خەڵک خۆش دەژیا، قەیرانی دارایی نەبوو، مووچە دوانەدەکەوت، لە رووی حزمەتگوزاییەوە کوردستان هەنگاوی باشی بڕیبوو، سەرۆکی هەرێم شەرعیەتی یاسایی و مێژوویی و شۆڕشگێڕی و کوردپەروەری هەبوو، وەک هەڵسووڕاوان دەڵێن پەرلەمان پەک نەخرابوو، حکومەت لە کاردابوو، شەڕی داعش و هەڕەشەکانی حەشدی شەعبی بوونیان نەبوو، لەو کاتەدا نەوشیروان مستەفا رووی لە هەموو ئەو راستیانە وەرگێڕا و بە مەبەستی شێواندنی بارودۆخەکە و نانەوەی ئاژاوە، لە (١٧)ی شوبات هەندێ هەرزە و منداڵکاری بێئاگا لە سیاسەت و میدیاکاری دەمشڕی ناردنە بەردەرکی سەرا و کوردستانی بە تونس و میسر دەچواند و (ارحل)ی پێ لە مێژووی پڕ خوێن و خەباتی دەیان ساڵەی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد دەکردن. ئێستا شەری داعش و هەڕەشەکانی حەشدی شەعبی و گیانبازی و ناو و ناوبانگی پێشمەرگە و سەنگەربەندی و کار و چالاکیە سیاسی و دیبلۆماسییەکانی سەرۆک بارزانی، دەروازە کلۆم دراوەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بە رووی پرسی کورد و ئامانجە نەتەوەییەکاندا کردوونەوە، ئەو کرانەوەیەش گڵۆپی سەوزی بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی پێکردووە، کەچی لە کات و ساتێکی وا هەستیا و چارەنووسسازدا، نەوشیروان مستەفا خۆی (ارحل)ی بە خۆی کردووە و لە بەریتانیاوە رێنمایی دەدات بە هەڵسووڕاوانی تا (ارحل) لە کوردایەتی و سەبەخۆیی کوردستان و (تعال)ی بۆ بەغدا بکەن. دەنگدان بە حەشدی شەعبی و بێدەنگ بوون لە ئاست هەڕەشەکانی نوری مالیکی و رێککەوتن و هاوهەڵوێستیان لەگەڵ بەغدا، رووداوگەلێکن و پێمان دەڵێن: (ارحل) لە کوردایەتی و (تعال) بۆ عەرەب هەڵوێستی نەگۆڕی نەوشیروان مستەفایە و دەبێ دەست لەوە بشۆین کە خۆی بگۆڕێ، بۆیە پێویستە رۆشنیران و لایەنە سیاسیەکان و هەموو چین و توێژەکان بە (بڕۆ) کردن بیگۆڕن و کۆتایی بەو سیاسەتە بێنن کە نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەکەی بەردەوام (ارحل)ی پێ لە کوردایەتی و (تعال)ی پێ بۆ عەرەب دەکەن.