دوای سەرهەڵدان و قووڵبوونەوەى کێشە و ناکۆکیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بە بنبەست گەیشتنی زنجیرە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە چارەسەری ئەو کیشە و ناکۆکیانە، تادێ ئومێدی عێراقی یەکپارچە کاڵ دەبێتەوە و ئیرادەی هاوڵاتی بوون و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانیش بەرەو لاوازی و داڕمان دەڕوات. کورد دەیان ساڵە بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراقی بە زۆر بەیەکەوە لکێنراو خوێن دەبەخشێ و قوربانی دەدات، بەغداش بۆ وەستاندنی هەنگاوەکانی گەیشتنی کورد بەو خواستە لە مێژینەی، چ کارتێکی بە باش زانیبێ هەر لە کوشتوبڕ و ئەنفال و کیمیاباران و سوتماک کردنی خاکەکەی، تا دەگاتە مووچە و بڕینی قووتی خەڵک و گەف و هەڕەشەکانی نوری مالیکی و هەوڵەکانی خۆ سەپاندنی دەوڵەتی یاسا فڕێی داون، ئەوە جگە لە هەلومەرجە ناوخۆیی و هەرێمی و بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز کە رێگر بوون لەبەردەم گەیشتنی کورد بە خواستی سەربەخۆیی، فڕێدانی هەموو ئەو کارتانە و نالەباری هەلومەرجە ناوخۆیی و هەرێمیەکان و بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزیش، ئەگەر بۆ کاتێکی دیاریکراویش گاریگەریان لەسەر هەنگاوەکانی کورد هەبووبێ، بەڵام نەیانتوانیوە کورد دەستبەرداری ئەو خواستە بکەن و وەک دەیانەوێ بیکەن بە عێراقی. مێژوو دەریخست کە دوژمنان بە هێز و کوشتوبڕ و ئەنفال و کیمیاباران و مووچە و قووت بڕین نەیانتوانی کورد بیدەنگ بکەن و دەستبەرداری مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی کوردستانی بکەن، لەدوای رووخانی رژێمی بەعسیش کورد نەیتوانی بە گفتوگۆ و دانوستان و خەباتی پەرلەمانی عەرەب دەستبەرداری باڵادەستی و سیاسەتی خۆسەپاندن بکات، ئێستا شیعە لە بیری ئەوەدایە بە پشتیوانی پاشکۆکانی لە کوردستان خەونی سەربەخۆیی لەبار بەرێ و ئیرادەی کوردایەتی و کوردبوون تێکبشکێنێ، بۆ ئەو مەبەستەش لە رێگای هاوپەیمانەکانی لە کوردستان هەوڵدەدەن عیراقچێتی و گەڕانەوە بە بەغدا بکەنە ئیرادەیەک و شەڕی ئیرادەی کوردایەتی و کوردبوونی پێبکەن، ئەوەش دواکارتی شیعەیە و دەیەوێ هەنگاوەکانی سەربەخۆیی کوردستانی پێبوەستێنێ، لە بەرامبەر ئەو هەوڵەی شیعە و بە کارتکردنی هاوپەیمانە کوردەکانی، دەنگی بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکان و کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەبێتە دوا بژاردەی کوردپەروەران و خوازیارانی سەربەخۆیی کوردستان، لێرەدا پێویستە ئەو چەند پرسیارە لە بە کاتکراوە کوردەکان بکەین: ئێوەی بە کارتکراو و هەڵگرانی پەیامی چوونەوە بەغدا (١٤) ساڵە چیتان بۆ کورد کردووە؟ ماددەی (١٤٠)ی دەستوورتان بە کوێ گەیاند؟ لە بەرامبەر بڕینی مووچە و قووتی خەڵکی کوردستان کام هەڵوێستی کوردانەتان نواند؟ ئایا دەزانن ئێوە بە کارت کراون و شەڕی سەربەخۆیی کوردستانتان پێدەکرێ؟ ئایا دەزانن نوری مالیکی بە ئێوە پشت ئەستوورە و بە پشتیوانی ئێوەش هەڕەشەی هاتنەوە کەرکوک و ناوچەکانی تر دەکات؟ هەموو ئەو پرسیارانە یەک وەڵامیان هەیە و ئەو وەڵامەش ئەوەیە: ئێوە بە کارت کراون و شیعە بە گشتی و نوری مالیکی چونیان بوێ ئاوا شەڕی سەربەخۆیی کوردستان و ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانی کوردتان پێدەکەن.