ئەگەر سەیری كەشوهەوای بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەین، پێشبینی ناكرێت گۆڕانكاریی بنچینەیی لە نەخشەی سیاسیی عێراق ڕوو بدات، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردنەكان دەبێتە هۆی جێگۆڕكێ لە باڵانسی هێز، بە شێوەیەك یەكلاكەرەوە دەبێت لە نێوان هێزە سیاسییەكاندا، كە نوێنەرایەتیی پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق دەكەن، ئەمەش كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر شێواز و پێكهاتەی حكوومەتی داهاتووی عێراق دەبێت.
ئەوەتا بۆ یەكەمجارە لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق و ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس، شیعەكان بەم شێوە پەرتەوازەییە بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكەن، ئەمە هاوكاتە لەگەڵ لاوازبوونی كاریگەریی مەرجەعی ئایینی، هاوكات هەژموونی ئێران لە پاشەكشەدایە لە بەرامبەر زیادبوونی كاریگەریی وڵاتانی عەرەبی، ئەمەش چانسی رەوتی سەدر زیاتر دەكات لە سەركەوتنی یەكلاكەرەوە لە بەرامبەر پاشەكشەی لیستەكانی حەشدی شەعبی، بەو هۆكارەی، لە ماوەی ڕابردوودا بە پاڵپشتیی سەرۆكوەزیران (مستەفا كازمی) بووە بۆ كەمكردنەوەی هەژموونی ئێران و گرووپە نزیكەكانی لە عێراق، ئەمە سەرباری شێوازی هەڵبژاردن كە دابەشكردنی هەر پارێزگایەك بۆ چەند بازنەیەك، ڕێك لە بەرژەوەندیی رەوتی سەدرە، بە تایبەتی بە هۆكاری بوونی مەركەزیەت و بڵاوبوونەوەی لایەنگرانی لە زۆرینەی ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، هاوكات لەم هەڵبژاردنەدا كاندید چەقی ڕكابەرییە نەك لیست و هاوپەیمانی، كە ئەمەش چانسی لایەنەكانی تری شیعە كەمتر دەكاتەوە، كە پێشتر لە شێوەی هاوپەیمانی قەرەبووی جیاوازییەكانیان دەكردەوە لەگەڵ رەوتی سەدر، هاوكات نزیكیی ڕەوتی ناوبراو لە پارتی و هاوپەیمانيی پێشكەوتنی سوننەكان، هاوكار دەبێت بۆ یەكلاكردنەوەی سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عێراق لە بەرژەوەندیی خۆی.
تایبەت بە سوننەكانیش ئامادەكارییەكان جیاوازن لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو، بەو هۆكارەی لە ئێستادا زۆرینەی ئاوەرەكان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان و تارادەیەكی باش سەقامگیری بوونی هەیە، ئەمە سەرباری زیادبوونی هاوكاریی وڵاتانی عەرەبی بۆ سوننەكان لە عێراق، ئەنجامەكانی ئەم پێشهاتانەش لە بەرژەوەندیی لیستی سەرۆكی ئێستای پەرلەمانە، بە شێوەیەك پێشبینییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە هاوپەیمانیی پێشكەوتن بە سەرۆكایەتیی (محەمەد حەلبوسی)، زۆرینەی كورسییەكانی پارێزگا سوننەكان بەدەست بهێنێت، ئەمەش مانەوەی ناوبراو لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان تاڕادەیەكی زۆر یەكلا دەكاتەوە و نەخشەی سیاسی لە عێراق تاڕادەیەكی زۆر بە هەمان ریزبەندیی ئێستا دەبێت و سوننەكانیش زیاتر بەرەو رێكخستنەوەی ریزەكانیان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەیان هان دەدات، هاوكات لە دوایین راپرسییەكان سەبارەت بە ڕێژەی بەشداریی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردندا، ئەوە دەردەخات كە سوننەكان لە هەمووان زیاتر بەپەرۆشترن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، بەمەش دەكرێ لە ئایندەدا پارێزگا سوننەكان بەرەو ڕاگەیاندنی فیدراڵی لەناوچەكانیان هەنگاو بنێن.
لە كوردستانیش پێشبینییەكان بە هەمان ئاراستەی عێراقە و زیاتر بەرەو یەكلابوونەوەی زۆرینەیە لە بەرژەوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەو هۆكارەی كە حیزبێكی سەرتاسەری و خاوەن مەركەزییەتێكی بەهێزە، هاوكات هێڵی یەكەمی بەرەنگاربوونەوەی فشارەكان و هەڕەشەكانی بەغدا بووە و فریادڕەسی قەوارەی هەرێم بووە لە چەندین وێستگەی جیاواز، لە بەرامبەردا لایەنە كوردستانییەكانی ڕكابەری پارتی، خاوەنی ڕێككەوتنی بەدەستەوەدانی نیوەی خاك و، بەشێكی تریان ئەندازیاری بڕینی بودجەن، ئەمە لە كاتێكدایە كۆمەڵێكی تر لە نوێنەرانی بەناو سەربەخۆ، خەریكی نانەوەی كێشە و دوورخستنەوەی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و ناوەند بوون لە ڕێگەی پێدانی داتا و زانیاریی هەڵە بە بەغدا، بە جۆرێك بەربەستی سەرەكی بوون لە گەیشتنە ڕێككەوتنی هەردوو حكوومەت كە كاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر قووڵبوونەوەی قەیرانی دارایی لە هەرێم و نەناردنی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق، بۆیە هەموو ئەمانە كاریگەرییان لەسەر ئاراستەی دەنگدانی دەنگدەران بە لیستە جیاوازەكان دەبێت، لە حاڵەتی بەدستهێنانی زۆرینەش لەلایەن پارتییەوە، بە تایبەتی دوای ڕووداوەكانی ٨ی تەمموز لە سلێمانی و رێككەوتنی سەرەتایی لەگەڵ ڕەوتی سەدر، زامنی كوردستانێكی بەهێز و دەستەبەركردنی مافەكانی گەلی كورد لە بەغدا دەكات.
هاوكات ئەم سیستمە نوێیەی هەڵبژاردن دەكرێ بە فریشتەی گیانكێشانی حیزبە بچووكەكان هەژمار بكرێت، كە چانسی سەركەوتنی كاندیدەكانیان زۆر لاواز دەبێت، ئەمەش یارمەتیدەری حیزبە گەورەكان دەبێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی رەوتی پێكهێنانی كابینەی داهاتوو، بە تایبەتی لە نێوان هێزە سیاسییە گەورەكان لە هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق، بۆیە بەپێی پێشبینییەكان، ئەنجامەكانی ئەم هەڵبژاردنە لە خزمەت هەر پارتێكی سیاسیدا بێت، ئەوا یەكلاكەرەوە دەبێت و لە هەمان كاتدا ئەنجامی ڕاپرسیی زۆرینەی ناوەندەكانی تایبەت بە هەڵبژاردن، بە ئاراستەی سەركەوتنی هەرسێ رەوتی سەدر لە شیعەكان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە كورد و هاوپەیمانیی پێشكەوتنە لە پێكهاتەی سوننەكان، كە ئەمەش تاڕادەیەكی زۆر بە مانای بەردەوامبوونی ئەم تەوافوقەی ئێستا دێت، كە بناغەی حكوومەتی ئێستای عێراقە، كە جۆرێك لە سەقامگیری بۆ حكومڕانیی شیعەكان و ئارامی بۆ سوننەكان و لێكتێگەیشتنی باشی لە نێوان هەردوو حكوومەتی بەغدا و هەولێری لێ كەوتووەتەوە.