نەوشیروان مستەفا لە لێدوانێکیدا راستگۆیانە هاتە دەنگ و بێ پێچ و پەنا و زۆر راشکاوانە گوتی: لە کوردستانیش سیستەمێکی هاوشێوەی سیستەمی (بەغا)مان دەوێ، وەک دیارە سیستەمی (بەغا)ش سیستەمی سەربڕین و سووتاندنی یەکتری و کاولکردنی وڵاتە، سیستەمی تەقە لە یەکتری کردن و رفاندنی نەیارە سیاسی و مەزهەبیەکانە، کاک نەوشیروان جیا لەوەی سیستەمیکی هاوشێوەی سیستەمی (بەغا)ی بۆ کوردستان دەخواست، بە کردەوەش هەوڵیدا ئەو جۆرە سیستەمەی (بەغا) لە کوردستانیش بسەپێنێ، چۆن لە سیستەمی (بەغا) نانەوەی ئاشووب و نائارامی و بڵاو کردنەوەی دڵەڕاوکێ و تەقە لە یەکتری کردن و رفاندنی نەیاری سیاسی و خەڵکی بیانی حەڵاڵ و رێ پێدراوە، کاک نەوشیروانیش لە تۆمارە دەنگیەکەیدا داوای شێواندنی ئارامی هەولێر و بڵاو کردنەوەی دڵەڕاوکێ دەکا و دەڵێ: تەقە لە دوو کونسوڵگەری بکەن و دوو ئەندازیاری کۆمپانیا بیانیەکان بڕفێنن بۆ خۆیان هەڵدێن، جا ئەگەر کونسوڵگەری و کۆمپانیا بیانیەکان هەڵبێن و کوردستان جێبێڵن دەپرسین: ئایا ئەوکات ناگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمانەی کە دەرگا سیاسی و دیبلۆماسی ئابوورییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە سەرماندا داخرا بوون و, کەس هاواری ئەنفالی نەدەبیستین و ویژدانێک سۆزی بۆ هەڵەبجە نەدەجووڵا و دەنگێکیش نەبوو ژن و کچە بارزانیەکانی چاو لە دووی کوڕ و براکانیان بلاوێنێتەوە؟! خوا هەڵناگرێ ئەگەر ئەو پیلانەی نەوشیروان مستەفا سەری گرتابا و سیستەمی کوردستانیش هاوشێوەی سیستەمی (بەغا)ی لێکرابا, ئەوکات خواستی شەڕانگێزی نەوشیروان مستەفا بەسەر خواستی ئاشتی و پێکەوە کارکردنی سیاسیدا زاڵ دەبوو، خواستی شارچێتی و پارچە پارچە کردنی کوردستان و گەڕانەوە بۆ (بەغا)ی عرووبە، شوێنی کۆدەنگی نەتەوەیی و هزر و بیری کوردایەتی و خواستی سەربەخۆیی کوردستانی دەگرتەوە, بەڵام چاوکراوەیی و پەرۆشی خەمخۆرانی وڵات رێگریان لەو خواستەی نەوشیروان مستەفا کرد و نەیانهێشت ئەو جۆرە سیستەمە ئارامی هاوڵاتیان بخاتە ژێر هەڕشە و هەولێری ئارام بکاتە (بەغا)ی فەوزا و وڵات بەرەو کاولکاری بەرێ.
ئاستەنگەکانی بەردەم سەربەخۆیی کوردستان
سوورە مەرگەیی
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و لە وڵاتانی ئایدۆلۆژی پەرست و دواکەوتوو بە تایبەتی, دامەزراندنی دەوڵەت و گەیشتن بە سەربەخۆیی و بڕیاردان لەسەر مافی چارەی خۆنووسین وەک مافێکی رەوا و سەرەتایی هەر گەلێکی ژێردەستە، دەرهاویشتە و بەریەککەوتنی ئیرادەی گەلی ژێردەستە و ئەو ئاستەنگانەیە کە دەوڵەتە داگیرکارەکە بۆ پاراستنی باڵادەستی و مانەوەی هەژموونی بەسەر گەلە ژێردەستەکەدا درووستیان دەکات, کورد یەکێکە لەو گەلانەی کە تا ئێستاش باجی سیاسەتی ئەو هەژموون پارێزی دەدات، بە هۆی دابەش کردنی وڵاتەکەشی بۆ چەند بەشێک و لکاندنی هەر بەشێکی بە دەوڵەتێکی داگیرکارەوە, زەمینەی بۆ دەوڵەتە داگیرکارەکان رەخساندووە هەم لە سیاسەتی هەژموون پارێزی و هەم لە درووست کردنی ئاستەنگ لەبەردەم خواستی سەربەخۆیی و هەوڵەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی سەرکەوتوو بن، تا ئێرە مەترسی بەردەم سەربەخۆیی و مانەوەى کورد بووە بە ژێردەستەیی، بەڵام مەترسی گەورە لەوە دایە گەلە ژێردەستەکە خۆی ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم ئیرادەی سەربەخۆیی خۆی، ئەوەش کاتێک روو دەدات کە دەوڵەتە داگیرکارەکە ژێر بە ژێر خۆی دەخزێنێتە ناو ئیرادەی گەلە ژێردەستەکە و بۆ درووست کردنی ئاستەنگ بەناوی جیا جیا دەستە و گرووپگەلێک درووست دەکات کە سەربەخۆی بن، وەک ئەوەی لە کوردستان و لە بارودۆخێکی لەباری وەک ئێستادا هەندێ دەستە و گرووپ هەڵتۆقیون و بەناوی خۆشگوزەرانی و دیموکراسییەوە لە داگیرکاران خراپتر بەگژ ئیرادەی سەربەخۆییدا دەچنەوە، لێرەدا دەپرسین: خۆشگوزەرانی و دیموکراسی دەوڵەت درووست دەکەن، یان ئەوە دەوڵەتە لە نالەباری ژیان و دیکتاتۆریەت رزگارت دەکا و خۆشگوزەرانی و دیموکراسی دێننە بوون؟! یان دەپرسین: لە کوێی دونیادا داگیرکاران خۆشگوزەرانی و دیموکراسییان بۆ گەلانی ژێردەستە هێناوە؟! ئەگەر داگیرکار بڕوای بە خۆشگوزەرانی و دیموکراسی بۆ گەلان هەبێ بۆچی دەبێتە داگیرکار؟! کورد ئەگەر لە شتێک بە گومان بوو دەڵێ: ئەو ماستە موویەکی تێدایە، پێداگری ئەو دەستە و گرووپانەش لەسەر چوونەوە بەغدا و موزایەدەیان بە خۆشگوزەرانی و دیموکراسی نەک هەر موو، بەڵکو گوریسێکی سێ سەری سیاسی تێدایە، هاوپەیمانی ئەو دەستە و گرووپانە لەگەڵ بەغدای داگیرکار و رەمز و هێمای عرووبە و ناسنامەی توندڕەوی تائیفی بە شێوەیەکە، ئەگەر کەسێک لە مێژووی سەد ساڵی خەباتی کورد و زوڵم و ستەمی عەرەب بێئاگا بێ و موزایەدەی ئەو دەستە و گرووپانەش ببیستێ، ئەوەی لەلا درووست دەبێ کە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی دۆزەخ بۆ کورد هەڵدەخا و لە خۆشگوزەرانی و دیموکراسی بەغدای بێبەش دەکات، بەڕاستی کاتی ئەوە هاتووە لەو دەستە و گرووپانەی بەناوی خۆشگوزەرانی و دیمووکراسییەوە شەڕ بە ئیرادەی سەربەخۆیی و هەوڵەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەفرۆشن و حەسرەت بۆ چوونەوە باوەشی عەرەب هەڵدەکێشن و کاروان بەرەو بەغدا رێکدەخەن، بپرسین: بەغدا ئەوەندە خۆشگوزەران و دیموکراسییە تا ئێوەی دژە سەربەخۆیی و بەغدا دۆست نەتوانن دەستبەرداری ببن؟! ئەرێ بۆچی و لە پێناو چیدا روو لە کارەساتەکانی مێژووی سەد ساڵی رابردوو وەردەگێڕن؟! ئەرێ لەو مێژووە پڕ کارەساتەدا جگە لە کوشتوبڕ و ئەنفال و کیمیاباران و راگواستن و کاولکردنی کوردستان هیچی ترتان بەرچاو دەکەوێ! ئای ئەو دەستە و گرووپانە چەند سەیرن! حزب و رێکخراوەکانی گەلانی ژێردەستە بە هەموو جیاوازیەکانیانەوە لەسەر سەربەخۆیی و دەوڵەتی نەتەوەیی کۆکن، کەچی ئەو دەستە و گرووپانەی لای خۆمان بە پێچەوانەوە لەسەر درێژەدان بە ژێردەستەیی لەگەڵ دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان کۆکن و موو بە بەینیانەوە ناچێ.