بە بۆنەی جەژنی كریسمس و سەری ساڵی تازەوە، هێزە ئەمنییەكانی هەولێر كەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێریش دەڵێ، پلانێكی ئەمنیی تۆكمەیان داڕشتووە. وەك گوتەبێژی پۆلیسیش گوتی، هاوئاهەنگیی تەواو لە نێوان هێزە تەناهییەكاندا كراوە.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، بە مێدیاكانی ڕاگەیاند، لە 24ی ئەم مانگەوە، بە هاوكاریی ئاسایش، پۆلیسی هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی و تێكڕای هێزە ئەمنییەكانی دیكە، پلانێكی ئەمنیی تۆكمەیان بۆ بۆنەكانی سەری ساڵ و جەژنی كریسمس داڕشتووە.
"پلانە ئەمنییەكە، كە هەولێر و دەوروبەری خراونەتە بەرنامەوە، تا 2ی 1ی 2019 درێژە دەكێشێت". عەبدولخالق تەڵعەت وای گوت. بە پێداگرییشەوە ئاماژەی دا: "پۆلیس و ئاسایش، هەموو هەوڵێك بۆ پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانیان دەدەن و ڕێگا لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراو و نایاسایی دەگرن".
هێزە تەناهییەكانی هەولێر، هەموو پێكەوە لە ئامادەباشیدان و بە گوتەی ڕائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، هاوئاهەنگییەكی تەواو لە نێوان هێزە ئەمنییەكاندا كراوە.
لە سەرجەم شوێنە گشتییەكان و ئەو جێگایانەیش كە ئاهەنگیان تێدا ساز دەدرێت، هێزە تەناهییەكان بە وردی چاودێریی دۆخی ئەمنی دەكەن. ڕائید هۆگر وریاییش دەدات، هەر كاتێك هاونیشتمانیان حاڵەتێكی ناياسایی و نائاساییان بینی، دەتوانن پەیوەندی بە هێڵە گەرمەكانی پۆلیسەوە بكەن بە ژمارەكانی: 066134، 066135، 066137، 066104، 066124، 066144، یان 07504460104، 07506781199، كە ژمارە 07506781199 بەردەوام بە ڤایبەریش لەسەر هێڵە و وەڵامی پەیوەندیی ئینتەرنێتیی هاونیشتمانیان دەداتەوە.
ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر – ئومێد بابان