سوودمەندانی سەركەوتنەكانی تالیبان كێن؟
هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی توركیا و پاكستان تا قۆناغێكی باش چووەتە پێشەوە لە دوای بڕیاری سەرۆك بایدن سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان، ئاكامە سەرەتاییەكانی ئەو هەنگاوەی ئەمریكا، دەركەوتنەوەی بزوتنەوەی تالیبانە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی ئەفغانستان، بۆیە هەرلە ئێستاوە پێشبینی دەكرێت توركیا و پاكستان زۆرترین سوودمەندی ئەم پێشهاتانە بن .
رۆژی 10/8/2021 خەلوسی ئاكار وەزیری بەرگریی توركیا بە سەردانێکی رەسمی گەیشتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاكستان و لەوێ چاوی كەوت بە هەریەك لە پەروێز ختك وەزیری بەرگریی و زوبەیدە جەلال وەزیری پیشەسازی جەنگی و قەمەر جەواد باجوا فەرماندەی هێزی زەمینی.
پێدەچێت ئەم سەردانەی خەلوسی ئاكار زۆر گرنگ بێت بۆ هەردوو وڵات، لە كاتێكدا زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە دەزانن بزوتنەوەی تالیبان پەنا بۆ بژاردەی سەربازی دەبات لە گرتنە دەستی دەسەڵات لە ئەفغانستان، ئێستاش زۆربەی خاكی ئەفغانستانی كۆنترۆڵ كردووە بەكابولی پایتەختیشیەوە.
دەیانەوێت لە ئایندەدا رۆڵیان لە ئەفغانستان هەبێت
توركیا و پاكستان لەو باوەڕەدان كە وتاری دوژمنكارانەی بزوتنەوەی تالیبان كە هەمیشە دژبە ئەمریكا و ئەوروپییەكانە، وایان لێدەكات لەهەر دانوستان و وتوێژێكی داهاتوودا كە لە نێوان تالیبان و ئەواندا بێتە ئاراوە، دەبێت ئەمانیش واتە توركیا و پاكستان لایەنێكی راستەوخۆ بن، بە حوكمی پێگەی جوگرافی، هەروەها تالیبانیش ناچارە كە هەماهەنگی بكات لە گەڵیاندا، ئەگەر لە پشت پەردەوە سەلام و كەلام و پەیوەندیی پەنهانیان نەبێت.
هەرچەندە ئیسلام ئاباد بە ئاشكرا ئەوە رەتدەكاتەوە كە هیچ پەیوەندیی و هەماهەنگییەكی تایبەتی لەگەڵ بزوتنەوەی تالیبان هەبێت، بەڵام زۆر راپۆرتی جیاواز هەن كە باس لە هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوانیان دەكەن، پاكستانیش بە سوودمەندی یەكەم لەم سەركەوتنانەی تالیبانی هاوپەیمانی لە مێژینەی دێتە ئەژماردن.
پاكستانییەكان رایانگەیاند پێویستە كۆمەڵی نێودەوڵەتی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری داڕووخانی هێزە چەكدار و ئەمنییەكانی ئەفغانستان بكات لەبەردەم هێزەكانی بزوتنەوەی تالیباندا لە سەرانسەری ئەفغانستاندا، لەجیاتی ئەوەی تۆمەت بخەنە پاڵ پاكستان بۆ ئەو دۆخەی كە لە ئەفغانستان هاتۆتە گۆڕێ.
وەزیری دەرەوەی پاكستان شا مەحمود قرشی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا پرسی (كوا وزە و توانا و كەرەسە و راهێنانەكانی) هێزەكانی حكومەتی ئەفغانستان كە ئەمریكا بە تەنها نزیكەی یەك تریلیۆن دۆلاری تێدا خەرجكرد، ئەوە جگە لەوڵاتانی تر؟
ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی كە لە نێوان تالیبان و پاكستاندا هەیە، یارمەتیدەرە بۆئەوەی هاوپەیمانێتییەكەیان فراوانتر بكەن كە توركیاش بگرێتەوە، لە كاتێكدا زۆر فاكتەری هاوبەش و گرنگ هەن كە رێگەخۆشكەر و هاوكارن بۆ هەنگاوێكی لەوجۆرە، لەوانە هۆكاری مەزهەبی و مێژوویی ئەو بزوتنەوە سوننە مەزهەبە توندئاژۆیە بەرامبەر هێز و وڵاتە بیانییەكان.
لەلایەكی دیکەشەوە پەیوەندییە بەهێزەكانی تالیبان لەگەڵ دوو دۆستە نزیكەكەی تورکیا، قەتەر و پاكستان كە ئەمەش گرنگی و قورسایی خۆی هەیە.
گومانی تێدا نییە پاكستان و توركیا سوودەمەند و براوەی بەهێزی دابڕانی ئەمریكا و تالیبانن، لە هەمانكاتدا شكستی ئیدارەی بایدن لە بنیاتنانی متمانە لەگەڵ بزوتنەوەی تالیبان پێش ئەوەی بڕیاری خێرای پاشەكشە بدەن لە ئەفغانستان .
هەرچەندە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا بۆ پشتیوانی هێزەكانی حكومەتی ئەفغانستان چەند ئۆپەراسیۆانێكی هەواییان کرد بۆ رێگرتن لە پێشڕەوییەكانی تالیبان، بەڵام هێزەكانی حكومەتی ئەفغانستان نەیانتوانی بەرگریی لە وڵاتەكەی خۆیان بكەن، پایتەختیشیان دا بەدەستەوە.
پێشتر ئەمریكا زاڵمای خەلیلزاد-ی وەک نێردەی تایبەتی خۆی بۆ ئەفغانستان، نارد بۆ دۆحەی پایتەختی قەتەر بۆ وتوێژ و دانوستان لەگەڵ تالیبان بە مەبەستی كەمكردنەوەی گوشار و وەستاندنی هێرش و پەلامارە سەربازییەكانیان، دوای كۆنترۆڵکردنی چەندین ویلایەت، بەڵام ئەوەش سوودی نەبوو .
پاكستان و پەنابەرانی ئەفغانی
موئەید یوسف راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی سەرۆك وەزیرانی پاكستان لە 9/8/2021 رایگەیاند كە وڵاتەكەی سنوورەكانی دادەخات لەبەردەم شاڵاوی پەنابەرانی ئەفغانی، چونگە نزیكەی 3 ملیۆن ئاوارەی ئەفغانی لە پاكستانن و ئابووریی وڵاتەكەیان بەرگەی شاڵاوێكی تری ئاوارە و پەناهەندە ناگرێت.
هیندستان و توركیاش لە ئەفغانستان بەریەك دەكەون؟
هیندستان بەدوور نییە لە رووداوەكانی ئەفغانستان، چونکە ئەویش رۆڵی هەیە لەو وڵاتەدا و بەرنامەی ئەوان بۆ ئایندەی ئەو وڵاتە بە كورتی باس دەكەم:
لە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان، توركیا خۆی سازدا بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە، هەرچەند پێشتریش ئەو وڵاتە هێزی سەربازی لە ئەفغانستان هەبوو، لە چوارچێوەی ناتۆ، بەڵام لەناكاودا پشتیوانی و هاوكارییەكی كتوپڕ و چاوەڕواننەكراوی پێشكەش كرا لەلایەن حكومەتی هیندستانەوە، كە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بە رۆڵی داهاتووی توركیا لە ئەفغانستان، سەرەڕای ناكۆكی و ململانێكانی چەند ساڵی پێشوویان سەبارەت بە هەرێمی جامۆ و كشمیری هیندستان كە هەرێمێكی موسڵمان نیشینە و لەم ساڵانەی دواییدا هندییەكان مادەی 370ی دەستووری هیندستانیان هەڵوەشاندەوە كە تایبەتمەندییەكی بەو هەرێمە موسڵمان نشینە دابوو.
لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستەی هیندستانیشدا، توركیا زۆر دوانەكەوت و هەڵوێستی خۆیان راگەیاند ئەویش لە زاری فرات سونیل باڵیۆزی توركیا لە نیودەلهی كە بە رۆژنامەی ئەلیكترۆنی زەی برینت-ی راگەیاندبوو: «پەیوەندییە باشەكانمان نابێتە دیلی هەندێك ناكۆكیی رابردوو، هەربۆیە هیندستان و توركیا پێویستیان بە خۆڕێكخستنەوە نییە، بەڵكو پێویستە هەوڵ بدەن بۆ ئاسۆی نوێ سەبارەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانیان.
ئەم لێداون و مەسجانەی توركیا لە دەزگاكانی سیاسەتی دەرەوەی نیودەلهی بە چاوی رێز و پەسەندكردنەوە وەرگیرا، هەرچەندە دەزانن توركیا و دۆستایەتی لەگەڵ پاكستان و مەسەلەی كشمیر وا بەئاسانی ناگۆڕێت، بەڵام لەم قۆناغەدا پێویستە هاوكاربن لەگەڵ ئەنقەرەدا.
هیندییەكان رۆڵی سەرەكییان هەبووە لە بنیاتنانەوەی ئەفغانستاندا، بۆیە ئێستا ترسی ئەوەیان هەیە بە گەڕانەوەی تالیبان بارودۆخی هەرێمایەتی ئەو ناوچەیە تێكبچێت و ناسەقامگیریی و پشێوی تێدا سەرهەڵبداتەوە.
هیندستان و بەشێكی زۆری كۆمەڵی نێودەوڵەتی ئاگاداری پەیوەندییە توندوتۆڵەكانی تالیبان و پاكستانن و پاكستان كاریگەریی زۆری هەیە لەسەر ئەو بزووتنەوەیە، بۆیە هەر سازان و رێكەوتنێك لە دوای ئەم جەنگەوە بێتە ئاراوە، رۆڵی پاكستان بەرچاو و كاریگەر دەبێت.
لە كۆتاییدا هیندییەكان باش دەزانن كە توركیا دەخوازێت لەم قۆناغەدا لە ئەفغانستان رۆڵێكی كاریگەری هەبێت، ئەمەش لەگەڵ ئارەزووی هیندستاندا تەریبە كە دەخوازێت كاراكتەرە ئیقلیمییەكان رۆڵیان هەبێت و بەرپرسیارێتی هەڵبگرن دوای كشانەوەی هێزەكانی ناتۆ و ئەمریكا لە ئەفغانستان.