پڕۆژەیەک بۆ ناساندنی شوێنەوار و کەلەپوور بە منداڵان

رێکخراوی کەونار پڕۆژەی "چیرۆکی شوێنەوارەکان" رادەگەیێنێت

رێکخراوی کەونار بۆ پاراستنی شوێنەوار، پڕۆژەی "چیرۆکی شوێنەوارەکان" رادەگەیێنیت، بۆ ناساندنی شوێنەوار و کەلەپوور بە منداڵانى تەمەن پێنج تاوەکو شەش ساڵ.

ئامانج لە پڕۆژەکە پاراستنى زیاتری شوێنە شوێنەوارییەکانە، هەروەها بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگەیە، بە تایبەت منداڵان کە لە لایەن کۆمەڵێک خۆبەخشەوە جێبەجێدەکریت.

پڕۆژەکە لە دوو بەشی چیرۆک و پێشانگە پێکدێت و لە چوار باخچەی منداڵان بەڕێوەدەچێت، هەر باخچەیەک یەک رۆژ و هەر رۆژەو سێ پۆل.

چالاکوانە خۆبەخشەکان پێناسەی وشەی شوێنەوار و شوێنی شوێنەواری بەشێوازێکی سادە و پراکتیکی و بە بەکارهێنانی وێنە و کۆمەڵێک کەرەستەی تایبەت، باس دەکەن.

هەر لەم پڕۆژەیەدا دەرفەتی وێنەکێشانی شوێنەوارەکان بە بەشداربووان دەدرێت، دواتر بە مەبەستی زیاتر ئاشنابوونیان بە شوێنی شوێنەواری، سەردانێکیان بۆ قەڵای هەولێر بۆ رێکدەخرێت.

پڕۆژەکە کاتژمێر١٠ بەیانی رۆژی یەکشەممە ٣ شوبات ٢٠١٩، لە باخچەی باڵای ناحکومی لە هەولێر دەستپێدەکات و تاوەکو ٢٨ هەمان مانگ، بە پێشانگەیەک لە گەلەری شانەدەر لە پارکی شانەدەر کۆتایی دێت.

کەونار رێکخراوێکی ناحکومییە و لە 23 ئەیلوولی ٢٠١٨ دامەزاوە و "چیرۆکی شوێنەوارەکان" یەکەم پڕۆژەیەتی، لە داهاتوودا بە پڕۆژە و چالاکیی جیاجیا درێژە بە بڵاوکردنەوەی هوشیاریی پاراستنی شوێنەوارەکانی کوردستان دەدات.

*راگەیاندنی پڕۆژەی "چیرۆکی شوێنەوارەکان"

بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆژە، زریان تەها

07509692724

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu