ئاواتی من جیایه له واقیع، خۆزگه‌ی من شتێكه و سیاسه‌ت شتێكی دیكه‌یه، به ئاواتی من بوایه، ئه‌گه‌ر باشووری كوردستان له 2003دا نه‌بوایه‌ته ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، ئه‌وا ده‌شیا له‌گه‌ڵ عێراقدا ببوایه‌ته ده‌وڵه‌تێكی كۆنفیدڕالی به ناوی كۆماری مێسۆپۆتامیا یا هه‌ر ناوێك كه كۆماری باشووری كوردستان و كۆماری عێراق له‌سه‌ری ڕێككه‌وتنایه، ویست و ناخی من ئه‌وه‌یه كه هه‌ر كورد و كورستانیم، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه من بزنه شه‌لێكم له عێراقدا نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمه‌وێ شتێك له‌سه‌ر سیاسه‌ت له په‌یوه‌ندی كورد له باشوور و به‌غدا بنووسم، ده‌بێت باس له‌و په‌یوه‌ندییه بكه‌م كه ئێستا باشوور به عێراقه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
له تێگه‌یشتنی مێژوویی و سیاسی عێراقه‌وه هه‌ر له كاتی دامه‌زراندنییه‌وه له 1921 تا 2003، نه‌توانرا بكرێته ده‌وڵه‌تێكی ده‌ستووری، په‌رله‌مانی و دیموكراسی، ئه‌گه‌رچی له یه‌كه‌م ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ته‌كه‌دا ئه‌و دروشمه زلانه له‌به‌ر چاو گیرابوون، به‌ڵام له كرداردا ڕه‌نگی نه‌دایه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه، كوردی باشوور نه خۆیان بوونه عێراقی كه‌میان نه‌بێ، نه عێراقیش مه‌به‌ستی بوو خه‌ڵكی كورد ببنه هاونیشتمانی ده‌وڵه‌ته‌كه، ئه‌مه له كاتێكدا ماف و ئه‌ركی تاكی كورد ئه‌گه‌ر له سنووری خۆبه‌ستنه‌وه به ڕژێم و ته‌ختی پادشایه‌تییه‌وه گرێبدرایه، ئه‌وا ده‌توانر پێشبكه‌ون و ببنه وه‌زیر، به‌رێوه‌به‌ری گشتی، موته‌سه‌ریف، قایمقام و ئه‌فسه‌ری بڵند پایه له سوپای ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا، بۆیه به گشتی، ناكرێ سه‌رده‌می پاشایه‌تی به‌راورد بكرێ به سه‌رده‌می له گرێژه‌نه‌چوونی ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ت و ده‌ستوور، له سه‌رده‌می كۆماری عێراقدا.
دوای ئه‌وه‌ی كه له مانگی نیسانی 2003دا، عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت هه‌ڵوه‌شایه‌وه، ده‌كرا كورد به ده‌رفه‌تێكی زێڕێن و به به‌رنامه و یه‌ك ڕیزی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكردایه، به‌ڵام سه‌د مخابن ئه‌و كاته گرنگه تێپه‌ڕی و كارێكی گه‌وره نه‌كرا، ئۆباڵه‌كه‌شی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد لێی به‌رپرسیاره، به هه‌ر حاڵ، دوای نه‌مانی قه‌واره‌ی سیاسی و قانوونیی ناوخۆیی عێراق، حكومه‌ته‌كه به هه‌موو مانایه‌ك كه‌وته ده‌ست كۆمه‌ڵێك حیزبی تایفی شیعی و سه‌ركردایه‌تییه‌كی وا كه كه‌م و زۆر نه له ده‌وڵه‌ت و كارگێرییان ده‌زانی نه به‌ته‌نگ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی حكومه‌ته‌وه بوون به مانای ده‌ستووری و قانوونی و سیاسیی هاوچه‌رخ.
هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كان له 2005ه‌وه تا 2018 بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه بوون، خۆبه‌ستنه‌وه به ڕژێمی دایكی شیعه‌گه‌رایی له ئێران، دانانی خه‌ڵكانی ده‌مارتوند، كینه له سك، چاو كوێر به جگه له شیعه، هه‌وڵدان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ماف و ئه‌ركی خه‌ڵكی باشووری كوردستان، جێبه‌جێنه‌كردنی مادده‌كانی ده‌ستووری عێراق سه‌باره‌ت به كورد، درێژه‌پێدانی داگیركردنی له نیوه زیاتری خاك و خه‌ڵكی باشوور، هه‌ڕه‌شه‌ی زیاتر و ئاماده‌نه‌بوون بۆ ده‌سته‌به‌ری هه‌ر شتێك په‌یوه‌ندی به حكومه‌تی هه‌رێم و كوردستانه‌وه هه‌بێ، دۆزینه‌وه‌ی كه‌سانی نه‌زان و نه‌شیاو بۆ به‌رزترین فه‌رمانگاكان، به كورتی درێژه‌پێدانی ئه‌و سیاسه‌ته دێرینه‌ی كه له‌گه‌ڵ وجودی عێراقدا به‌رامبه‌ر به كورد په‌یڕه‌و ده‌كرا، هه‌ر ئه‌وه بوو كه ئه‌ویش به كورتی ئه‌وه‌یه: ده‌وڵه‌تی عێراق ئامرازی چه‌وساندنه‌وه و ڕاگوێزانی دانیشتوانی كورد و زیاتر دابڕانی خاكه‌كه‌ی بووه، بۆیه هه‌رگیز نه‌توانراوه یا نه‌یان ویستووه كورد ببێته هاوبه‌ش و هاوبڕیاری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی له سیاسه‌تی عێراقیدا.
له ئه‌نجامی ئه‌و هه‌موو بار‌و دۆخه نا ئاساییه كه به تایبه‌تی له دوای 2003 كه له عێراقدا درێژه‌ی هه‌یه، به كاریگه‌ری و هه‌ژموونی خۆپیشاندانه‌كانی گه‌نجانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق، له تشرینی دووه‌می 2019، حكومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی ناچار كرا ده‌ست له كار بكێشێته‌وه و حكومه‌تێكی تازه به سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كازمی بێته كایه‌وه، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بوو كه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت سازبكا، دوای ململانێیه‌كی زۆر و بگره و به‌رده، كازمی توانی به‌ڵێنی خۆی به‌رێته سه‌ر و له 10ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ، هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌نجامه‌كه‌ی وا هاتۆته‌وه كه جیا بێ له گشت هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو، له‌و باریه‌وه، له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، هه‌ندێك سه‌رنج هه‌ڵده‌گرێ:
ناوخۆی كورد:
سه‌ره‌تا ده‌بێ ئه‌وه بزانرێ تا ئه‌و كاته‌ی به به‌ڵگه، نا دروستی و ساخته‌كاری ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌سه‌لمێنرێ، ئه‌و ئه‌نجامانه له‌به‌رچاو ده‌گیرێن كه بڵاوكراونه‌ته‌وه، بۆیه لێره‌دا قسه له‌سه‌ر ئه‌و ئاكامانه‌یه نه‌ك شتێكی دیكه. له یه‌كه‌م هه‌له‌وه، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌نجامه‌كان، به پێی ژماره‌ی كورسی سه‌ركه‌وتن و سه‌رنه‌كه‌وتنی هه‌ر حیزبێك بووه مایه‌ی باس و لێكۆڵینه‌وه و دیاریكردنی بۆچوون لایان، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ژماره‌ی كورسییه‌كانیان زۆر گۆڕانكاری گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه، ڕه‌نگه ئه‌وه وای كردبێت، كه ده‌ربڕینی توند و ناڕازییه‌كی ئه‌وتۆیان نه‌بِوو، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌یه‌نێت كه به كورسییه‌كان پارتی نیگه‌ران نه‌بن، له‌و باره‌یه‌وه په‌یامی یه‌كێتی له نووسینگه‌ی قوباد تاڵه‌بانییه‌وه بڵاوكرایه‌وه: "پێویستمان به ته‌واوكردنی هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی نێوخۆی یه‌كێتی و قوڵكردنه‌وه و فراوانكردنیانه. "(1)
گۆڕان كه برا هاوبه‌ش بوون له هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، ته‌نانه‌ت كورسییه‌كیان به ده‌ستنه‌هێنا، له‌و ڕووه‌وه هۆكار زۆرن، له‌وانه: یه‌كه‌م، هێرشی توند و نووسینی به‌رده‌وامی گۆڕانخوازه تۆراوه‌كان و دووركه‌وتووه‌كان، بووه خاڵێكی گه‌وره بۆ كه‌نارگیری جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان، تا وای لێهات گۆڕانخوازان گه‌یشتنه ئاستێكی یه‌كجار كه‌م و ناچالاك، دووه‌م، به هه‌ندێك حیساب، دووركه‌وتنه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌كه له ڕێبازی خۆی و ئامانجی دروستكردنی، ڕه‌خنه‌یه‌كی دیكه بوو، سێیه‌م، مردنی رێكخه‌ری گشتی و سه‌ركردایه‌تییه‌كی چه‌قبه‌ستوو، بێ توانا له ده‌ستپێشكه‌ری به‌رنامه‌ی سیاسی، هۆكارێكی به‌رجه‌سته بوو، بۆ پاشه‌كشه‌یان، چواره‌م، هه‌ڵوێستی یه‌كجار توندڕه‌وی نابه‌رپرسیاری ئه‌ندامانی پێشووی گۆڕان له په‌رله‌مانی به‌غدا كه به هه‌موو توانایه‌كیانه‌وه دژی قه‌واره‌ی هه‌رێم بوون، كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر كۆی بۆچووونی سیاسی بزووتنه‌وه‌كه دروستكردبوو، هه‌روه‌ها خاڵی دیكه‌ش هه‌ن. له‌ناو هه‌موو حیزبه‌كاندا، سه‌ركردایه‌تی گۆڕان له هه‌مووان ئازاتر به‌رپرسیارێتی شكستیان خسته ئه‌ستۆی خۆیان و ده‌ستیان له‌كار كێشایه‌وه، له‌و باره‌یه‌وه، حه‌ق وایه زیاتر له‌سه‌ر خۆ بن و به عه‌قڵێكی كراوه مامه‌ڵه بكه‌ن، چاره‌سه‌ر بدۆزنه‌وه، نه‌ك تۆڵه له یه‌كدی.
كاردانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری له هه‌مووان توڕه‌تر بوو، به تایبه‌تی له‌سه‌ر زاری كاندیدی هه‌ره سه‌ره‌كی ده‌رنوچوویان كه عه‌بدولستار مه‌جید بوو، تۆمار كرا، ئه‌و چ په‌رۆشی بۆ خودی خۆی ئه‌وجا بۆ حیزبه‌كه‌ی، وه‌ك قوربانییه‌ك ته‌ماشای مه‌سه‌له‌كه ده‌كا، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا هێند ناڕازی بوو ته‌نانه‌ت ده‌یگووت: "ئه‌نجامی بازنه‌ی سێ و چواری هه‌ولێر ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه و قبوڵمان نییه، له دادگای فیدرالی سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ین، هه‌موو ڕێگایه‌كی یاسایی و مه‌ده‌نی ده‌گرینه‌به‌ر و ده‌نگده‌رانمان ده‌هێنینه سه‌ر شه‌قام، ڕێگا ناده‌ین مافمان بفه‌وتێت، دڵنیابن سه‌ری خۆمانی له‌سه‌ر داده‌نێین. "(2) هه‌ڵوێستی له‌و شێوه، له جیهانی واقیع و تێگه‌یشتن له دونیا و له قیامه‌ت جێگای نابێته‌وه، خۆ ئه‌وه ئه‌لف بێی ژیان و ئایین و شارستانییه‌ته كه گیان و ژیانی مرۆڤــ، له سه‌روو هه‌موو دۆڕان و سه‌رنه‌كه‌وتنێكه‌وه‌یه، چاك وایه له جیاتی ئه‌و قسانه، به خۆیاندا بچنه‌وه و به‌رپرسیارێتی سه‌ركردایه‌تی خۆیان نیشان بكه‌ن كه ئه‌و بۆ خۆی له‌وه‌ته‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌یان هه‌یه یه‌كێكه له‌سه‌ركردایه‌تییه‌كانی ڕیزی پێشه‌وه، ئه‌گه‌رچی هه‌ر زوو كۆمه‌ڵ له زاری وته‌بێژه‌كه‌یانه‌وه"ئه‌نجوومه‌نی باڵا و سه‌ركردایه‌تی داوای لێبوردن له كادیر و ئه‌ندامان ده‌كه‌ن و به‌رپرسیارێتی ئه‌م دۆخه له ئه‌ستۆ ده‌گرن. "(3) ڕۆژانی دوایی ده‌رده‌كه‌وێ چ ده‌كه‌ن و چۆن وه‌ڵامی به‌رپرسیارێتییه‌كه ده‌ده‌نه‌وه!
