له‌ حاجی مامه‌ند به‌ره‌و قه‌ره‌داغ و ده‌ربه‌ندیخان ... ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

وانه‌كانی ژیان:

هاورێیانی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و كه‌ركوك له‌ مانگی نیسانی 1983 ئاگادار كرابوون كه‌ ساردی و گرژی له‌ نێوان حزب و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان (ینك) هه‌یه‌و، بۆ ئه‌وه‌ی حزب تووشی شه‌ر نه‌بێت ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاورێیان به‌ تایبه‌ت هاورییانی عه‌ره‌ب و ئه‌وانه‌ی پێویستیان به‌تیماركردن هه‌یه‌و ناردیان بۆ نه‌خۆشخانه‌كانیده‌ره‌وه‌ی وڵات نێردران بۆ سه‌ركردایه‌تی حزب له‌ پشتاشان و، هاورێ برایمی سۆفی مه‌حمود { بابی تارا} له‌ گه‌ڵ مه‌فرزه‌یه‌ك له‌ دێی حاجی مامه‌ند ره‌وانه‌ی ئه‌حمه‌دئاوای هه‌ورامان كرابه‌ نیازی دۆزینه‌وه‌ی شوێنێك بۆ باره‌گای مه‌ڵبه‌ندو له‌ به‌ره‌به‌یانی 30 ی نیسان (ئه‌پریل) هاوری به‌هادین نوری (بابی سه‌لام) و هێزێكی گه‌وره‌ به‌ره‌و قه‌ره‌داغ كه‌وتنه‌رێ.
لهرۆژی 1 ی ئایاری 1983 له‌ پشتاشان شه‌ر بوو، ئێمه‌ نه‌ماده‌زانی شه‌ره‌و مه‌ڵبه‌ندی یه‌كی ینك چۆڵ بوو هه‌موو پێشمه‌رگه‌كانیان ره‌وانه‌ی پشتاشان كرابوون بۆ به‌شداری كردن له‌ كوشتنی شیوعییه‌كان و، له‌ هه‌مووی سه‌یرتر به‌ بۆنه‌ی چه‌ژنی كرێكارانی جیهان شاندێكی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كی ینك پێكهاتبوو له‌ كاك سالار عه‌زیزو یه‌كێكی تر هاتن بۆ پێشكه‌شكردنی چه‌ژنه‌ پیرۆزه‌و و من هاورێیكۆچكردوومه‌حمود دیكتاریۆف پێشوازیمان لێكردن و، له‌ 2 ی ئایار هه‌رچی هێزامان هه‌بوو به‌ فه‌رمانده‌یی هاورێ مه‌لا عه‌لی به‌ره‌و قه‌ره‌داغ كه‌وتینه‌رێ، واته‌ مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و كه‌ركوك له‌ حاجی مامه‌ند نه‌ماو چۆڵكرا.
له‌ دێهاتی كه‌ماڵان و ده‌روه‌ن فه‌قه‌ره‌و ئه‌و ناوچانه‌‌ بووین رادیۆكه‌ی ینك مزگێنی و مژده‌ی سه‌ركه‌وتنی قه‌سابخانه‌كه‌ی پشتاشانی بڵاو ده‌‌كرده‌وه‌و نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌سی دووه‌می ناو یه‌كێتی به‌ شانازی و لووتبه‌رزییه‌وه‌ ئه‌یقیژاندو ده‌‌یوت “” ته‌حریفییه‌كانمان”” مه‌به‌ستی شیوعییه‌كان بوو كوشت و كه‌میان ماوه‌ په‌روباڵیان ده‌كه‌ین و له‌ناویان ده‌‌به‌ێن و، حزب زۆر جار تووشی وشه‌ی له‌ ناویان ده‌‌به‌ێن بووه‌ته‌وه‌و درنده‌ترینیان شاڵاوه‌كه‌ی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو بوو، هیرشه‌ چه‌په‌ڵه‌كه‌ی پشتاشان كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی ینك په‌لانی بۆ دارێژرابوو بووه‌ هۆی شه‌هیدكردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كادیرو پێشمه‌رگه‌كانی حزب به‌ڵام به‌ كوێرایی چاوی دوژمنان له‌ هه‌موو ئه‌و جۆره‌شاڵاوانه‌ شیوعییه‌كان سه‌ربه‌رزو روو سووربوون و دوژمنان سه‌رنه‌ویی وسه‌رشۆرو دۆراوو روو زه‌رد بوون.
له‌ رێگادا به‌ره‌و قه‌ره‌داغ له‌ 2/5/1983 چه‌كدارێكی (ینك) مان به‌ناوی ره‌حیم گرت و له‌ پاش چه‌ند كاتژمێرێك ئه‌و كادیره‌مان به‌ره‌ڵا كردو، نه‌مانزانی چه‌كداره‌كانی ینك له‌ دێی مه‌سۆیی قه‌ره‌داغ ترسنۆكانه‌ بۆسه‌یان بۆ هاورێیانمان داناوه، به‌ڵێ، له‌ 2/5/1983 له‌ دێی مه‌سۆیی قه‌ره‌داغ چه‌كداره‌كانی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كی ینك كه‌مینێكیان بۆ مه‌فره‌زه‌یه‌كی 7 كه‌سی له‌ هاورێیانمان داناو ئه‌م دوو قاره‌مانه‌: كادیری پێشكه‌وتوو نه‌جیب شیخ محه‌مه‌د قادر { گۆران} و كامیل ئه‌حمه‌د سه‌مینی كانی ساردی شه‌هید بوون و، ئه‌م تێكۆشه‌رانه‌: كامه‌ران عه‌لی عه‌بدولقادر{ كامه‌رانی عه‌له‌ ره‌ش} و ساڵه‌حی مینه‌ی گه‌وهه‌رو ره‌ووف حاجی محه‌مه‌د كاكه‌وڵا گوڵانی { جه‌وهه‌ر} بریندار كران و هه‌ردوو پێشمه‌رگه‌ی ئازا حه‌مه‌ سه‌عیدو ئیسماعیل به‌دیل گیران.
هێزه‌كانی حزب له‌ قه‌ره‌داغ بڵاوه‌یان پێكرا له‌ دێهاتی: ئه‌ستێڵ و كۆشك و ته‌كییه‌و سێوسێنان و، من له‌ گه‌ڵ هاورێی چاونه‌ترس و ئازا ته‌وفیق فه‌تحوڵلاو ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی دلێر له‌ ئه‌ستێڵ ماینه‌وه‌و، واتا ئێمه‌ له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ بووین بۆرووبه‌رووبوونه‌وه‌ی دوژمنان و له‌و كاتانه‌دا ژماره‌یه‌ك چه‌كداری ینك ویستیان ده‌ست بوه‌شێنن و له‌ یه‌كه‌مێن هاواری هاورێتێكۆشه‌ر ته‌وفیق رایانكردو تا نزیك دێی چه‌می سمۆر به‌دوایان بوو به‌ زۆر وبه‌ هاواركردن هاورێ ته‌وفیق گه‌رایه‌وه‌و بۆ لامان و ئه‌وه‌ی سه‌یره‌و جێی ئاماژه‌یه‌ له‌و باره‌ دژواره‌دا دوو پێشمه‌رگه‌مان له‌ بن دار برویه‌ك خه‌وتبوون و چه‌كه‌كانیانكردبوو به‌ چڵێكی داره‌كه‌ و من هاورییه‌ك به‌ ئیسپایی چه‌كه‌كانمان هه‌ڵگرت و دوورمان خستنه‌وه‌وله‌ دووری نزیكه‌ی50 مه‌تر دوو سێ فیشه‌كمان ته‌قاندو هه‌ردوو پێشمه‌رگه‌كه‌ به‌ ئاگا بوون و هاتن و داوای چه‌كه‌كانیان ده‌كردو ئێمه‌ش وتمان ملی ئه‌م رێگایه‌ بگرن برۆنبۆ دێی ته‌كییه‌ و ئه‌بو سه‌لام له‌وێیه‌ و چه‌كه‌كانتان له‌وی وه‌رگرنه‌وه‌و ویستیان ده‌مه‌ ده‌مه‌ بكه‌ن به‌ڵام وتمان ئێوه‌ له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ ده‌ركراون و تا زووه‌ بچن وفێر بن ئه‌گه‌ر جارێكی تر خه‌وتن با چه‌كه‌كانتان له‌ ژێر سه‌رتان بێت.
هێزه‌كانمان له‌ گه‌ڵ هێزی حزب له‌ قه‌ره‌داغ و گه‌رمیان یه‌كیان گرته‌وه‌و، به‌سه‌ر دێهاتی دێوانه‌و باوه‌خۆشێن وئیمام قادر بڵاوبوونه‌وه‌و، رێكخراوه‌كانی حزب له‌ ده‌ربه‌ندیخان و دیهاتی ده‌ورو پشت خواردن و پێداویستییه‌كانیان گه‌یانده‌ پێشمه‌رگه‌كان.

بۆ ئێواره‌كه‌ی له‌ سه‌ر شاخ له‌ نزیك ئیمام قادر چه‌كداره‌كانی ینك كه‌وتنه‌ ته‌قه‌كردن له‌ هاورێیانمان كه‌ له‌ سه‌ر شاخ بوون و له‌ پاش چه‌ند سه‌عاتێك ته‌قه‌كردن له‌ نێوان هاورێیان و چه‌كداره‌كانی ینك هه‌ڵهاتن وشاخه‌كه‌یان به‌جێهێشت و چوون و، له‌و رۆژانه‌دا له‌ باوه‌ خۆشێن براژنم خانزادو به‌شێك له‌ خزمان له‌ ده‌ربه‌ندیخانه‌وه‌ به‌ كه‌باب و گۆشت وچێشتی گه‌رمه‌وه‌ هاتن بۆ دیده‌نیم.

له‌ 10 ئایاری 1983 له‌ دێی دێوانه‌ رێككه‌وتنامه‌یه‌ك له‌ نێوان حزبی شیوعی عێراق به‌ نوێنه‌رایه‌تی هاورییان: مه‌لا عه‌لی و نه‌سره‌دین وشیخ سعید و یه‌كێتی به‌ نوێنه‌رایه‌تی: حه‌مه‌ی فه‌ره‌ج، ماموستا ئه‌نوه‌رو مه‌لا ئیبراهیم واژوو كراو سه‌رجه‌م هاورێیان 6، 7 كه‌س نه‌بێت هه‌ر هه‌موو دژی رێككه‌وتنه‌كه‌ی ابو سلام و ملا به‌ختیار بوون و هه‌ندی له‌ هاورییان ئه‌وه‌نده‌ بیزار بوون وده‌یانوت ئه‌بو سه‌لام ده‌كوژین وئه‌بو سه‌لام ناچاركرا پاشگه‌ز بێته‌وه له‌و رێككه‌وتنامه‌ پر شه‌رمه‌زارییه‌ ‌و ئه‌م خاله‌ش بووه‌ هۆی سركردنی و پاشان ده‌ركردنی له‌ حزب.

بریاردرا هێزه‌كانی حزب به‌ره‌و شاره‌زور بروات و دیاره‌ ئاسان نییه‌ هێزێكی گه‌وره‌ له‌ناو دوو دوژمندا و په‌رینه‌وه‌ی له‌ جاده‌ی نێوان ده‌ربه‌ندیخان و سلێمانی گوزه‌ر بكات به‌ڵام به‌ سه‌لامه‌تی هێزه‌كانی حزب په‌رینه‌وه‌وكه‌ چووینه‌ عازه‌بان و ئه‌حمه‌دبرنه‌و ئالان و حاسڵ و قه‌ڵوه‌زه‌و كانی به‌ردینه‌و دیهاتی شاره‌زور چه‌كداره‌كانی یه‌كێتی به‌ نیازی ده‌ستوه‌شاند بوون و چه‌ندین جار هه‌وڵیانداو زه‌ره‌ریانكردو و ژماره‌یه‌ك به‌دیل گیران و یه‌كێك له‌و چه‌كدارانه‌‌ له‌ دێی سواری به‌ برینداری گیراو بردمانه‌ دێی ته‌په‌كه‌ل ‌و به‌ رێزه‌وه له‌لایه‌ن پزیشكه‌كانی حزب‌ تیماركراو رۆژیك دواتر به‌خه‌ڵكی دێكه‌ ره‌وانه‌ی لای هێزه‌كانی ینك كرا.

هێزه‌كانی به‌ره‌ی جود له‌ شاره‌زور یه‌كیانگرته‌وه‌و بریتیبوون له‌: حزبی شیوعی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان، حزبی سۆشیالیستی كوردستان و پاسۆك و. هپزه‌كانی حزب له‌ شاره‌زور گه‌وره‌ترین هێز بوو بڵاو بوونه‌وه‌ به‌ سه‌ر دێهاتی ناوچه‌كه‌و تووشی شه‌ری قورس بوونه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ سوپای حزبی به‌عس و دیكتاتور سه‌دام حوسه‌ێن و جاش و. له‌ شه‌ری ئه‌حمه‌د برنده هه‌ر له‌ به‌یانییه‌وه‌ تا ئێواره‌ شه‌ر بوو. دوو هاورێ به‌ سوكی بریندار بوون به‌ڵام له‌ داستانه‌كه‌ی سوێله‌میشداله‌ 25/9/1983 دوو هاوری: یاسین حاجی قادرو جه‌لال وێنده‌رێنه‌یی له‌ حزبی شیوعی عێراق و قاره‌مان شیخ جه‌ڵال له‌ حزبی سوشیالیستی كوردستان شه‌هیدبوون و سێ هاوریمان به‌دیلی كه‌وتنه‌ ده‌ستی دوژمن و ئه‌وانیش: محه‌مه‌د فه‌ره‌ج { غه‌مبار}، ئاراس ئه‌كره‌م { ساماڵ} و كازم وروار { یوسف عه‌ره‌ب}و، له‌ 27/9/1983 ده‌سه‌ڵاتی فاشیستی به‌غداله‌ رێی چلكاوخۆروجاش ره‌شه‌ی ساڵحه‌ له‌ سه‌ر ێگای هه‌ڵه‌بجه‌ ــ سید سادق گوللله‌باران كران و. له‌و كاتانه‌دایه‌كێتی له‌ گڤتوگۆیه‌كی گه‌رم بوو له‌ گه‌ڵ رژێمی به‌عسداو هێزه‌كانی چه‌ندین جار هێرشیان كرده‌ سه‌ر هێزه‌كانی حزب به‌ڵام شكستیان هێنا. .

هیزه‌كانی به‌ره‌ی جود كه‌میانكردو ئه‌ندامه‌كانیان ره‌وانه‌ی باره‌گاكان ده‌كران و له‌به‌ر نزیكی شاره‌زور له‌ سه‌ربازگه‌كانی دوژمن حزب هه‌ستی به‌ بارگرانیكردوبڵاوه‌ی به‌ هێزه‌كانی كردو ژماره‌یه‌كی باشی بۆ ناوچه‌ی شه‌مێران ناردو له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌م { ئه‌كتۆبه‌ر} هه‌رچی هێز هه‌یه‌ له‌ شاره‌زور كشایه‌وه‌ به‌ره‌و شاخی سورێن ـ بانی شارو ئه‌حمه‌دئاواو كه‌ره‌جاڵ. ‌

28/6/2021

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu