دۆناڵد ترەمپ كە لە دواهەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكادا پێش هیلاری كلینتۆن كەوت و توانی پۆستی سەرۆكایەتیی ئەو وڵاتە بۆ چوار ساڵ مسۆگەر بكات، لەلایەن دیموكراتیخواز و كۆماریخوازەكانیشەوە پێشوازی لێ كرا و هەمووان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە ڕازی بوون.
بە لای ئەمەریكاییەكانەوە، بەرژەوەندیی ویلایەت بە ویلایەتی وڵاتەكەیان گرینگە و هەرگیزیش لەسەر حیسابی ئەم و ئەو دەوڵەت و بگرە كۆی كۆمەڵگای مرۆڤایەتییش سازشیان نەكردووە و ناشیكەن، چونكە ئەو دوو پارتە سەرەكییەی كە ئیدارەدانی ئەمەریكایان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەشدا لە ئەستۆیە، ساڵەهایە (پێكەوە) ملیان داوەتە بەر حوكمڕانیی دەوڵەتێكی زلهێزی مەزن كە خاوەنی مێژوویەكی دروورودرێژە و لەسەر تێكڕای ڕووداو و پێشهاتە سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان خاوەنی بڕیاری یەكلاكەرەوەن و هەمیشە نۆی وان، لەسەر دەی زۆربەی زلهێز و قەڵەمڕەوانی جیهانە.
ئەمەریكاییەكان، دەكارێ لەسەر هەندێك پرسی تایبەت و نێوخۆیی ڕای جودایان هەبێت، لێ خوێندنەوەیان بۆ چۆنیەتی و فۆڕمی دیپلۆماسییەتی دەوڵەتانی دراوسێ و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناوینیش، ڕێك وەك یەكە بێ سین و جیم.
جیهانبینی و ڕۆڵی دەوڵەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، هەر لەوێوە ناوەستێت، بەڵكو پەل بۆ دەستوەردان لە كاروباری وڵاتانی دیكە لە پێناو بەرژەوەندیدا دەهاوێژێت (وەك لە سیاسەتدا باوە)، ئەگەرچی ڕەنگە بڕێك جاریش بەرژەوەندیی هاوبەشی لێ بكەوێتەوە، بەڵام دواجار دەبێ هەموو ڕێگاكان بچنەوە واشنتۆن.
گەر وردتر بین، سیاسەتمەدارانی ئەمەریكا، كە لە كۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانەوە ئاڕاستە دەكرێن، ناشێ لە هیچ بار و زرووفێكدا دژی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەیان تەنانەت لێدوانێكی هاكەزاییش بدەن، چجای ئەوەی لە دنیای سیاسەتدا دان بە شكستێكی حەتمیشدا بنێن، چونكە ڕای گشتیی كۆمەڵگای ئەمەریكایی، بە هیچ كلۆجێك نوشوست قبووڵ ناكات، نەخاسمە ئەگەر ئەو شكستەش بەسەر سیاسەت و دنیابینیی ئەمەریكاییەكان دەرهەق بە وڵاتانی دیكەدا بشكێتەوە.
پێدەچێ نموونەی ئەو باسەی سەرەوە زۆر بن، بەڵام دیارترین و نزیكترینیان عێراقە، كە لە 2003دا دەستیان بەسەردا گرت و وێڕای لەناوبردنی دیكتاتۆر و خوێنمژەكان، سیستمی حوكمڕانییان لە ڕەگوڕیشەوە گۆڕی و ئەوكات كەشێكی لەباریان بۆ دیموكراسی و مومارەسەكردنی ئازادی بە واتا شموولییەكەی هێنایە ئاراوە، بەڵام دواتر كە بە فەرمانی ئەنجوومەنی پیران سوپای ئەمەریكا لەو وڵاتە كشایەوە، هەم كێشەی مەزهەبی و ئایینی و هەم پێكدادانی نێوان كولتوورەكان دروست بوو، كەچی تا ئێستاش ئەمەریكا بە فەرمی دانی بە شكستهێنان لە پرۆسەی ڕزگاركردنی عێراقدا نەناوە.
لەوێوە بۆمان دەردەكەوێت، ئەمەریكا بە هەموو جۆرێك و بە تایبەت لە ڕێگای هێز و فشارەوە، دەتوانێ زۆر شت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕێت، لێ كاریگەریی زۆر دەوڵەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بەسەرەوەیە و بەو ئاسانییە و بێ ڕاوێژ لەگەڵیان، دار ناخاتە سەر بەرد.
با تێبینیی ئەوەش بكەین، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان دوای پرۆسەكە زۆر دەرفەتی لە بەردەمدا بوون كە دەكرا بیانقۆزێتەوە و ڕەنگە هەمووانیش زانیارییان لەبارەی خاڵ بە خاڵی ئەو فرسەتە دیرۆكییە هەبێت كە جێی گومانە جارێكی دیكە دووبارە ببێتەوە.
ئەوە بۆیە، دەشێ ژیرانەتر مامەڵە لەگەڵ ئیدارە نوێیەیەكەی ئەمەریكادا بكرێت، بۆ ئەوەی هەم مێژووی كۆن دووپات نەبێتەوە و ئێستا و پاشەڕۆژیش هەرێم و واشنتۆن هەر هاوپەیمان بن نەك تەنیا بۆ شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش، هەرێم بقۆزرێتەوە و دواتر پشتی تێ بكرێت.
___________________________________________
Pishderi81@gmail. com
07504302755