پەراوێزێک بۆ ١٦ی ئۆکتۆبەر ... عەبدوڵڵا پەشێو

لە مێژووی نوێماندا، خیانەت و خاکفرۆشیی پارتخێڵەکان شتێکی کتوپڕ و چەند شکستێکی کاتی و لێکدابڕاو نییە.

ناشێ تاکە ئاڵقەیەکی مێژوو بگریت و لێی بکۆڵیتەوە، چاویش لە ئاڵقەکانی پێش و پاشی بنووقێنیت. لە خوێندنەوەی مێژوودا هەقایەتی "ئەنجام" و "هۆ" هەمان هەقایەتی هێلکە و مریشکە، کامیان دەکەوێتە پێش ئەوی دی، کامیان یەکەمە!

مێژوو وەک سپرینگە، لوولەیەکی مارپێچی بازنەبازنەیە، هەر بازنەیەکی بەندە بەوەی پاش و پێش خۆیەوە. تخووبی دیاریان لە نێواندا نییە، لەملا و لەولا تێک دەکەنەوە.

ئێمە لە خانوویەکدا دەژین، کە هەر ڕۆژەو جێیەکی بانەکەی دادەتەپێ، هەر جارە و دیوارێکی درزی تێ دەکەوێ، دەقەڵشێ و لار دەبێ. ناشێ ئێمە، بەدیار داتەپینی بان و درزی دیوارەکانەوە، هەتاهەتایێ هەر ئاخ هەڵکێشین و بیرێک لە بن و بنچینەی خانووەکە نەکەینەوە.

کەرکووک، شنگال، ڕیفیراندووم، ٣١ ی ئاب، لێکترازانی ١٩٦٤ و دەیان ساڵ شەڕەزڕتانێی شاخ و شاری بەرەبابان، دەیان هەرەس و ئاشبەتاڵ و ماڵوێرانی . . . ئەمانە و سەدان ڕۆژەڕەش و ساڵی نەحسی ناو مێژوومان هەموویان ئاڵقەی یەکلەدوویەکی سپرینگێکن- سپرینگی سیستەمی وەحشییانەی خێڵ و خێزان، حوکمی "براگەورە" و تەزبێح و دیوەخان.

کە تۆ لە سەدەی بیستویەکەمدا بۆ هیچ بوارێکی ژیان بنخانێک دانەنێیت، کە تۆ هێندە زەینکۆر بیت بەڕێوەبردنی گوندۆکەیەک و دەوڵەتێک لێک نەکەیتەوە، تۆ نە سنوورت هەبێ نە دەستوور، نە ستراتیژت هەبێ نە لەشکرێکی سەردەمیانەی خاوەن ڕێوڕەسمی سەربازی، ئیدی سەیر نییە لەولا شنگال بە ڕووتوقووتی ڕادەستی زیناکاران بکرێت، لەملاش چەند هەتیوچەیەک، هەر لەبەر ئەوەی خزمی خەزووری سەپانی شێخن، بێ ئەوەی هیچ پایە و پلەیەکیان لە دەوڵەت و سوپا هەبێ، بتوانن ئاشبەتاڵ بە گرنگترین بەرەی شەڕ بکەن!

***

لە ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ دا تۆمارێکی دەنگیم بڵاو کردەوە، ڕەنگە گوێلێگرتنی بۆ هەمووان وەک یەک ئاسان نەبێ، بەڵام پێم وایە، ئەوانەی سەر لەم ماڵیژگەیە دەدەن فرەڕنگن و زۆربەی هەرە زۆریان یار و یاوەری خوێندنەوە و بیرکردنەوەن.

ئەمەش لینکی تۆمارەکە:

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu