.لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕۆژنامەنووسێکی ناسراو لە ڕۆژنامەی سومعەداری ئەمەریکیدا The American prospect، ناوی سەرۆك وەزیرانی کوردستان و بنەماڵەکەی لە ڕاپۆرتێکدا بە گەندەڵیەوە لکاند.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشمەرگە لە سەنگەرەکاندا بێ چەك دەکوژرێ و دەرماڵەی قوتابیان نادرێ.
بابەتەکە لە سەرتاسەری جیهاندا هەڵای نایەوە. خۆ ڕەنگە وتارەکە هەڵوێستی حکومەتی ئەمەریکیش بگۆڕێ. ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی کوردستان، یان ئۆفیسەکەی، لێدوانێکی لەسەر ئەو بابەتە دا. مەخابن، وەڵامەکەی جێی نیگەرانی هەمووانە.
ئێستا تەنیا لە پەرەگرافێکی لێدوانەکەی دەکۆڵمەوە. ئەوە ناهێنێ لە هەمووی بڕوانین.
یەکەم: لە بەشێکی پاساوی سەرۆك وەزیراندا هاتووە:
"نووسەری ڕاپۆرتەکە بۆ هەڵبەستنی درۆیەکانی پشتی بە کۆنتراکتێک بەستووە، کە گوایە واژوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەم واژویە هیچ پەیوەندییەکی بە سەرۆکی حکومەتەوە نیە. "
ئەو بەڵگەنامەیەی هەموومان دیوومانە، ناو و واژۆی سەرۆك وەزیرانی کوردستانی لەسەرە. من هیچ هەڵوێستێك وەرناگرم، چونکە لە بابەتەکە نەکۆڵیمەتەوە. هەڵبەت گەر ئەمانە پەیوەندیان بەوەوە نیە، لێدوانی ناوێ، پێویستە لە دادگای ئەمەریکا داوای قانونی تۆمار بکات. ئەمەریکا، بە پێچەوانەی کوردستانەو، دەوڵەتی قانونە، و دەتوانێ ڕۆژنامەکە و ڕۆژنامەنووسەکەش ڕاپێچی دادگا بکات. گەر ڕۆژنامەکە درۆی هەڵبەستبێ، دادگا بە تاوانباری دەبینێتەوە و سەرۆك وەزیرانیش قەرەبوویەکی چاك دەکرێتەوە. گەر سەرۆك وەزیران وا نەکات، مانای ئەوەیە ئەوەی ڕۆژنامەکە نووسیویەتی ڕاستیە.
.
دووەم: گەر ئەوەی سەرەوە پاساوێکی لاوازە، چاوەنواڕی پاساوی دووەم بن، کە لێدوانەکەی سەرۆك وەزیران دەنووسێ:
"دوای بەدواداچوونمان، دەرکەوت نووسەری ڕاپۆرتەکە، پەیوەندی لە گەڵ خێزانی پەرلەمانتارێکی کوردی پێشووی عێراقەوە هەیە کە هاووڵاتی ئەمەریکییە و بە هەڵوێستەکانی دژ بە خەڵکی کوردستان ناسراوە و بە هۆی کردەوە و هەڵوێستی خۆفرۆشانەی، لە لایەن خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستانەوە، سزا درا و لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگی پێ نەدرا و ڕیسوا کرا. "
زۆر جێی داخە کە ئەمە چووەتە سەر کاغەز. سەرۆك وەزیران پۆستێکی پایەبڵندە و دەبێ لە ئاستیدا مامەڵە بکرێ.
سەرۆك وەزیران دەیەوێ لکاندنی ناوی بە گەندەڵیەوە لەلایەن ڕۆژنامەنووسێکی پایەبڵندی ئەمەریکاوە، بەوە بشارێتەوە، کە گوایە رۆژنامەنووسەکە - بە قەولی کوردەواری - "بێ ئەخلاقە"، پەیوەندی سێکسی بە خانمێکی کوردەوە هەیە. ئەمیش هاوسەری ئەندام پەڕلەمانێکی پێشووی کورد بووە لە پەڕلەمانی عێراقدا. سەد مەخابن! پەیوەندی دوو کەس، گەر هەشبێ، بێ ئەخلاقی نیە. لە وڵاتی شارستان و قانوندا ئاساییە.
لە لۆجیکی پاساوەکەش تێ ناگەم. با بڵێین - دیارە باوەڕم پێی نیە - ڕۆژنامەنووسەکە پەیوەندی بە خانمێکی کوردەوە هەیە. ئەی بۆچی ڕۆژنامەنووسەکە دەیەوێ سەرۆك وەزیرانی کوردستان لەکەدار بکات. تێ ناگەم.
سەرۆك وەزیرانی کوردستان تەنیا بە ناوزڕاندنی خانمێکەوە ناوەستێ، ئێستا پەلاماری هاوسەری دەدات، دەنووسێ: ئەندام پەڕلەمانێکی "خۆفرۆش" بووە. با ڕوونتری بکەمەوە: سەرۆك وەزیران بە ئەندام پەڕلەمان دەڵێ، خۆفرۆش. گەر وابێ، مانای ئەوەیە کە گەلی کوردستان دەنگیان بە خۆفرۆش داوە. ئەمە پێگەی سەرۆك وەزیران خۆی زۆر لاواز دەکات و سوکایەتیەکی قورسیشە بە دەنگدەری کورد، یان بە گەلی کوردستان.
دیارە ئەم بابەتە بەهیچ جۆرێك پیویستی بە لێدوان نیە. گەر سەرۆك وەزیران ڕاست دەکات، بە ناهەق لەکەدار کراوە، دەتوانێ ڕێکاری قانونی بگرێ. کە دیارە وەك وتم ئەمەریکا وڵاتی قانونە و مافی نافەوتێ.
با بە زمانی خەڵك ڕوونی بکەمەوە، سەرۆك وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چ دەڵێ:
ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکیەیی کە ناوی سەرۆك وەزیرانی بە گەندەڵیەوە لکاندووە، بۆ سێکس وای کردووە. ئەو کەسەش کە سێکسی لەگەڵ کراوە، ژنی ئەندام پەڕلەمانێکی خۆفرۆشی پێشووی عێراقە.
سەد حەیف و سەد مەخابن کە گەیشتینە ئێرە!