تانه‌ی ساخته‌كاری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان عێراق به‌ره‌و په‌رتبوونی زیاتر ده‌بات ... بورهان شیخ ره‌ئوف

ئه‌و هێزو لایه‌نانه‌ی كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 10/10/2021 پاشه‌كشه‌ی زۆریان كردووه‌و كێرڤی ده‌نگه‌كانیان زۆر دابه‌زیووه‌، له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كاریگه‌ری له‌ سه‌ر كارو هه‌ڵوێستی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان دابنێن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان له‌ ژێرفشاردا بگۆڕن، به‌ڵام تائێستا هه‌وڵه‌كانیان بی ئاكام بووه‌و، ئه‌و وێستگانه‌ی ژماردنی ده‌ستیان بۆ كراوه‌ هیچ گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌.

ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌ دووساڵی ڕابردوو بده‌ینه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی دوای خۆپیشاندانه‌كانی تشرینی 2019، بینیمان خه‌ڵكی شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق چه‌ند تووره‌ِو نیگه‌ران بوون له‌ هه‌ندێك لایه‌نی تائیفی و خاوه‌ن میلیشیات، كه‌ به‌شێكی زۆری بنكه‌و باره‌گاكانیان له‌ لایه‌ن خه‌ڵكی ئه‌و شارانه‌وه‌ كه‌ هاو مه‌زهه‌بیشیان بوون سووتێنران، كه‌چی ئێستا مایه‌ی سه‌رسووڕمان و هه‌ڵوه‌سته‌ له‌ سه‌ر كردنه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ چاوه‌ڕوانی ده‌نگ و پاڵپشتی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ بن! گومان دروست بكه‌ن له‌ سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و فشار بكه‌ن و خێمه‌ هه‌ڵبده‌ن له‌ به‌رده‌م ده‌رگاكانی ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غداو، هه‌ڕه‌شه‌ی سینارێۆی خراپتر بكه‌ن به‌ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ سندوقه‌كانی ده‌نگدان به‌ ده‌ستیان نه‌هێناوه‌ به‌ فشارو توندوتیژی به‌ده‌ستی بهێنن.

هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ كاتێكدا ده‌گوزه‌رێن كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتیه‌ پێشوه‌خته‌كه‌ی عێراق له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ پشتیوانی ته‌واوی لێ ده‌كرێت و گه‌واهی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ده‌ن كه‌به‌ شێوه‌یه‌كی جوان و بێگه‌ردو ئاشتیانه‌و به‌ كه‌مترین سه‌رپێچی به‌ڕێوه‌چووه‌.

دابه‌شبوونی شیعه‌كان

ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ ده‌ركه‌وت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقدا دابه‌شبوون و په‌رت بوونێكی سامناكی شیعه‌كانی عێراقه‌ بۆ دووبه‌ره‌ی دژبه‌ یه‌ك، لیسته‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در (شیعه‌) یه‌كه‌می براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ به‌ (73) كورسی كه‌ په‌یوه‌ندی باشی له‌ گه‌ڵ ئێرانیه‌كان هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا دژی ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كیه‌ له‌كاروباری ناوخۆی عێراق، لیسته‌كه‌ی حه‌لبووسی (37) كورسی له‌ پێكهاته‌ی سونه‌ و سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، لیسته‌كه‌ی مالیكیش به‌ پله‌ی سێیه‌م دێت (35) كورسی، هه‌رێمی كوردستانیش كورسی خۆی هێناوه‌، له‌ كۆی 329 كورسی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ لیستی فه‌تح كه‌ به‌ لیستی حه‌شدی شه‌عبی ناسراوه‌ سێیه‌كی كورسیه‌كانی له‌ ده‌ستداوه‌ له‌ (48) كورسیه‌وه‌ بووه‌ته‌ (16) كورسی، ئه‌گه‌ر جاری پێشوو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2018 حه‌شدی شه‌عبی به‌ هۆی ڕۆڵی زۆری له‌له‌ناوبردنی داعش و تیرۆر خه‌ڵكی عێراق پشتیوانی ده‌كردن، به‌ڵام ئێستا دوای سی ساڵ ئه‌و گرنگیه‌ی نه‌ماوه‌و به‌تایبه‌تی دوای به‌شداریكردنیان له‌ سه‌ركوتكردن و كوشتنی خۆپیشانده‌رانی تشرین.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ نه‌ك هه‌ر بۆ لیستی فه‌تحی حه‌شدی شه‌عبی نزیك له‌ ئێران خه‌مناك بوو، به‌ڵكو بۆ هه‌ندێك لایه‌نی تریش كه‌ خۆیان له‌ ئێرانیش به‌ دوور ده‌گرت یان پاسه‌وانه‌كۆنه‌كانی سیاسه‌ت له‌ نموونه‌ی حه‌كیم و عه‌بادیش ئه‌وانیش پاشه‌كشه‌ی زۆریان كردووه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی نه‌یانتوانی خزمه‌تی گه‌ل بكه‌ن و حكومه‌تی ڕه‌شید دابمه‌زرێنن.

ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن

ئه‌وه‌ی نادیاره‌ نازانرێت كه‌ی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، چونكه‌ هه‌زار تانه‌ پێشكه‌شكراوه‌، كۆمیسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی وردبینی تێدا ده‌كات، له‌وساوه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق له‌و په‌ڕی حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدان، چونكه‌ هێزه‌كانی حه‌شدو لایه‌نگرانه‌كانیان ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان هوتافی دژ به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و یۆنامی و ئه‌مریكا ده‌ده‌ن و ده‌بێژن ساخته‌یه‌.

له‌ كۆتاییدا:

  1. سه‌در تا ئێستا بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه‌ له‌ سه‌ر لێدوان كاردانه‌وه‌كانی ڕكابه‌ره‌كانی تاوه‌كو ئه‌نجامی كۆتایی ڕاده‌گه‌ینرێت، له‌ هه‌نگاوێكی تریشدا نووسینگه‌كانی سه‌رایا سه‌لامی سه‌ربه‌ ڕه‌وته‌كه‌ی له‌ هه‌ندێك له‌ شاره‌كانی عێراق داخست وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌نیازه‌ هه‌موو میلیشیا چه‌كداره‌كان ده‌بێت بێنه‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتی حكومه‌ته‌وه‌، داوای گفتوگۆی تازه‌ی كردووه‌ ده‌رباره‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق، هه‌روه‌ها سه‌ركۆنه‌ی په‌لاماری باڵوێزخانه‌و نێرده‌ دیبلۆماسیه‌كانی كرد.
  2. پێده‌چێت فشاری لایه‌نگرانی فه‌تح به‌رده‌وام بێت تاوه‌كو سه‌در ناچاربكه‌ن كه‌ به‌شدارییان پێ بكات له‌ حكومه‌تی نوێدا.

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu