پێگە؛ سەکۆیەک بۆ هەمووان. لە ئێوارەکۆڕی ڕێزلێنان لە بەرهەمەکانی د. جەمال نەبەز

 

لە کۆتایی وەرزی پاییزی ٢٠١٨دا؛ پێگە بۆڕێزلێنان لەبەرهەمەکانی د. جەمال نەبەز ئێوارە کۆڕێکی ڕێکخست لە شاری ئۆتاوا بۆ بەڕێز د. ڕەحیم سورخی مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی کارلتۆن. هەر لەوکۆڕەدا ئاماژەکرا بە لەدەستدانی چەند نووسەر و هونەرمەندیتر کە هەر لەوماوەیەدا گیانیان لەدەستدا لەوانە( حەکیم کاکەوەیس( ڕۆمان نووس)، مسەتفا ساڵح کەریم( نووسەر و ڕۆژنامەنووس)، ڕەئوف حەسەن( چیرۆک نووس)، ڕەحیم زەبیحی( سینەماکار)، ئەنوەرخان سوڵتان پەنا( شاعیر)) .

سەرەتای کۆڕەکە نمایشێکی زۆر کورتی شانۆیی لەلایەن هونەرمەند جەلال قادر نمایشکرا، کە تێیدا سەرنجی ئامادەبوانی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە بۆ ڕێزلێنانی نووسەر و هونەرمەندانمان تا لەژیان ماون بەتایبەت ڕێزیان بگرین، و خوێندنەوە و گرنگیدان بەبەرهەمەکانیان بکەینە کەلتوور لە کۆمەڵگەدا. پاشان ئاسۆ فەرەج ڕێکخەری کۆڕەکە ئاماژەی بەو بەڕێزانە کرد کە لەو ماوەیەدا گیانیان لەدەستداوە و لەسەر دیواری هۆڵەکەدا وێنەی هەریەکەیان هەڵواسرابوو. پاشان بەخێرهاتنی میوانانی ئامادەبووی کۆڕەکەی کرد. بەڕێز ئاسۆ فەرەج کورتەیەکی لە ژیان و بەرهەمەکانی د. جەمال نەبەزی بەتێروتەسەلی باسکرد. بەدواییدا بەڕێز د. ڕەحیمی بەخێرهاتنکرد بۆ پێشکەشکردنی باسەکەی لەسەر د. جەمال نەبەز.

د. ڕەحیم سەرەتای باسەکەی بەمێژوویەکی چڕوپڕی پرۆسەی دروستبوونی زەرورەتی ئەو کارانەی کە د. جمال نەبەز بۆزمانی کوردی ئەنجامیداوە دەستپێکرد. پاشان هاتەسەر هەڵسەنگاندن و نرخدانان بۆ کارەکانی نەبەز هاوشێوەکان لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستانی وەک بەعس و ئێران. هەروەها بەراوردکاریەکی ئەوکارانەی ئەو کەڵە نووسەرانە کردوویانە لەگەڵ هەلومەرجی زمانی کوردی بەگشتی لەژێر سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان. کە دیارە زۆر هیوابەخش نیە، تەنانەت هەندێک نموونەی هێنایەوە کە ئاستی زمانی کوردی لە هەرێمی بەئاستێک گەیشتووە دوژمنانی ئەو زمانە ئێرەیی پێنابەن! شایانی باسە د. ڕەحیم بەجۆرێک ئەو مێژووەی هێنایەوە و گرێی دایەوە بە هەلومەرجی ئێستا، ئامادەبووان ماوەی ئەو ٢سەعاتە لە باسەکە زۆر چێژیان لە چڕوپڕی زانیاری و شێوەی باسەکە کرد و هەندێکیان سەرنج و پرسیاری خۆشیان کرد.

شایانی باسە کە دیواری هۆڵەکە بە هونەری نووسینی زۆرێک لە قسەکانی د. نەبەز و وێنەی نەبەز و ئەو نووسەرانەی دیەکە ڕازابۆوە کە لە لایەن هونەرمەندی خۆشنووس و شێوەکار بەڕێز( مەحمود سیامەنسووری)ەوە ئامادەکرابوون بۆ ڕێزلێنان لە بەرهەمەکانی.

کۆڕەکە دوای پتر لە ٣ سەعاتی ناو شۆڕوشەوقی زانیاری دەربارەی د. جەمال نەبەز و ڕۆڵی کەسانی وەک ئەو لە مێژووی میللەتی کورد و زمانەکەی کۆتایی هات.

بەشی ڕاگەیاندنی پێگە

٢٥ی دیسەمبەری ٢٠١٨

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu