خواحافیز بەغدا! ... ئومێد بابان

لەمێژ ساڵە باشووری كوردستان (چەشنی پارچەكانی دیكە) بە زۆر و بێ ویستی خۆی، بە وڵاتێكەوە لكێندراوە كە بەردەوام ستەمی لە هاونیشتمانییە كوردستانییەكان كردووە و دەستی لە كیمیاباران، كۆمەڵكوژی، ڕاگواستن، سڕینەوەی نەژادی و دەربەدەربوونی نەتەوەیەكی ستەمدیدە نەپاراستووە.

بە درێژایی ئەو ساڵانەی كە باشوورییەكان دەستوپەنجەیان لەگەڵ كاربەدەست و قەڵەمڕەوانی بەغدا نەرم كردووە، هەمیشە بوونەتە قوربانیی پلە یەكی سیاسەتی شۆڤێنیانە و بەڵێنی درۆی زەبەلاح و پێشێلكردنی ڕێككەوتننامە دوای ئەوی تر لەگەڵ كورد لەم پارچەیەی كوردستانی گەورەدا، كە بەردەوام یان پاشگەز بوونەتەوە لە بەڵێننامەكان، یانیش بە جۆرێك لە جۆرەكان كوردستانیانیان پەراوێز خستووە.

ئێستا كە لای هەمووان ڕوونە، بەغدا چەند ساڵێكە بە بیانووی جۆراوجۆر، مووچە، بوودجە و بژێویی هاونیشتمانیانی بڕیوە، چی لەوە لەپێشترە كورد خواحافیزییەكی یەكجارەكی لە بەغدا بكات؟

ماڵئاواییكردن لە بەغدا، پاساوەكەی هەر ئەوەی سەرەوە نییە، بگرە دەبێ بیر خۆمانی بهێنینەوە كە بە فەرمانی مالیكی و پێش شەڕی تیرۆریستانی داعش، سوپای دیجلە بەرامبەر پێشمەرگە وەستا و لەسەر هەندێك ناوچەی كوردستانی، لە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان ڕاسان!

هەر ئەوە نا، چەند رۆژ لەمەوبەریش، حەشدی شەعبی بە ئەنقەست مۆڵگە و بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی دایە بەر تۆپ، كە دواجار پێشمەرگە وەڵامی توندی دانەوە، بەڵام ئایا ئەو هەڵسوكەوتەی حەشدی شەعبی كە ڕاستەوخۆ بەشێكیان سەر بە مالیكین، هەر وا لەخۆڕا و بێ بەرنامەڕێژی بووە؟

من لەمێژە گوتوومە، كورد دوای ڕیشەكێشكردنی داعش لە عێراق و سووریا، دوور نییە دووچاری شەڕێكی سەخت لەگەڵ ئەو عەرەبە ڕەگەزپەرستانە ببێتەوە كە زۆرێكیان هێشتا عەڵییەتی لەناوبردن و پاكتاوكردنی كورد لە ئاوەزیاندا جێگیرە و ئەگەر بۆیان بلوێت (كە تەنیا خەونە)، شەلم كوێرم ناپارێزم، مێژووی خۆێناوی و وەحشیگەرانەی بەعسیزم بەسەر تاك بە تاكی كورددا دووپات دەكەنەوە.

كەوایە، پێویست وا دەخوازێت، پێش هەموو بڕیار و ڕاسپاردەیەك، ئەندامانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بكشێنەوە باشترە، چونكە مانەوەیان لەوێ (بەغدا)، هەم شەرعییەت بە دەسەڵاتی تاكڕەویی شیعەكان لە عێراق دەدات و هەم لە ئاست كۆمەڵگای نێودەوڵەتییشدا سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان دەكەوێتە ژێر گومان و پرسیارەوە.

بەوەی كە، ناشێ دووفاقی بە دیپلۆماسییەت و چەندێتی و چۆنیەتیی مامەڵەی قیادەی كوردی لەو پارچەیە دەرهەق بەوانەی لەسەر كورسیی دەسەڵاتن لە بەغدا، ببینرێت.

هەر لەو سۆنگەیەشەوە، یەكڕیزی، یەكهەڵوێستی و یەكبڕیاری بۆ حزبە سیاسییە كوردستانییەكان پێویستی بە ئیرادە هەیە، تەنانەت ئەگەر ئەو ئیرادەیەش سازشی لە پێناودا بكرێت، چونكە وادەی ئەوە هاتووە، هەمووان بە یەك دەنگ بە بەغدا بڵێین: (خواحافیز دراوسێ).

. . . . . . . . . . . . .

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

07504302755   

   

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu