ئەم دەقانە، لەو خەونانە دەچن،
لە بێدار بوونەوەدا بە پچرپچری بە بیردێنەوە. .
هەوڵێكە لە ورد بوونەوە لە ( شوێن ) و ( ناشوێن )دا
- بانیژەی جودایی
شمشێری ئاوریشمینی لێ
هەڵكێشراوە. .
ئاسمانی لێ ونە. .
خۆزگە بۆ پەیمانەیەك دەخوازێ .
- لە ناو توولی تەمدا
نا خاینێ،
هێندەی نەماوە دەبارێ.
- پاردە
خۆی،
بە چیلە مێوەكەی تەنیشتیەوە ڕاگرتووە. .
لەوەتەی بلێسە سەردانی دەكا،
كەلارێكی بێ سامی باركەوتووە.
- دورگەی زاراوە
بۆ كەسی باس مەكە !
گەوهەری بێدەنگی،
گۆرانییەكی خەمباری
نیوەشەوانە. . .
داری ئومێدی پێ شین دەبێ.
- سێبەری دارەبەن
باخچەی باران. .
هاوڕازی ئەستێران . .
خەو،
لەو باوەشاندا
ئیكسیری ئارامییە
قووڵ . . .
نەرم .
- بەهاربەند
منداڵیی تەوتەمە بێ موریدەكان
جەژنا و جەژن. .
وەرزاو وەرز. . .
دەگەڕێتەوە. . .
نوخشەت لێ دیار نییە، بزانی
چ دەبێ، چ دەگوزەرێ .
- ڕێژگەی ئاوهەڵدێر
بەفراوی. .
بە خوڕ. .
ژنان،
دامەنی كراسی لێ پیرۆز دەكەن. .
پیاوان،
كوناهی پێ دەسڕنەوە . .
ڕێژگەی ئاوهەڵدێر
تەنیا لە چیاو كەپكان نییە
لە وتارانیش دەردەكەوێ .
- كاول
تۆدەڕۆی بە جێم دێڵی
پێكگەیشتن خەون نییە، مۆتەكەیە. .
چۆلەكەیش بێرەدا نایەن.
- هێللانەی ژێر گوێسەبانە
باڵداران هەڵەیان نەكردووە
مرۆڤ لەوێ هەڵدەدێردرێن.
- گیرفانی جەنگاوەر
نەنیونۆكی بچكۆڵە.
وێنەی منداڵەكەی،
گەواڵەیەك گریانی ئامادە. .
پێنج هەزاریەكی شین و دوانامەی ژنەكەی .
- شۆستەی عاشقان
هەست لە بێ سنوریدا دەخنكێ
شازادە ماچیان لێ دەدزرێ. .
خۆشەویستم بنووسە!
كامیراكان ناهێلن لێت نزیك ببمەوە.
- كەناری دادخوازی
ئەو دەڤەرە،
ڕووپێوێكی كوشندەیە . .
شیناوەردی بێزار كردووە . .
زۆرجار پەرۆشیی
سێدارەی لە دارستانەكاندا بۆ هەڵدەخرێ .
- بەردەمراز
لەوەتەی نیشتمانیان لێ ون كردووین،
ڕێی بێچارەییمان گرتووە :
داماو، لەبەر سێبەری خۆماندا
بەردە مراز هاوارە !
- قەڵای تارمایی
هەرزە . .
بێ چاند. .
بێ خەیاڵ. .
بۆ جاری هەزارەم
عاجیباتیان هەڵدەنێ. .
چەشەخواز، بێباك
بۆ جاری هەزارەم
زارۆمان،
بە جاری هەزارەم دەسپێرێ .
- بنمیچی دووری
لە بیابان فڕێدراوم. .
دەمم درواوەتەوە. .
فرمێسكم دڵۆپ دڵۆپ بەزەوی دەكەون. .
زمانم گۆ ناكا . .
دەیان بینم،
شاباشم بەسەردا لێ دەدەن . .
- گۆڕستانی پەپوولان
بەدوای شوێنەواری گۆرانییەكەوەم
بێ ئاگاداری،
بێ ڕەزامەندی خۆم،
پێشمەرگ
كفنیان بۆ ئامادە كردووم.
- بەرئاستانەی ڕوانیین
لات . . كز
سەیری ئاسمانەی(تاسان) دەكا .
- تەلانی برۆكانی
چرا لە دوورڕا دەبینرێن . .
ڕووناكی،
بەلای لووتكەدا دەشكێنێتەوە. .
متمانەت پێ دەكەم
دڵە لانەوازەكەمت لە دەست دەنێم .
- باوەشی نیگەرانی
بەهەورازێك سەردەكەوێت،
ژیانی لێ نزیك بووەتەوە. .
لێرە فێر بوو
دڵنیایی بە كوێ دادێ.
- بیلبیلەی ڕێكەوت
چركە ئەبەدییەكانی لێ كۆ دەبنەوە. .
خاكەڕایی تەنكەبەفرێكە تازە باریوە. .
ناتوانم بلێم دونیا سپی دەكا .
- باڵی شەپۆل
تۆقەلانی بەخۆ وێران. .
ئەزموونی هاوسەنگی
هەستێك، لەنەوای خۆماربوون دەچێت.
- ئاگردان
لە چاخە بەردینەكانەوە
لەو كسپەیە نەگەیشتم،
بە پڕووشەیێ دەنگ دەداتەوە.
- ناوەڕاستی ڕستە
چ شەوبەكێوییەكی سەختە
ڕێگاكانت،
بە (سەقەتایەتی) لێ بگیرێ .
- پشتی بوراق
ڕاسپاردەكانم لە بیر كردووە
بمبە كەشەكەلانی فەلەك !
لە ڕێگادا، بیرم بێنەوە . .
ئێستاو دواڕۆژیان
لێ بە تاڵان بردووم
بمبە كەشەكەلانی فەلەك
شایەد بیان هێنمەوە .
- كووچەی بنبەست
لە چۆلایی، چۆلتر. .
لە خەم، غەمگینتر. .
لە دەستبەتاڵی، بێ ئیشتر. .
قەڵەمڕەوێكی بێ حاكم .
- ناخی تەنیایی
ئۆقیانوسێك گریانی تێدا قەتیس ماوە. .
چیایەك لە هەنسك. .
قەسیدەیەكی سەر بڕاو. .
ڕۆمانێكی زیندانی .
- ڕۆژهەڵاتی نیگا
تۆم بینی،
یاقوتێكم لە خۆمدا دۆزیەوە.
- دڕاڵەی چۆل
وەختێك خەونەكانمان،
هاتووچوویان پێدا دەكرد. .
سەردەمێك، (ئازیزە)ی ژوانی پێ دەكرد.
- بۆشاییی با
جوانی،
لێرە زەفەری پێ دەبرێ. .
قەڵای دڵ،
لە وێدا لە بۆ شایی ماندوویدا داگیر دەكرێ . .
لە داد مەپرسە !
- ئەو سەری پەرەگراف
ئەتمۆسفێری گیرسانەوە لە ڕستەی،
(بڵێی تا سەر بێ) دایە.
- مۆڵگەی بوونەوەران
بوونەوەر،
چاوی شەیدایان
لەگەنجینەی سەروبنی دونیا دایە
ماڵ و مۆڵگە
بە (میم) دەست پێ دەكەن.
- بناری چاوەڕوانی
بەبیرت دێتەوە
چ تافتەیەكی باڵانوێنت لەوێ بەجێ هێشتبوو ؟
لەوێ لەناو گەرداوی گومان،
لە داڵانە بێ كڵاوڕۆژنەكەدا:
(لاوك)ێك بوو لە فرمێسك
(هۆرە)ی ماڵ ئاوایی. .
(ئەڵلاوەیسی)یەك لە داخ. .
بەبیریت دێتەوە وتم:
ئەگەر بڕۆی برینەكانت دەدەمەوە؟!
شوباتی 2017