ئەو ڕێككەوتنە ستراتیژییەی لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا دوای كۆتاییهێنان بە شەڕی براكوژی واژۆ كرا، زۆر لە هاوكێشە سیاسییەكانی گۆڕی و دۆخی كوردستانی خستە بارێكی سەقامگیرەوە.
خەڵكی كوردستان كە پێش ڕێككەوتنەكە لە دۆخێكی چەقبەستووی ناهەمواردا دەژیان، دوای رێككەوتنەكە دەرگایان لە بەردەمدا ئاوەڵا بوو كە ئیدی یەكڕیزیی نێوان یەكێتی و پارتی، هەوێنی خۆشگوزەرانی و ئاوڕدانەوەیە لە كۆی كایەكانی ژیانی هاونیشتمانیانی باشووری كوردستان.
بە كردەییش، پاش ڕێككەوتنەكەی ئەو دوو حزبە، كوردستانیان لە دۆگماییەكی داسەپاوەوە بەرەو كرانەوەیەكی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابووری هەنگاویان نا.
ئاخر، دوای ئەو ڕێككەوتنە ستراتیژییە، دەرفەت بۆ خەڵك بە گشتی ڕەخسا مومارەسەری ژیانی تایبەتی خۆیان بكەن و بگرە پتر لە دوێنێش فرسەت بۆ ئازادیی دەربڕین و گوزارشتكردن لە ڕای كەسی و تەنانەت گرووپ و دەستە و تاقمێكیش هاتە ئاراوە.
لەوێوە دەشێ سەرنج بۆ لای ئەوە ڕابكێشین، لە ڕێككەوتنەكەی نێوان پارتی و یەكێتیدا، زۆر دەروازە كرانەوە كە لەمەوپاش، سیاسەتی گشتی و دنیابینیی حزبەكان تەنیا بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی بە دواوە بێت و ئیدی زرووفی ناوچەكەیش وا دەخوازێت، حزب لە خزمەت هاونیشتمانیاندا بكۆشێ نەك بۆ بەرژەوەندیی تەسكی تایبەتی و حزبی.
یەكێتی و پارتی، دەكرێ سەرلەنوێ ڕێككەوتننامە ستراتیژییەكەی نێوانیان دابڕێژنەوە، بە جۆرێك كە خزمەت بە خەڵك بكات و بەس، چونكە ئەو ڕێككەوتننامەیە بە فۆڕمی جودا و لە شكڵێكی تردا، دیسانەوە خزمەت بە دۆخی ئێستا لە ڕووی دیپلۆماسی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەیش دەكات.
لەسەر ئەو پرەنسیپە، پارتی و یەكێتی، كە قەیرانی دارایی و ئابوورییان خراوەتە ئەستۆ، پێویستە سڵ لە لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی نەكەنەوە، بەڵكە باشتر وایە هەرچی زووە ڕێككەوتننامە ستراتیژییەكەیان تازە بكەنەوە و مل بدەنە بەر مەسئولییەتێك كە خەڵك چاوەڕوانیی لێیانە باری قورسی سەر شانیان كەمێك سووك بكەن.
سووككردنی ئەو بارە، بە بڕوای من، تەنیا بە پارتی و یەكێتی ناكرێت، زۆر ئاساییە كە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكەیش گەنگەشە بكەن و پێكەوە كۆ ببنەوە.
كۆبوونەوە لە پێناو كۆبوونەوەدا، نا، بگرە بۆ وەرگرتنی ڕای حزبەكانی دیكەیش، ئاخۆ ئایدیا و جیهانبینیی حزبەكانی تریش دەرهەق بەو دۆخەی ئێستای كوردستان چییە؟