لەماڵم دا بو. .

 (بەڵام کیشەی سنگم لە ئێران و دوای چەند مانگێ سەری لێ هەڵدامەوە. . .
ناچاربوم بە سەردانی بیمارستانی ئیمام خومەینی لە سەقزو لەوی هەندێک چارەسەرم بۆ وەرگرت. . )
تائیستا هەرگیز بەخۆم رەوا نەدیوە، خۆم بەبرینداری کیمیاوی بقەسرێنم. .

هەرلەو سەروحەلەدا و پاش هەواڵی خۆشی گرتنی هەڵەبجە، بۆ ئێوارەیەکی لە نزیک خەستەخانەکەی بەلەکجارەوە هەندێک وەستابون، کە بریتی بون لە کاک (جەمیل هەورامی و ئەنوەری خەلیفە خورشید و حسەین ژاژڵەیی و یەک دوی تربون) خەمباری بەڕویانەوە دیار بو، لە ڕۆژی ١٦ یان دواتری بو لەوێدا یەکێکان وابزانم کاک جەمیل بو چونکە ئەو بەتەنها هەواڵی جیهازی لە هوشیار وەردەگرت و لە جوابی پرسێک دا گوتی:

 (بەکیمیاوی قەسفی هەڵەبجەیان کردوە و ڕەنگبێ نزیکی هەزار کەسێک شەهید بوبێت. . )

ئەو هەزارە لەو کاتەدا زۆر زۆر بو. . یان تائەوکاتە زۆرترین ژمارەیەک بو بەیەکجار شەهید بوبێتن، بێ خەبەر لەوەی زۆر سەروترە لەو ژمارەیە. . .

دواتر. . کیمیابارانی سەوسێنان و ئەنفالی لە 22-3-1988 لەبەرچاوم دابو. .
یادێکی ترەو، ئەمە دەروازەی ئەو یادەیە، بزانین چۆن لێمان وەردەگیرێت.

حەمەسەعی باپیر
ستۆکهۆڵم
شەوی ١٥/١٦ــ ٣ ـ ٢٠١٩.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu