١٩٧٦/١١/٢١، ڕۆژی لە سێدارەدانی شەهیدان شیهاب و جەعفەر و ئەنوەرە، هاوکات ڕەمزی گیانفیدایی شەهیدانی یەکێتییە، بەبەختکردنی گیانیان، ڕۆحی بەرگری و مەدالیای کوردایەتی یان بە نیشتیمانەکەیان بەخشی.
شەهیدانی یەکێتی بۆ ئازادی و ڕزگاری و سەرفرازی و فەراھەمکردنی خۆشگوزەرانی، ئاسودەی بۆ دنیایەکی نوێی پڕ لە ئومید و دیموکراسی ڕووە و شارستانییەت و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و ئازادیی بیرووڕا ڕۆحیان کردە قوربانی، بەڵام بە داخەوە هێشتا زۆرێک لە ئامانجەکانیان بەدی نەهاتووە.
سەرەڕای ناڕەزایی و ڕەخنەیەكی زۆر لەناو خەڵكدا، لە بەرامبەر دەسەڵات و یەكێتیش، بەڵام شەهیدان، لەناخی خەڵكدا ڕێزی تایبەتی خۆیان ھەیە لە مێژووی گەلەكەمان، چونكە ئامانجەکانیان ڕەوا بووە و هێشتا شایەنی درێژەپێدانن و دەبێت هەوڵ بۆ بەدیهێنانی بدرێت.
ھەر بۆیە دەبێت ھەمیشە ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرین، هەوڵبدەین باری داراییان لە ئێستایان زۆر باشتر بکرێت و ڕێکخراوتر بن، هەروەها بایەخی تەواو بەکۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بدرێت، بایەخ بە گەنجان و لاوانمان بدرێت وەك سامانێكی نەتەوەی سەیربكرێن.
شەهیدان سەرقافڵەی ئازادی و خەباتی نەپساوەی میللەتەکەمانن، دەبێت لە ئاستی خەبات و قوربانی دانی شەھیدانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستاندا سەری ڕێز و وەفا دابنەوێنین ، دەشبێت هەموومان لەبەرامبەر ڕۆحیاندا بەوەفابین، بەوەفابوونیش تەنها بەوە دەبێت کە لە پێناو ئامانجەکانیاندا تێبکۆشین، ئەو ئامانجانەی کە بە داخەوە ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر بە لاڕێدا دەبرێت ، ئەوەش زیانێكی گەورە لە پرسی نەتەوەكەمان دەدات.
بەرز وپیرۆزبێت یادی شەهیدانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و ھەر بەم بۆنەیەوە سەری ڕێز بۆ سەرجەم شەھیدانی نەتەوەكەمان دادەنەوێنین.
حاکم قادر حەمەجان
ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی (ی.ن.ک)