بزووتنەوەی گۆڕان هەر لەسەرەتای درووستکردنیەوە لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە هەتاوەکو ئەمڕۆ، کردارو ڕەفتارو بیرکردنەوەی ئەو بزووتنەوەیە کتومت ڕەنگدەرەوەی دامەزرێنەرەکەیەتی. چونکە هەمیشە و بەردەوام لەسەر ڕق و کینە هەڵسوکەوت و مامەڵەی لەگەڵ نەیارە سیاسییەکانی کردووەو دەکات، ئەمەش تەواو پێچەوانەی لۆژیکی سیاسەتکردنە.
لەتازەترین هەڵوێست و ڕەفتاری ئەو بزووتنەوەیە، بەمەبەستی خۆدزینەوە لەیەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیران و کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی کوردستان، هەڵگێڕانەوەی قسەو لێدوانەکانی بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە لەلایەن گۆڕان و میدیاکانییەوە، کە بەڕێزیان لەبارەی مەرام و نییەتەکانی مالیکی بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و هەڵوێست و ڕەفتاری شۆڤێنییانەی لەبەرامبەر مافەکانی گەلی کوردستان، ڕایگەیاند ئەگەر مالیکی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات بۆ پیادەکردنی بیرو ڕەفتاری شۆڤێنییانەی، ئەوا بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا سەربەخۆیی کوردستان ڕادەگەیەنین. ئەو لێدوان و هەڵوێستەی سەرۆک بارزانی زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە مەبەستی بەڕێزیان لە مەرام و نییەتی دوژمنکارانەی مالیکییە لەبەرامبەر کورد و، ئەو باوەڕەی سەرۆک بارزانی لەبارەی مالیکییەوە هەر لەخۆوە نەهاتووە، بەڵکوو ئەزموونی خودی مالیکی لەماوەی رابردوودا ئەوەی سەلماندووە کە مالیکی بەهیچ شێوەیەک جارێکی دیکە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و ئیدارەدانی عێراق و پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەستنادات.
کەواتە بۆچی گۆڕان دەیەوێت مەبەستی سەرۆک بارزانی بشێوێنێت و بەئاقارێکی دیکەیدا ببات و وەهای شڕۆڤە بکات کە گوایە سەرۆک بارزانی ناکۆکیی شەخسی لەگەڵ مالیکیدا هەیە و دەیەوێت تاک لایەنەو بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵکی کوردستان و عێراق بڕیار لەسەر چارەنووسی کوردستان بدات؟!
بێگومان مەبەستی گۆڕان لەو ڕەفتارەی بۆ نیشاندانی دڵسۆزی و نۆکەرایەتی خۆیەتی بۆ مالیکی، تا بیسەلمێنێت چەندە عێراقچییەو لەخەمی یەکپارچەیی عێراقدایە. ئەمەش دەرخەری ئیفلاسی سیاسیی ئەو بزووتنەوەیەیە لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و هیچ تەمایەکی بە داهاتووی خۆی و جەماوەرەکەشی نەماوەو هەست بە تەنیایی و گۆشەگیریی دەکات، ناچاربووە هیچ نەبێت گۆمەکە بشڵەقێنێت و مالیکی و جەماعەتەکەی و بەشێک لەشەقامی عەرەبیی شیعی بێنێتە سەرخەت، ئەمەش واتا پشتکردنە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کوردستان لەبەر خاتری بەرژەوەندیی حزبی و ئاودانی بیری فاشیزمی و ڕشتنی ڕق و کینە!
جا ئەگەر بزووتنەوەیەک لەسەر ئەو بنەمایە سیاسەت بکات، ئاخۆ چ کەسێکی نیشتمانپەروەرو دڵسۆز هیواو ئومێدی لەسەر هەڵدەچنێ؟ هەربۆیە ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەو هەڵسووڕاوو ئەندامانی ئەو بزووتنەوەیە کە پێشتر بەهەر شێوەیەک لەشێوەکان لەڕیزەکانیدابوون و پێیان وابووە شوێنی خەباتی ئەوانە، دوای ئەوەی سیاسەت و ڕەفتاری پڕ لەهەڵەی بزووتنەوەی گۆڕانیان بۆ دەرکەوت، پەیتا پەیتا ڕیزەکانی ئەو بزووتنەوەیەیان جێهێشت.
بزووتنەوەی گۆڕان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ باجی هەڵەکانی خۆی دەدات و ڕۆژ و دەورانی لە ئاوابوونە، ئەو شێوە سیاسەت و هەڵوێستانەی لێی بەدیدەکرێ، نیشانەی پەلەقاژەی مەرگی سیاسیی ئەو بزووتنەوەیەیە، مێژووش جگە لە نەفرەت و شەرمەزاری، هیچی باشتری بۆ تۆمار ناکات.