قینمە لە ( مین ) لە ( ڕومان ) گەر بشکرێت بە ئینجانە
-1-
گەمەیەکی چەپەڵە جەنگ،
گریانی خۆم لەبیردەکەم
پێکەنینی دوژمن. . !
-2-
منداڵیك وتی:-
دەڵێن خودا، هەموو شتێك دەبینێت
بڵێی فرمێسکەکانی منیش!!
- 3 -
هەنگاوەکانم، بەدووم نایەن
پەلم، بۆ کوێ بەکێش دەکەی، دایە. . ؟
پۆستاڵ لەبەر،
کڵاش. .
کاسکێت، کڵاو
شوێنی پێیەکانم نابنەوە
چیمە لەمانە؟!
ئەدی نەتگووت
ئەمڕۆ دەتبەم بۆ لای بابە.
- 4-
جەنگ، بەواتای
بێوەژن کەوتنی
ژنگەلێك
کەباوەشیان ئاوەڵایە
بۆ گەڕانەوەی مێردەکانیان.
بێلانە بونی
منداڵانێك
بە هیوابون،
براکانیان
قەڵەم و دەفتەریان بۆ بکڕێت
تا ئاوسانی، جانتاکانیان.
جەنگ، بە واتای
روتەنکردنی خاك
لە گوڵەبەیبون و نێرگز
پەڕوباڵکردنی باڵندە
کپکردنی هاژەی روبار
کوێرکردنەوەی
کانی ژنان و کارێزی مزگەوتان.
جەنگ
گەرمکەری بازاڕی
پزیشك و گۆڕهەڵکەنە
هەربۆیە. .
تا دوانەفەس
پڕ بە گەروم، هاواردەکەم
نەفرەت لە جەنگ
هەمو جەنگێ
جگە، لە جەنگی رزگاری.
دانیمارك / ڤالبی