كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌و رۆژه‌وه‌ی كه به‌شداریی له‌كابینه‌ی هه‌شته‌می بنكه فراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا كردووه، گوایه به‌و مه‌به‌سته به‌شداریی كردووه كه بایی سه‌نگ و پێگه‌و قورسایی خۆی، به‌رپرسیارێتی هه‌ڵده‌گرێت. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی كه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌وته په‌ڵپ و بیانووگرتن به حكومه‌تی هه‌رێم و نانه‌وه‌ی پشێوی و ته‌رخانكردنی میدیاكه‌ی بۆ هێرش و په‌لاماردانی حكوومه‌ت و پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆمه‌ڵی ئیسلامی‌یش هاتهپاڵی و، په‌رله‌مانتارانی و كادره‌كانی و میدیاكه‌ی خۆی به‌تایبه‌تی كه‌ناڵی په‌یامی خسته‌گه‌ڕ بۆ هه‌ڵبه‌ستنی درۆ و تۆمه‌تی ناڕه‌وا و شه‌ڕفرۆشتن به حكوومه‌ت و پارتی، ته‌نانه‌ت تاڕاده‌ی ئه‌وه‌ی كه بڵێن خراپترین جۆری حكوومه‌ته له‌جیهاندا له‌رووی گه‌نده‌ڵی و بێكه‌ڵكی و، ته‌مه‌ننای رووخاندنیشی بكه‌ن، ههربهجووتهش له‌گه‌ڵ گۆڕاندا سه‌رقافڵه‌ی هه‌موو پیلانگێڕییه‌كانی ماوه‌ی رابوردوو بوون، به‌ڵام كه‌ناڵی په‌یام چالاكییه‌كانی وه‌زیره‌كه‌ی له‌ناو هه‌مان كابینه‌ی حكومه‌تدا به رێكوپێكی و ته‌نانه‌ت به موبالهغهشهوه په‌خش و بڵاوده‌كاته‌وه!
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و شێوازه له‌هه‌ڵوێست و ره‌فتاره‌ی كۆمه‌ڵ و په‌یام، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه، كاك عه‌بدولستار مه‌جیدی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و زاوای ئه‌میری كۆمه‌ڵ كه له‌ناو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوه، شتێكی دیكه ده‌ڵێت و روانگه‌یه‌كی جیاوازتری هه‌یه، ئه‌و له‌چه‌ندین دیمانه و كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌دا زۆر به پۆزه‌تیڤ له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی و وه‌زاره‌ته‌كه‌ی و ره‌وشی سیاسی و ئیداری و ئابووری هه‌رێمی كوردستان دواوه كه ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت ناوبراو تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش كه‌سێكی واقیعیه‌و خۆی راستییه‌كان ده‌بینێت و نایه‌وێت خه‌ڵك چه‌واشه بكات و راستییه‌كان هه‌ڵگێڕێته‌وه هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی گشتیی حزبه‌كه‌ی و میدیای حزبه‌كه‌ی ده‌یكه‌ن.
هه‌ر بۆنموونه خۆم شایه‌دی ئه‌و راستییه‌م و به‌شداری یه‌كێك له‌و كۆڕانه‌ی كاك عه‌بدولستار مه‌جیدم كرد كه له‌رێكه‌وتی 23/8/2016 له‌هۆڵی كۆڕوكۆبوونه‌وه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی 5ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌رانیه بۆی سازكرابوو ده‌رباره‌ی قه‌یرانه‌كانی هه‌رێم و شێوازی نوێی به‌ڕێوه‌بردن لهحكوومهتدا. له‌و كۆڕه‌دا كه نزیكه‌ی سه‌د كه‌س ئاماده‌بوون و زۆربه‌یان كادر‌و ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵ بوون، وه‌زیری كشتوكاڵ چه‌ند راستییه‌كی باسكرد كه لێره‌دا به‌پێویستی ده‌زانم ئاماژه‌یان پێبده‌م:
1-وه‌زیر وێڕای باسكردنی كه‌موكورتییه‌كانی شێوازی ئیداره‌دانی حكوومه‌ت (كه هیچ كه‌سێك حاشایان لێناكات به‌خودی سه‌رۆكی حكومه‌ت و حزبه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تیشه‌وه)، هاوكات گوتی تكا له ئاماده‌بووان ده‌كه‌م به‌تایبه‌ت كادران و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ته‌مه‌ننای رووخانی حكوومه‌تی هه‌رێم نه‌كه‌ن، چونكه حكومه‌تی خۆمانه و زۆر له حوكمی بێگانه باشتره و ئێمه خاوه‌نی پرسێكی نه‌ته‌وه‌یین نه‌ك ته‌نها كێشه‌یه‌كی ئیداری و ئابووری.
2-وه‌زیر گوتی حكومه‌ته‌كه‌مان و گه‌له‌كه‌مان رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی سه‌ختی دارایی و ئابووری بووه‌ته‌وه، ئه‌ویش به‌هۆی دابه‌زینی زۆری نرخی نه‌وته‌وه كه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی داهاتی ئێمه‌یه و هه‌روه‌ها به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه خه‌رجییه‌كی زۆرمان كه‌وتووه‌ته سه‌ر، هه‌ربۆیه پێویسته هه‌موو لایه‌ك د‌رك به‌و راستییه بكه‌ین و پشوومان درێژبێت بۆچاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی به‌شێوازی دیكه‌و زیادكردنی داهات و دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی دیكه‌ی داهات به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بودجه‌ی خزمه‌تگوزاری و داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت، گوتیشی ئه‌وا ئێمه وه‌كو وه‌زاره‌ت له كه‌رتی كشتوكاڵدا بۆزیادكردنی به‌رهه‌می ناوخۆ‌و دۆزینه‌وه‌ی بازاڕ بۆ ساخكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كان ده‌ستمان به پلان و به‌رنامه‌ی خۆمان كردووه.
3-وه‌زیر گوتی له‌ئه‌دای سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران رازیم و هه‌موومان چ له سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و چ له‌ناو وهزارهتهكهمدا وه‌ك یه‌ك تیم كارده‌كه‌ین و هیچ به‌ربه‌ست و رێگرییه‌كمان بۆ درووستنهكراوهو كه‌س ده‌ست له‌كاره‌كانمان وه‌رنادات.
4-وه‌زیر گوتی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران( كه پارتییه) و جێگره‌كه‌ی (كه یه‌كێتییه) تائیستا هیچ فشار و بڕیارێكیان به‌سه‌ردا نهسهپاندووم، به‌ڵكوو گوێ له سه‌رنج و ره‌خنه‌و پیشنیارهكانیشم ده‌گرن و چه‌ندین جار بهگوێشیان كردووم.
كاك عه‌بدولستار مه‌جیدی وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مانه‌و چه‌ندین راستیی تری له كۆڕه‌كه‌یدا باسكرد. به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنج و كاره‌ساته ئه‌وه‌یه كه دوای ته‌واوبوونی كۆڕه‌كه‌ی، چه‌ند كادر‌و ئه‌ندامێكی كۆمه‌ڵ قسه‌یان كرد، به‌ڵام جگه له ستایشی وه‌زیر، ته‌نها یه‌كێكیشیان هیچی نه‌گوت و له وه‌زیریان نه‌پرسی : كه تۆ به‌و شێوه واقیعییه باس له حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كه‌ت ده‌كه‌یت، ئه‌ی بۆ سیاسه‌تی گشتیی حزبه‌كه‌مان و میدیاكه‌مان به‌پێچه‌وانه‌ی تۆوه له حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڕوانن و هیچ قسه‌یه‌كی خراپ نه‌ماوه پێی نه‌ڵێن و هیچ كارێكی خراپ نه‌ماوه پێی نه‌كه‌ن، ئه‌رێ ئه‌و بانێكه و دوو هه‌وایه بۆچی و له‌پای چی؟!
هه‌روه‌ها منیش رووی ده‌مم ده‌كه‌مه كادر‌و ئه‌ندامانی به‌ڕێزی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و لێیان ده‌پرسم : ئه‌رێ كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه واقیعییانه بیربكه‌نه‌وه‌و بڕیار بده‌ن، نه‌وه‌ك خه‌ڵكی تر بۆمه‌به‌ستی تر له‌جیاتی ئێوه بیربكاته‌وه، ته‌نها خۆتان بن بۆئه‌وه‌ی ویژدانتان ئاسووده بێت.