هه‌ڵوێستی پارتی له په‌یامی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان نه‌خشه‌كێشرا بوو كه ده‌ڵێ: "هیوادارم له دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه لایه‌نه كوردستانییه‌كان یه‌كڕیز و ته‌واوكاری یه‌كتری بن، هیوادارم هه‌موو لایه‌نه‌كان به یه‌كه‌وه و بۆ یه‌ك ئاماجی هاوبه‌ش و له پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی كوردستان و به‌رگریكردن له ماف و ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستان كاربكه‌ن. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراقی فیدڕال بنیات بنێنه‌وه"(4) له په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگری سه‌رۆكی پارتیش به هه‌مان نه‌فه‌س و تێگه‌یشتنه‌وه ڕه‌نگی دایه‌وه، له ڕوانگه‌ی به‌رپرسیارێتییه‌وه داواده‌كا كه به كۆمه‌ڵ و به هه‌موو هێز و لایه‌نه سیاسییه كوردستانییه‌كان، پێكه‌وه كار یكه‌ن، پێكه‌وه ته‌با و یه‌كڕیز كار بۆ ئێستا و داهاتوویه‌كی باشتر بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و هاوبه‌شیی هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق بكه‌ن، پرۆسه‌ی سیاسی ڕاستبكرێته‌وه و به‌ره‌و داهاتوویه‌كی باشتر بۆ هه‌مووان، وڵات به‌ڕێوه به‌رن. (5) وه‌ختێك كاك مه‌سعود بارزانی و كاك نێچیره‌وان بارزانی، داوای یه‌ك ڕیزی و یه‌ك به‌رنامه‌یی كورد ده‌كه‌ن، یه‌كێكی وه‌ك دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكی غه‌در ده‌كا قسه به خۆڕایی به خه‌رج بدا.
هه‌ڵبه‌ت دوو په‌یامی سه‌ره‌وه‌ی پارتی ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نن كه له هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح بۆ سه‌رۆك كۆماری عێراق، هاوكارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌بن، دیاره هه‌ڵوێستی له‌و شێوه‌ی پارتی ده‌شبێته هه‌نگاوێكی كرده‌یی زۆر چاك و ڕه‌چه‌شكێن بۆ یه‌كڕیزی كورد، به تایبه‌تی نیاز پاكی به‌رامبه‌ر به یه‌كێتی، كه مه‌رجێكی گه‌وره‌ی سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه و پێویسته له به‌رچاو بگیرێ، گومانی تێدا نییه پارتی به تایبه‌تی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن كه بۆ پاراستنی هاوكێشه‌ی ناوچه‌یی و پێكهاته‌ی كورد له باشووری كوردستان، ناكرێ و نابێ یه‌كێك له پارتی جا هه‌ر كه‌سێك بێ، بكرێته سه‌رۆك كۆماری عێراق، من به‌ش به‌حاڵی خۆم جگه له‌وه هیچ هه‌ڵوێستێكی دیكه له براده‌رانی پارتی چاوه‌ڕوان ناكه‌م، هه‌ڵبه‌ت به‌وه هه‌نگاوێكی گه‌وره به‌ره‌و هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ده‌نێن و په‌یامه‌كانی سه‌رۆكی پارتی و جێگره‌كه‌ی به كرده‌وه ڕووناكی ده‌بینن، كه‌سانی به‌رپرسیار و سیاسه‌تمه‌داری دڵسۆز، له دۆخێكی تایبه‌تی ناسكی وه‌ك ئێستادا، هه‌میشه بیر له به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه و خاك ده‌كه‌نه‌وه، نه‌ك قازانجی ئه‌ندامێكی حیزب بۆ ئه‌وه‌ی ئیشێك و پله‌یه‌ك وه‌ربگرێ. له ئێستادا مانه‌وه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عێراق پێویستییه‌كی مێژووییه، له هه‌مان كاتدا سیمبوڵی پاراستنی یه‌ك ڕیزی كورده، باوه‌ڕیش ناكرێ هه‌ر كوردێكی له جیاتی ئه‌و له هه‌ر حیزبێكی دیكه دابنرێ، نه خزمه‌تی چاكتر ده‌كا، نه به‌قه‌ده‌ر ئه‌و كه‌سایه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و شاره‌زایی كارگێڕی و دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ حیزبه‌كانی كوردستان و حیزبه عێراقییه‌كان هه‌یه، تا ئێستا دكتۆر به‌رهه‌م چاكی هێناوه، بۆیه پێویسته لێی تێكنه‌ده‌ن و كه‌سێكی دیكه نه‌كه‌نه ڕكابه‌ری، ئه‌و كات هه‌موو حیزب و ئه‌ندامانی كورد له په‌رله‌مانی به‌غدا، به یه‌ك ده‌نگ و به یه‌ك هه‌ڵوێست و به یه‌ك به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌وه له به‌غدا له كاردا ده‌بن.
ئه‌وه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی عێراقدا بۆ كورد، مایه‌ی نیگه‌رانی و له هه‌موو شتێك خراپتر و نا مه‌نتیقتر بوو، ده‌ستتێوه‌ردانی (پێ كه كه) بوو له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و بانگه‌شه‌كردنی له‌سه‌ر به‌رزترین ئاست له ڕێگای كاك جه‌میل بایك، هاوسه‌رۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه داوا له هه‌واداران و ڕێكخراوه وه‌كیله‌كانیان له باشووری كوردستان ده‌كرد كه پشتگیری ئه‌و یه‌كێتی بكه‌ن، له بۆچوونی (پێ كه كه)ه‌وه كاك بایك ده‌ڵێ: "ئه‌و پیلانه‌ی هه‌ن ئاشكرایه و یه‌كێتی و خه‌ڵكی سلێمانیش پێده‌چێت ئاگاداری بن. لایه‌نگرانی یه‌كێتی و ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی سه‌ره‌ڕای هه‌موو جیاوازییه‌كی بیركردنه‌وه‌یان پێویسته هه‌وڵبده‌ن یه‌كێتی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا سه‌ربكه‌وێت و ده‌ستكه‌وتێكی به‌هێزی هه‌بێ"(6)
هه‌موو كوردێكی دڵسۆز و هۆشیار، ئاواتی ئه‌وه‌یه كه حیزبی كوردی له ڕووی دوژمنان و داگیركه‌راندا به هێز بن و له‌ناوخۆدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كورد و كوردستان، ته‌با و یه‌كڕیز بن، هاوبه‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی یه‌كدی بن، بۆیه ئاواتی ئێمه ئه‌وه‌یه كه به هێزی و توندوتۆڵی هه‌ر حیزبێكی به‌رژه‌وه‌ندخوازی كورد له گه‌شه و بره‌ودا بێ، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و په‌یمامه‌ی (پێ كه كه) له لایه‌كه‌وه ته‌نیا بۆ دوژمنایه‌تی پارتی بوو، له‌و ڕێگایه‌شه‌وه بۆ زیاتر ترازاندنی یه‌كڕیزی كوردانی باشوور بوو، ئه‌وجا به هێمایه‌ك باس له سلێمانی ده‌كا كه جیا بێ له هه‌وڵێر و ناوچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم، ده‌یانه‌وێ وا خه‌ڵك تێبگه‌ینن كه یه‌كێتی ته‌نیا حیزبی ده‌ڤه‌ری سلێمانییه، له كاتێكدا ئه‌ویش وه‌ك حیزبه‌كانی دیكه حیزبی هه‌موو هه‌رێم و باشووری كودستانن. له لایه‌كی دیكه‌وه په‌یامه‌كه‌ی كاك جه‌میل بایك بۆ جێگاكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی خۆیان بوو، بۆ هاندانی حیزبه وه‌كیله‌كانیان له باشوور بۆ ئه‌وه‌ی كاندیدیان له په‌رله‌مان و شانۆی سیاسیی عێراقدا هه‌بێ، به‌وه‌ش له‌گه‌ڵ حه‌شدی شیعی له دژی بوونی قه‌واره‌ی هه‌رێم له‌كاردابن، ئیدی له هه‌ر به‌شێكی باشوور، كانتۆن و هه‌رێمی سه‌ر به‌خۆیان پێكبهێنن. یاریكردنی (په‌كه‌كه) به‌و شێوه‌یه، سیاسه‌تێكه هه‌تا بڵێی ناكوردانه و نا واقیعییانه‌یه، جگه له به‌رژه‌وه‌ندی داگیركه‌رانی كوردستان، به به‌رژه‌وه‌ندی كورد ناشكێته‌وه، هه‌تا ئه‌وان به هه‌ر بیانوویه‌ك بێ، زیاتر ده‌ستبخه‌نه كاروباری ناوخۆی باشووره‌وه، ئه‌وه ده‌بێته زیانی گه‌وره‌تر بۆ خه‌ڵكی باشوور و هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم و بۆ خه‌باتی كوردانی باكووریش.
له‌سه‌ر ئاستی عێراق
شكستی لایه‌نگرانی ئێران دیارترین گۆڕانكارییه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی عێراقدا، له‌و باره‌یه‌وه چه‌ند خاڵێكی گه‌وره‌ی جیاوازی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووتردا هه‌یه: یه‌كه‌م، ناڕازی بوون به ده‌ستتێوه‌ردانی وڵاتانی دراوسێ به تایبه‌تی ئێران و توركیا، له‌وه‌دا كه‌م هێزی و سنووردانان بۆ ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته له هه‌ر كوێیه‌ك، به قازانجی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراقیشه. له‌و باره‌یه‌وه، دوو حكومه‌تی ناوبراو، هێنده له كێشه و له ناحه‌زی سیاسیی ناوخۆیی، پێكه‌وه‌یی، ئابووری، له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ڕوسیا و ئیسرائیل ئاڵاون، سه‌رتای گڕۆڵه لێژی هه‌ردووكیانه، به كورتی ده‌رهێنانی عێراق له چنگی ئێران و توركیا، له خاڵه ستراتیژییه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمه. دووه‌م، هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی عێراق ببێته ده‌وڵه‌تێكی ده‌زگایی و كارگێڕی و ده‌ستووری، ئه‌گه‌ر بكرێ له‌وه‌شدا به قازانی هه‌رێم ته‌واو ده‌بێ، به مه‌رجێك حكومه‌تی هه‌رێم هه‌وڵێكی جددی بدا كه له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه، هاوپه‌یمانی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی ئاینده‌ی عێراق ببه‌ستێ كه باوه‌ڕیان به چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم هه‌یه و له ماوه‌یه‌كی دیاری كراودا جێبه‌جێبكرێن، له‌و مافانه: دیاریكردنی سنووری هه‌رێم و گێڕانه‌وه‌ی هه‌موو ناوچه داگیركراوه‌كانی باشوور بۆ سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم، پێكهێنانی حكومه‌تێكی دیكه‌ی هه‌رێم بۆ سوننه و دامه‌زرانی ئه‌نجوومه‌نی فێدرال، چاپكردنی دراوی هه‌رێم به قووه‌تی قانوونی دراوی عێراقی، دداننان به به‌یداخی هه‌رێمدا، به ڕه‌سمی ناساندنی هێزی پێشمه‌رگه و پڕ چه‌ككردنی، دامه‌زرانی تیپی یاری هه‌رێم و هاوبه‌شیكردنی تیپه‌كان له ئۆلۆمپیا. . . هه‌روه‌ها. سێیه‌م، ده‌بێ سه‌ركردایه‌تی كورد، ئاگادار بێ، هه‌ر به‌هێزبوونێكی حكومه‌تی به‌غدا، بێ پارێزگاری له به‌هێزبوونی حكومه‌تی هه‌رێم، كورد به‌ره‌و كاره‌سات ده‌با. چوار، مه‌رجه هه‌موو حیزبه سیاسییه‌كانی نوێنه‌ریان له په‌رله‌مانی به‌غدا هه‌یه، پێكه‌وه و وه‌ك ده‌سته‌یه‌كی نوێنه‌رایه‌تی كورد بچنه به‌غدا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌بێ به‌رنامه و نه‌خشه‌ی به‌رچاو ڕوونیان هه‌بێ و خه‌ڵكی كورد لێ ئاگادار بكه‌ن، به‌و مانایه‌ی كار بۆ مافی كورد بكه‌ن به به‌رنامه، نه‌ك له‌سه‌ر پۆست بۆ ئه‌م و ئه‌و كار بكه‌ن.