لەسەر دوو مێز یاری دەکەن و دەرچووی کوردایەتیش لێدەدەن ... سوورە مەرگەیی

یەکێتی نیشتیمانی و بزووتنەوەى گۆڕان وەک دوو دەم و یەک زوڕنا و بە پاشخانی سۆشیال دیموکرات و فوول سیکۆلاریزمەوە, کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامیش وەک دوو جۆگەلە و یەک سەرچاوە و بە پاشخانی سیستەمی خەلافەت و فوول ئیسلامی ساسییەوە, سەر بە دوو قوتابخانەی دژ و دوو بەرەبابی سیاسی ناکۆک و دوژمن بە یەکترین, بەڵام بەزمی ساسی و پیلانگێڕیان لەوەدایە وەک یەک دەدوێن و وەک یەکیش هەڵوێست وەردەگرن, کورد گوتەنی (بە زارێک دەخۆن و بە. . . دەڕین), ئەوە لە کاتێکدایە جگە لە کوردبوون و کوردایەتی هیچ خاڵێک نییە ئەو دوو جووتە حزبە عەلمانی و ئیسلامی ساسییە کۆبکاتەوە, لە بەدبەخی کوردیش هەر چواریان بە هەموو جیاوازیەکانیانەوە لە دژایەتی خاڵە هاوبەشەکەیان کە کوردبوونە کۆکن و موو بە بەینیانەوە ناچێ, لە بەغدا دەنگ بە حەشدی شەعبی دەدەن و پشت لە پێشمەرگە دەکەن, باڵی بەغدایان لە بەغدا راو دەنرێن و لە کوردستان و لەسەر شەقامیش دەچنە پاڵ خەڵک و دەڵێن: ئێمەی نوێنەرانی خەڵکی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی قووت و مووچە بڕی خەڵکی کوردستان رێککەوتووین و کێشەی مووچە و قووتی خەڵکمان چارەسەر کردووە، باڵی کوردستان و کاراکتەرەکانی ناو حکومەتی هەرێمیشیان بە باڵی بەغدا دەڵێن: ئەوەی لە بەغدا کردووتانە کوردتان زەرەرمەند کردووە و بە بەڵێنەکانی بەغداتانەوە پابەند نابین, ئای لەو مەزهەلە سیاسیەی ئەو چوار حزبە دەیکەن!! لە بەغدا لە عەرەب عەرەبترن و لە کوردستانیش موزایەدە بەسەر کوردایەتی و ئاڵا هەڵگرانی سەبەخۆیی کوردستاندا دەکەن.  لەوەش مەزهەلەتر و گاڵتەجاڕتر ئەوەیە لەسەر دوو مێزی جیاواز یاری بەدەستهێنانی دەستکەوتی حزبی دەکەن، لەسەر مێزی بەغدا بە وەرەقەی پێکەوەژیان دەرچووی بەرژەوەندی حزبی و تاکە کەسی لێدەدەن, لە کوردستانیش بە وەرەقەی دیموکراسی و خەمی خەڵک و ئازادی بیروڕا دەرچووی موزایەدەی سیاسی بە قووتی خەڵکەوە لێدەدەن, هەر دوای ئەوە دەرچووی کوردایەتیش لێدەدەن و لەسەر لێدوانە هەڕەشە ئامێزەکانی نوری مالیکی دێنە دەنگ و وەک کورد دەدوێن و دوور لە روویان هەڵوێستی کوردانەش دەردەبڕن, دواتر و بۆ ئەوەی نەبنە جێگای رەخنە و گلەیی هاوپەیمانەکانیان و وەرەقەی سەر مێزی بەغدایان نەسووتێ, لە راگەیاندنەکان گوتاری نەتەوەیی و خواستی سەربەخۆیی کوردستان بە توند و شەڕانی ناو دەبەن, وەک ئەوەی کورد لەوەتەی هەیە داگیرکار بووبێ و پەلاماری خاکی گەلانی تری دابێ دەڵێن: دەبێ خۆمان لەو خیتابە توندە شەڕانیەی ناسۆنالیزمی کوردی بپارێزین, لێرەدا ئەو پرسیارە درووست دەبێ کە تاوانبار کردنی خیتابی نەتەوەیی و خواستی سەربەخۆیی کوردستان, بە خیتابی ناسۆنالیزمی توند و شەڕانی بۆ چی و لە پێناو چیدا؟ تاوانبار کردنی خیتابی ناسۆنالیزمی کوردی بە توند و شەڕانی جگە لە رەوایی دان بە ئەنفال و کیمیاباران و گۆڕی بە کۆمەڵ و رازی بوون بە بەردەوامی ژێردەستەیی و چەوسانەوەی زیاتری کورد هیچ مانا و لێکدانەوەیەکی تر هەڵناگرێ, ئەوەشیان بۆ ئەوەیە نیەت پاکی خۆیان بۆ هاوپەیمانەکانی بەغدایان دەرببڕن و پێیان بڵێن: لە بەڵێنی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق پاشگەز نابینەوە و وەک بیلبیلەی چاوەکانمان دەیپارێزین, ئەگەرنا ناسۆنالیزمی کوردی بە درێژایی مێژوو جگە لە رەتکردنەوەی ژێردەستەیی و بەگژدا چوونەوەی زوڵم و سەتەمی نەتەوەیی و گەیشتن بە سەربەخۆیی کوردستان داوای چی تری کردووە؟! تا ئێوەی بەناو نوێنەرانی کورد لە بەغدا تاوانی توندی و شەڕانی بیدەنە پاڵ, لە کاتێکدا ئەو خیتابەی ئەو بە ناو نوێنەرانە و حزبەکانیان بە توند و شەڕانی ناو دەبەن, مافی رەوای هەموو گەلانە و تاکە گەلێک لێی بێبەش بێت کوردە.  

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu