مووچەکەت راگیراوە، لە بەرئەوەی لە فایلەکەتدا خزمەت نییە ... بەدران حەبیب

ساڵی ٢٠٠٠ لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی تردا، بە یەک ئەمر ناومان بۆ ئەندامەتی لە کۆڕی زانیاری کوردستان دەرچوو. ساڵی ٢٠٠٦ کۆڕیان هەڵوەشاندەوە و بە یەک ئەمر بەڕێیان کردین.

دوای هەفتەیەک، لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێیان راگەیاندین کەوا خانەنشین دەبین (حاجی یووسف هێشتە لە ژیاندایە، تەمەنی درێژ بێ). بڕیارەکە، من و سێ ئەندامی تری گرتەوە (کە ئەندامی کارای تەرخان بووین).

دوای ئەوە، چەندانی تر لە ئەکادیمیای کوردی (کە هاتبووە شوێنی کۆڕ) خانەنشین بوون. هەموویان هەر بەم خزمەت و پلە و مووچەیەوە.

ئێستە دەڵێ: مووچەکەت راگیراوە، لە بەرئەوەی لە فایلەکەتدا خزمەت نییە.

کاتی خۆی کە خانەنشین بووم زۆرم هەوڵ دا خزمەتی دەزگەی ئاراس و ئەوانی تر بخەمە پاڵ خزمەتی کۆڕی زانیاری کوردستان، حکوومەت خۆی قەبووڵی نەدەکرد، دەیانوت نابێ.

من لە ٢٨ی مانگی یازدەی ١٩٩٨ دەزگەی ئاراسم دامەزراند و تا ٣٠ی مانگی چواری ٢٠١٣ بەڕێوەبەری بووم. کە ئەمە پازدە ساڵ دەکات.

لە ٢٠٠٨-٢٠١٢ بەڕێوەبەری ئاژانسی کوردستان بۆ دەنگوباس (ئاکانیوز) بووم.

بەر لەوە، لە ١٩٩٧-٢٠١٢ راوێژکاری رۆشنبیریی سەرۆکی حکوومەت بووم.

بەر لەوە، بەڕێوەبەر و دامەزرێنی (کوردستان تیڤی) بووم لە ١٩٩٨-٢٠٠٠.

بەر لەوە، لە ١٩٩٤ەوە سکرتێری نووسینی هەفتەنامەی گوڵان بووم و ناوم بە سەریەوە بووە لە ژمارە سفرەوە تا ژمارە ٥٦.

بەر لەوە، لە ساڵی ١٩٩٣ ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی (برایەتی) بووم.

ئەمانە هەمووی بە سەر یەکەوە زیاترە لە ٢٨ ساڵ. کەسێکی وەکو من دەبێ لیژنەی مووچەبڕین شەرم لە ناوەکەی بکات نەک بڵێ: “بڕۆ خزمەت کۆ بکەوە”. ناوی من و ئەو خزمەتانەی کردوومن وەکو ئاڵا دەشەکێنەوە، وەکو قەڵا و منارەی هەولێر لە دوورەوە دیارن، هیچ بەڵگە و دەستنیشانێکیان ناوێ.

هیوادارم سەرۆکی حکوومەت ئاگەی لەم بڕیارە نەبووبێ.

 

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu