(ده‌زانم رۆژێك دێ سه‌رده‌كه‌وین، به‌ڵام خه‌می ئه‌وه‌مه تێكۆشه‌ران له بیردهكرێن) خوای لێخۆشبێ مه‌لا مسته‌فای بارزانی، ئه‌و زاته‌ی كۆشك و ڤێلاكه‌ی كونهئهشكهوتی تار و تۆزاویی، ته‌ختی پاشایه‌تیه‌كه‌ی كورسیه‌كی فافۆن و پلاستیكی و كه‌ژاوه‌ی ئۆتۆمبێله‌كانی ئه‌سپێكی ساده و ساكار و سفره‌ی خوانه‌كه‌ی نانه رهقهیهق و قومێك ئاووبوو، و پاڵپشتی و پشتیوانیهكهشی، ته‌نهاو ته‌نیا بیر و باوه‌ڕی راسته‌قینه‌ی كوردایه‌تی بوو، نه‌ك بیری نه‌وت و متمانه‌ی ده‌یان وڵاتی زلهێزی جیهانی، ته‌نانه‌ت ئه‌و تاكه سه‌یاره‌ی كه له هه‌ندێك ره‌سم تێیدا ده‌ركه‌وته‌وه له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر به‌دیاری پێشكه‌شی بارزانی كردبوو. بارزانی هه‌موو ژیان و كردار و گوفتار و هه‌ڵوێسته‌كانی خاكی بوون و ساده‌یی لێده‌چۆڕا، له ناو قوڵایی هه‌ژاری و ده‌رده سه‌ری و مه‌ینه‌تیه‌كانی گه‌لی كوردستان دهژیاو بۆ كورد ژیا‌و له پێناو كوردیش سه‌ری نایه‌وه. بارزانی بۆ مهكسهب و مه‌نسه‌ب یاخی نه‌بوو بوو، ئه‌وكات حكومه‌ته‌كانی عیراق هه‌موو ئیمتازاتێكیان ده‌دایه به‌س ده‌ستی له شۆڕش هه‌ڵگرتبا، به‌ڵكو بۆ كێشه‌یه‌كی حه‌قیقی و مافی گه‌لێكی زوڵم لێكرا و به‌ش مه‌ینه‌ت به چیا‌و كێ‌و و ده‌شت و ده‌ره‌كان كه‌وت بوو. به‌داخه‌وه هیچی لێ فێر نه‌بووین، له كاتێكدا ئه‌و پیاوه له دوای خۆی كه‌لتورێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی له به‌های مرۆڤایه‌تی و بنه‌ماكانی یه‌كسانی و مافی هه‌ژاران و مافخوراوانی وه‌كو میراتێك بۆ ئێمه به‌جێهێشت، به‌ڵام ئێمه كه‌وتینه داوی هه‌واو نه‌فه‌س و رابواردن، گه‌ران به‌دوای خواست و حه‌زه شه‌خسیه‌كان نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵكی هێنده‌ی ده‌شتی ههولێرفراوان كرد. ، ئێستا پرسیار ده‌كه‌ین كاتێك بارزانی وه‌فاتی كرد هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌ی ئه‌و سه‌رماییه ره‌مزیه بوو كه ئێستا بۆته رێبازی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌ی كه ئێمه ده‌مرین چیمان له دوا به‌جێ ده‌مێنێ؟ـ ته‌نھا دارجگهرهیهك و برنهوێكی ژه‌نگاوی و له تهنانێكی ره‌ق؟ یا كۆشك و ڤێلاو مزرعهی سه‌د دۆنمی تهلبهندكراو و ئه‌رزه‌ی روكن و ره‌قم حیسبا بانكی پڕ له پاره‌ی مۆڵ و كاش له ملیۆنان دۆلار؟