یادمانی گەشمەرگی پێشمەرگە ئەمیری عەبدەخڕەی. . . دڵشاد تاقانە

 

هەرکەوتەکی دەگمەنی پێشمەرگایەتی، تایبەتمەند بەنەترسی و ئازایەتی، هەتا برێی بوێر هەرگیز نەدەسڵەمیەوە لەکایە پڕ مەترسیەکان خۆڕاگر و بێ وێنە. چاوەکانی تیژ و تیشکی جوامێری لێ دەتروسکانەوە کەسایەتیەکی بێ فیز و بایی هەرگیز پلەی تایبەتی بەرپرسی نەدەویست بەڵام لەناو شەڕەکان فەرماندە و هێرشکار و دوژمن بەزێن هەروا خەمڵاو خاراوی پێشمەرگایەتی بوو.

نزیک و خەتەر. .

هەموو کات دروشمی بوو دەیگۆت: بڕوام بەدوور و سەلامەت نیە، بڕوام بەنزیک و خەتەرە. وەک قسەکی نەستەق لەناو پێشمەرگە دەگۆتراوە. دژی ئەو گۆتەبوو کە دەڵێ: دوور بڕۆ سەلامەت وەرەوە. واتا ڕێگایەکی دوور ببڕی و ماندی بی بەڵام نەوێری لەڕێگا نزیکەوە بڕۆی کە مەترسیدارە. ئەو بەڕاستی پێشمەرگ بوو هەمیشە ڕێگا سەخت و دژوارەکانی هەڵدەبژارد لێوەشاوەی ئەو بار و دۆخانە پێشەنگ و پێشڕەوی دەکرد. کاتەک تیپی نەوەدوسێی کۆیە لەگوندی کانی وەتمانی دۆڵی خەلەکانێ دەیانەوێ ئێوارەدابی ناقیلە عەسکەریەکەی خوار ئاوایی بڕوا و لەجادەی بپەڕنەوە لۆ دەشتی کۆیە. شەهید ئەمیر دەرێ: ڕاناوەستم هەتا شەوێ، دەی میکایل بابڕۆین. تفەنگ و تاقمەکەیان دەخەنە ناو تێڕکەی سەرپشتی کەرەکە و شەهید ئەمیر سوار دەبی، شەهید میکایلیش لەگەری بەنزیک مدەڕەعەکە بەڕۆژی ڕوناک لەجادەکە دەپەڕنەوە. هەتا تیپ بەڕێدەکەوی ئەوان لەچیای هەیبەسوڵتانی ئاودیوی دەشتی کۆیە دەبن.

خاو وخلیچک. .

پێڵاوەکانی سۆلانی بەسەر پێیەوە دەکرد، وادەهاتە بەرچاو بەڵام کاتی قەومان گەلەک توند و بەند و دەسکەرەوە. کەس باوەڕی نەدەکرد لەشەڕ پڵینگە و چاوی لەگولە ناترسێ لەهەموو هێرشی سەر ڕەبایەکان یەکەم کەس بوو دەچووە ژوورێ. هەمیشە ئاسایی بەتەنیا و تاک تاکەی برادەرەکانی دەگەڕا، سەرکردەی تەنیا بەڵام کاتی چالاکی و شەڕ دەهات زۆربەی جارانیش دەستەی هێرش.

هاوەنهاوێژ. .

دیاربوو هەندەک زانیاری لەسەری هەبوو لەبناری قەندیلەوە چۆوە دۆڵەڕەقە هاوەنەکی شێست ملیمی بەبرادەرایەتی وەرگرت و هینا بەچەند گولەکەوە، دایمەزراند و هەمووی لەکاتەکی کورتدا هاویشت لەدەوروبەری ڕەبایەکانی دا بەس گولەهاوەنی یەکەمی کەس نەیزانی لەکێندەر کەوتەوە. گۆتی زراوم بردن ئێستا وادەزانن هەزاران گولەمان پێیە. کەتەواوبوو هاوەنەکەی برد و ڕۆیشتەوە دۆڵە ڕەقە پرسی بەهیچ فەرماندەکیش نەکرد چونکە هەموو کارەکانی لەجێ و جوامێرانەبوو کەسیش نەیدەوێرا برێ لۆ وات کرد!

ساوارخواردن. .

لەدەشتی هەولێرێ هاوینان تەماتە وجارێ زستانان ساوار ڕیخەرۆکی دەتەقاندی نیوەڕۆ و ئێوارە جەمی نەبڕاوەبوو. کاتی دابەش بوون مارەکە ساواری لۆ دادەنێن، شەهید ئەمیر دەنگی هەندەک تیژ بوو هاواری لێ هەردەستی: وەرە کچی خوای. . لایبە هەتا تەقەم لێ نەکردیە، چۆڕە ماستەکم لۆ بینە بەزیادبی. لەگەر برادەرە نزیکەکانیشی پێیدەگۆتن: کوڕی خوای هەمووان زۆریان خۆشدەویست چونکە کەسایەتیەکی ڕۆحپەرە و بێ شێوەبوو. ئارەزوومەندی گوێگری گۆرانی و تەسجیلەکی گچکەی پێ بوو جگە لەڕادیۆ گۆرانیە عەرەبیەکانی سەعدلبەیاتی لێدەدا ئەوجا عەرەبیشی نەدەزانی بەڵام هەمیشە کەیفخۆش.

جەمەدانی. .

دەگمەن جەمەدانی لەسەردەنا وەک لەو وێنە دەردەکەوی زۆربەی جاران لەبن هەنگری بوو، کڵاوەکی قوتی لەسەر و پیاوەکی سەرنج ڕاکێش و خۆشەویستی هەمووان حەزیان لەبرادەرایەتی کردنی دەکرد. ڕێزی تایبەتی لێدەگیرا و کەس فەرمانی بەسەردا نەدەکرد زیاتر لەکەرتی تیپ بوو هەموو سەرتیپەکانیش خۆشیان دەویست.

خارە ئەمیر. .

مرۆڤێکی سادەی سەرڕاست بێ پێچوپەنا، لەگەر برادەرەکانی تەبا و جێی متمانە، یاری دانیشتن و کەشخۆشی، گێی نەدەدا بەنەهات و نەهامەتیەکان. بەڵام ئارەزووەکی زۆر خۆڕاگر لۆ هەموو هاتەکی نەخوازراو ناخۆش هەمیشە پێشمەرگەبوو.

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu