قۆناغێكی نوێی پێكه‌وه‌ ژیان و برایه‌تی له‌ كه‌ركوك … بورهان شێخ ره‌ئوف

دوای هه‌وڵ و كۆششێكی زۆری سه‌رۆك باڤڵ جه‌لال تاڵه‌بانی و سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق موحه‌مه‌د شیاع سودانی و كۆتایی به‌ بنبه‌ستی سیاسی له‌ پارێزگای كه‌ركوك هات، پارێزگارو سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا هه‌ڵبژێران. 

ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رسوڕمان و هه‌ڵوه‌سته‌ له‌ سه‌ر كردنه‌ بۆ دۆخی كه‌ركوك هه‌میشه‌ ئاڵۆز ده‌كرێت؟ دوا پارێزگا بوو له‌ سه‌ر ئاستی وڵاتدا حكومه‌تی خۆجێی تێدا پێكهێنرا، وه‌ڵامه‌كه‌ی ئاسانه‌ ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كیه‌ كه‌ناخوازێت پێكه‌وه‌ ژیان و ئاشتی كۆمه‌ڵایی له‌و شاره‌دا به‌رقه‌راربێت، ته‌نانه‌ت ناخوازن هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگایشی تێدا به‌ڕێوه‌ بچێت به‌ بیانووی بی بنه‌ما، ئه‌وه‌ی كه‌له‌ 2005 هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای تێدا نه‌كراوه‌، ڕاسته‌ كه‌ركوك فره‌ چه‌شنه‌ واته‌ عێراقی بچكۆله‌یه‌، به‌ڵام هه‌زاران ساڵه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی پێكه‌وه‌ ده‌ژین به‌ بی ڕودانی كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌، به‌ شه‌قام و كووچه‌و كۆڵانه‌كانیدا بگه‌ڕی هه‌ست به‌ بوونی ناكۆكی و ململانێی توند ناكه‌یت ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ میدیاكاندا هه‌ندێك سیاسی به‌ مه‌به‌ست بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی و حزبی خۆیان باسی ده‌كه‌ن. 

له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی پارێزگار ی كه‌ركوك له‌ 11/8/2024 ئیتر قۆناغێكی نوی ده‌ستی پێ كرد له‌و شاره‌ هه‌روه‌ك سه‌رۆك باڤڵ جه‌لال تاڵه‌بانی وتی وه‌كو مام جه‌لال بۆ كه‌ركوك سیاسه‌ت ده‌كه‌ین ئه‌ویش سیاسه‌تی چه‌پكه‌ گه‌ڵه‌كه‌یه‌ پێش ئه‌وه‌ی بۆ كورد ئیش بكه‌ین بۆ خوشك و براكانمان له‌ پێكهاته‌كانی تر ئیش ده‌كه‌ین، ده‌بێت كه‌ركوك ئاشت بكه‌ینه‌وه‌، ده‌بێت كه‌ركوك بكه‌ینه‌ نموونه‌یه‌كی جوانی پێكه‌وه‌ژیان و سه‌قامگیری، ئیتر كه‌ركوك نابێت له‌ بازنه‌ی ململانێ و كێشه‌دا بمێنێته‌وه‌، به‌ڵی پراكتیزه‌كردنی ئه‌م وشانه‌ به‌ دڵنییایه‌وه‌ دۆخێكی نوی له‌و شاره‌ گرنگه‌دا دێنێته‌ ئاراوه‌، بنیاتنانه‌وه‌ی متمانه‌یه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌كاندا ئیتر كه‌س ناتوانێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و شاره‌وه‌ پلان و پیلان بگێڕێت بۆ تێكدانی بارودۆخ و گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌ی، 

ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا من بۆخۆم له‌ به‌شێك له‌ سیاسیه‌كانی كه‌ركوكم ده‌بیست له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب و توركمان له‌ به‌رنامه‌ حیوارییه‌كانی هه‌ندێك كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندند ا ئه‌وه‌ بوو كه‌ جیاوازی نێوان دوای16 ئۆكتۆبه‌ری 2017 و پێش ئه‌و به‌رواره‌ ده‌كه‌ن و باس له‌ شكستی ئیداره‌ی كورد له‌ كه‌ركوك ده‌كه‌ن، به‌ بی ئه‌وه‌ی دان به‌و ڕاستیه‌دا بنێن كه‌ له‌ 2005 به‌دواوه‌ كه‌ركوك گۆڕه‌پانی كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كانی ڕێكخراوی ئه‌لقاعیده‌و نه‌قشبه‌ندی و زۆر تاقم و گروپی تر و دواتریان داعش بووه‌، ئه‌وه‌یان له‌ بیر چوو بوو كه‌ ئیداره‌ی كوردی شاره‌كه‌ له‌ ڕاستیدا ئیداره‌ی كوردی نه‌بووه‌ سه‌د ده‌ر سه‌د به‌ڵكو عه‌ره‌ب ه‌ توركمانیش به‌شداربوون له‌ به‌ڕێوه‌بردنیدا، به‌ڵام ئه‌و پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان بوون به‌ خوێن و گیانی خۆیان كه‌ركوكییه‌كانیان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌ پاراست له‌ مه‌ترسی تیرۆر و داعش و نه‌یانهێشت كه‌ركوك بكه‌وێته‌ بن ده‌ستی ئه‌و تیرۆریستانه‌و به‌ ده‌ردی موسڵ بچێت. 

ڕاسته‌ ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركوك به‌ ده‌ستهات له‌ ئارامی و سه‌قامگیری له‌ دوای 16 ئۆكتۆبه‌ری 2017 به‌ هۆی سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزه‌كانی عیراق و پێشمه‌رگه‌ بوو به‌ سه‌ر تیرۆریستانی داعشدا و پاككردنه‌وه‌ی هه‌موو ناوچه‌ كانی بنده‌سه‌ڵاتی داعش له‌ موسڵ و ئه‌نبارو سه‌لاحه‌دین و ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك و دیاله‌ بوو، هۆكاره‌ سه‌ركیه‌كه‌ی ئه‌وه‌ بوو نه‌ك شكستی كورد له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كه‌ركوكدا، چونكه‌ ئه‌وه‌ی كاری له‌ پێشینه‌ی ئیداره‌ی كوردی بوو له‌و شاره‌دا پاراستنی كه‌ركوك بوو پێش هه‌ر شتێكی تر. 

له‌ كۆتاییدا هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوی له‌ كه‌ركوك بنیاتنانه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌كاندا به‌ردی بناغه‌ی ئاینده‌یه‌كی گه‌شه‌ بۆ كه‌ركوك و كه‌ركوكیه‌كان، سه‌رتای قۆناغێكی نوێیه‌ بۆ پێكه‌وه‌ژیان و برایه‌تی، پێچه‌وانه‌كه‌شی ماڵوێرانیه‌ بۆ هه‌مووان. 


 

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu