ئەمڕۆ 110 ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا تێدەپەڕێت، بەڵام بە هۆی ناكۆیی لایەنە سیاسییەكانەوە لەسەر پۆست و ئیمتیازات، تا ئێستا حكوومەت پێكنەهاتووە و سەرۆكایەتیی پەرلەمانیش هەڵنەبژێردراوە و دەستبەكار نەبووە.
پارتی دیموكراتی كوردستان، كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكانە، شاندێكی دانوستانكاری پێك هێناوە و تا ئێستا چەند گەڕێكی گفتوگۆ و دانوستانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی خاوەن كورسیی پەرلەمانی كوردستاندا بەڕێوە بردوون و تا ڕادەیەكیش لێكنزیكبوونەوە سەبارەت بە هەیكەلی نوێی حكوومەت لە نێوان لایەنەكاندا هەیە، لێ هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی.
لە هەموو دنیادا باوە، كە هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت، دوای ئاشكراكردنی ئەنجامە فەرمییەكان، حزبی زۆرینە بۆ پێكهێنانی حكوومەت ڕادەسپێردرێت و بە گەنگەشە و لێكتێگەیشتن و رێككەوتن، كابینەی نوێی حكوومەت پێكدەهێنرێت، بێگومان ئەوەش پێویستی بە كات هەیە و شتێكی ئاساییشە، بەڵام كاتێك 110 ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا تێدەپەڕێت، دەبێ بپرسین، كێ زیانمەندی سەرەكیی دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتە؟
لە سۆنگەی باوەڕبوون بە یەكێك لە پایە سەرەكییەكانی دیموكراسی، كە ئازادیی هەڵبژاردنە، ئەو مافە بە هاونیشتمانیانی هەرێم دراوە دەنگ بەو لایەنە بدەن كە باوەڕیان وایە لە كۆی كایە جیاوازەكانی ژیاندا دەتوانێ زۆرترین خزمەت بە كۆمەڵگا بكات، بەڵام بیرمان نەچێت كە هاووڵاتیان هەم ئەركیان لە ئەستۆیە و هەم خاوەنی مافیشن.
ئەركی هاونیشتمانیان ئەوەیە كە ئازادانە دەنگ بدەن و خاوەنی بڕیار بن لە هەڵبژاردندا بەوەی كە دەنگ بە كام حزب و لایەنی سیاسی دەدەن، مافی خۆیشیانە چاوەڕوانییان لەو حزبانە هەبێت كە دەنگیان پێداون، تا لە رێگەی پۆستە حكوومییەكانەوە، زیاترین خزمەتیان لە تێكڕای بوارە جوداكانی ژیاندا بكەن.
بۆیە، پێویستە هەرچی زووترە لایەنە سیاسییەكان هەوڵی جیددی بدەن بۆ رێككەوتن سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەستبەكاربوونی پەرلەمان، چونكە دەبێ بیریان بهێنرێتەوە، كە هەموویان بە دەنگی خەڵك و بە پێی قەبارەی خۆیان، كورسیی پەرلەمانییان مسۆگەر كردووە و دەبێ ڕێز لە ئیرادەی خەڵك بگرن.
ئەوەی كە تا ئێستا دەبینرێت و گومانیش هەڵناگرێت، تەنیا هاووڵاتیان زەرەرمەندی پلە یەكن لە دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتدا، چونكە حكوومەتی كاربەڕێكەر تواناكانی سنووردارن و پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئەوانەی كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی خەڵكەوە هەیە، تا ئاستێك پەكیان كەوتووە.
هەمووانیش دەزانن، خەمی خەڵك، دابینكردنی بژێوی، ئاو، كارەبا، سووتەمەنی، هەلی كار، (دامەزراندن بەپێی بەرنامە لە كەرتی گشتی و تایبەتدا)، دەستپێكردنەوەی پڕۆژە ژیانییەكان و خزمەتكردنیان لە سەرجەم كەرتە جیاوازەكاندا، لە سەرووی هەموو خەمەكانەوەن، كە بە دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەت، خەمەكان قووڵتر دەبنەوە و هەرچی درەنگتر بێت و دەستوبرد لە دەستبەكاربوونی پەرلەمان و حكوومەتدا نەكرێت، زیاتریش دەبن، بۆیە پێویستە هەموو حزبەكان، ئەوانەی بڕیاریان داوە بەشداری لە حكوومەتدا بكەن، لە پێناو هەڵگرتنی باری سەرشان و خەمەكانی خەڵكدا، سازش بۆ یەكدی بكەن و لە هەندێك پۆست و ئیمتیازات و حەقی خۆیان خۆش بن، تا هاونیشتمانیانیش هەست نەكەن تەنیا بۆ كاتی دەنگدان بەكار دەهێندرێن و دواتر كەس خۆی ناكاتە ساحێب و خەمێكی بچووكیشیان لە كۆڵ نانێت.