چه‌ند زانیارییه‌كی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ سه‌باره‌ت به ‌مار ... وه‌رگێڕانی له‌ئینگلیزییه‌وه‌: والی عه‌لی

مار یه‌كێكه‌ له‌زینده‌وه‌ره‌ خشۆكه‌كان و له‌ڕوی قه‌باره‌و جۆرو ئاستی كوشنده‌ییان، زۆر جیاوازن. ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ چه‌ند زانیارییه‌كی سه‌رنجڕاكێشن سه‌باره‌ت به‌م زینده‌وه‌ره‌.

1. گیاندارێكی گۆشتخۆره‌، ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ كه‌ ته‌نها گیاندار ده‌خوات نه‌ك رووه‌ك. زۆرجار گیانداره‌ بچوكه‌كانی وه‌ك مێرووه‌كان، باڵنده‌، بۆق و زینده‌وه‌ره‌ بچوكه‌ مه‌مكداره‌كان ده‌خوات.

2. نزیكه‌ی حه‌وت سه‌د جۆر ماری ژه‌هراوی هه‌یه‌ له‌جیهاندا، له‌مانه‌ش نزیكه‌ی 250 جۆریان ده‌توانن به‌ ته‌نها یه‌ك پێوه‌دان مرۆڤ بكوژێت.

3. ماری ده‌ریا له‌ژه‌هراویترین جۆره‌كانی ماره‌ له‌جیهاندا.

4. جۆرێك مار هه‌یه‌ پێیده‌ووترێت ماری مه‌رجانی. ئه‌م جۆره‌ هه‌رچه‌نده‌ زۆر ژه‌هراوییه‌، به‌ڵام به‌گشتی قینله‌دڵ و دوژمنكار نیه‌و وه‌ك كۆتاهه‌وڵ په‌نا بۆ پێوه‌دان ده‌بات.

5. گه‌وره‌ترین مار له‌سه‌رتاسه‌ری مێژودا، جۆرێكه‌ پێیده‌ووترێت تیتانۆبوا. درێژیی ئه‌م جۆره‌ چوارده‌ مه‌تری تێپه‌ڕاندووه‌و كێشه‌كه‌شی هه‌زارو 300 كیلۆگرام زیاتر بووه‌. ئه‌م جۆره‌ ماره‌ كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا قڕیكردووه‌و نه‌ماوه‌، نزیكه‌ی 60 ملیۆن ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌دارستانی باراناوی كۆڵۆمبیا، هاتوچۆی كردووه‌‌.

6. جارێك مارێكی جۆری كۆبرا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌جۆره‌ كوشنده‌كان، به‌ جوتیارێكی نیپاڵییه‌وه‌ ده‌دات به‌ناوی محه‌مه‌د سه‌لمۆدین، له‌به‌رامبه‌ردا جوتیاره‌كه‌ش پێوه‌ی ده‌داته‌وه‌. سه‌ره‌نجام كۆبراكه‌ مردو پیاوه‌كه‌ش رزگاری بوو.

7. ساڵانه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا 50 هه‌زار كه‌س به‌هۆی مارپێوه‌دانه‌وه‌ گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، به‌ڵام له‌و ژماره‌ زۆره‌، ته‌نها پێنج كه‌سیان له‌ ئوسترالیایه‌، هه‌رچه‌نده‌ كوشنده‌ترین ماره‌كان له‌وێ ده‌ژین.

8. هاوڵاتییه‌كی هندی به‌ناوی ڤاڤا سورێش زیاتر له‌ 30 هه‌زار ماری گرتووه‌ كه‌ سێسه‌دیان جۆری كۆبرای پادشایه‌، كه‌ به‌ هه‌ر كه‌سێكه‌وه‌ بدات، ده‌یكوژێت. ئه‌م براده‌ره‌ 250 جار مار پێوه‌یداوه‌و نه‌مردووه‌و به‌هۆی ئه‌م پێوه‌دانانه‌وه‌ لانیكه‌م پێنج جار خراوه‌ته‌ ژێر هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرده‌وه‌.

 

9. له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی پێیده‌ووترێت ماری كۆبرای پادشا، كۆبرا نیه‌، به‌ڵام بۆیه‌ ناونراوه‌ كۆبرای پادشا چونكه‌ مار له‌وانه‌ش جۆری كۆبرا وه‌ك خواردن، ده‌خوات.

10. ژه‌هری ماری كوشنده‌ی دره‌خت وات لێده‌كات كه‌ له‌هه‌موو كونێكی جه‌سته‌ته‌وه‌ خوێن فیچقه‌ بكات تا گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌یت.

11. ماری دووسه‌ر هه‌رچه‌نده‌ یه‌ك گه‌ده‌یان هه‌یه‌ به‌ڵام له‌سه‌ر خواردن، شه‌ڕ له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌كه‌ن.

12. ‌ویلایه‌تی فلۆریدا زیاتر له‌حه‌فتا جۆر ماری تێدایه‌، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ش مرۆڤ 500 ئه‌وه‌نده‌ی مارپێوه‌دان، له‌لایه‌ن سه‌گه‌وه‌ گازیان لێده‌گیرێت.

13. ماری ئاویش هه‌روه‌ك كیسه‌ڵ، تیمساح، دۆلفین، نه‌هه‌نگ و چه‌ند زینده‌وه‌رێكی تری ئاوی، ئه‌گه‌ر زۆر له‌ژێر ئاودا بمێننه‌وه‌، ده‌خنكێن.

14. جۆرێك مار هه‌یه‌ پێیده‌ووترێت ماری ده‌نوكداری ده‌ریا. ته‌نها یه‌ك دڵۆپ له‌ژه‌هری ئه‌م جۆره‌ ماره‌، ده‌توانێت سێ كه‌سی پێگه‌یشتوو بكوژێت.

15. ساڵی 2016 ئه‌ستێره‌یه‌كی ئیندۆنوسیی بواری موزیكی پۆپ پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و ماره‌ی دانسی له‌گه‌ڵ ده‌كرد له‌سه‌ر سته‌یج، پێوه‌یدا، هه‌رله‌سه‌ر سته‌یجه‌كه‌ گیانی له‌ده‌ستدا. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسوڕمان بوو، ئه‌ستێره‌كه‌ بۆ ماوه‌ی 45 خوله‌كیش پاش له‌پێوه‌دانه‌كه‌ هه‌ر به‌رده‌وامبوو له‌دانس، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ ژه‌هری ماره‌كه‌ كه‌ له‌جۆری كۆبرا بوو، خستی. 

16. له‌ برازیل دورگه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتداران نایه‌ڵن خه‌ڵكی سڤیل بچنه‌ناوییه‌وه‌ چونكه‌ هه‌ر مه‌ترێك چوار گۆشه‌ی ئه‌و دورگه‌یه‌، پێنج ماری تێدایه‌.

17. بیڵ هاست پیاوێك بووه‌ كه‌ به‌ پیاوی ماره‌كه‌ ناسراوه‌. زیاتر له‌ 170 جار ماری ژه‌هراوی پێوه‌ی داوه‌. هاست بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ شه‌ست ساڵ، به‌شێوه‌یه‌كی رۆژانه‌ به‌ ده‌رزی، ژه‌هری ماری له‌خۆیداوه‌، به‌هۆی ئه‌مه‌وه‌ خوێنه‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند بووه‌ به‌ دژه‌ته‌نه‌كان و به‌هۆی ئه‌م خوێنه‌ نایابه‌شییه‌وه‌، ژماره‌یه‌كی بێشومار خه‌ڵكی له‌مردن رزگاركردووه‌. دواجار له‌ته‌مه‌نی سه‌د ساڵیدا  كۆچیدوایی كردووه‌.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu