یوسف بۆ براكانت خسته‌ بیر و وتت گورگ خواردنی؟ ... نه ژاد عزیز سورمێ

با،

دوور له‌ ئومێد

په‌پكه‌ی خواردبوو..

له‌ ده‌نگی خرینگه‌ زیاتر نه‌ده‌بیسترا..

به‌ قووڵایی بیر،

به‌ به‌ر سێبه‌ری بێدادیدا

ده‌دره‌وشایه‌وه‌..

له‌ ژێر چ سرووتێكی هه‌ڵوه‌دادا بووی؟

له‌ تافی چ شادییه‌كی به‌ له‌نجه‌؟

بیرت له‌وه‌ كرده‌وه‌،

براكانت بخه‌یته‌ بیر یوسف!

* *

یوسف!

تۆ له‌ هه‌موویان جوانتر بووی..

له‌ هه‌موویان خۆشه‌ویستر..

خۆر و مانگ و ئه‌ستێره‌ی ئاسمانان

بۆ باڵات ده‌نووشتانه‌وه‌..

ئیره‌ییت به‌ چییان برد؟

یوسف

براكانت بۆ خسته‌ بیر و

وتت گورگ خواردنی؟!

* *

ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك مردوو بووین،

ماندوو

له‌ زه‌ماوه‌ندی سته‌م گه‌ڕابووینه‌وه‌

پاڵمان به‌ دیوارێكی ڕووخاو دا بوو،

تۆمان دی له‌ بێده‌نگیی سپێده‌یه‌كی ئارایشتكراودا

كراسه‌ به‌خوێن كراوه‌كانیانت به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو

له‌ دوور ڕا،

به‌ چه‌ند ئاڵایه‌كی ته‌سلیمبوون ده‌چوون

به‌ ڕیتمی هاواریان پێده‌كه‌نی..

یوسف

براكانت بۆ خسته‌ بیر و

وتت گورگ خواردنی؟!

* *

نه‌خشه‌ی ته‌مه‌نت هه‌مووی

به‌ قوربانی،

تاخچه‌یه‌كی په‌مۆیی

كۆشكی عه‌زیزی میسری كرد..

ئه‌شكه‌وتێكی چۆل بوو،

ته‌نیا ده‌نگی خۆتت لی ده‌بیست..

به‌ ته‌نیا خۆت تیا ده‌دی..

 (زوله‌یخا) ئه‌و تریفه‌ به‌ خه‌رمانه‌ نه‌بوو یوسف!

مه‌وداكان،

له‌ ساتێكی هێدمه‌گرتوودا ببینی..

بۆ براكانت خسته‌ بیره‌وه‌ و

وتت گورگ خواردنی؟!

* *

زامی به‌فر

تارمایی شكۆفه‌

كوانووی سارد..

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سێ قۆڵیدا

تاوتوێی هاواره‌ دوایی نه‌هاتووه‌كانی

بن بیریان ده‌كرد..

با،

نهێنی بۆ دیوان لی ده‌دزین..

ئاڵۆز بوو،

له‌خۆنووسانێكی ئاڵۆز

ژوانی ناوه‌ختی

یوسف و بیر..

* *

هه‌تاوی كوژاوه‌،

نم نم

به‌سه‌ر جه‌سته‌ی برایاندا

ده‌ڕژایه‌ خوار..

 (زوله‌یخا) خه‌ونێكه‌

 له‌ ئه‌ندێشه‌ی مناڵانه‌مدا..)

وه‌های گوت یوسف.

* *

كۆمه‌ڵی مردووان،

هێشتا به‌ پاڵ دیواره‌وه‌ن..

جه‌سته‌ی كه‌ڵه‌كه‌ بووی براكان

له‌ (بیر) ی بی هاوار...بی بانگ..

شێتایه‌تی سرووشت..

خه‌وی ئه‌به‌دی..

یوسف له‌ كۆشك،

دره‌ختێكه‌ به‌ تاریكی ته‌رز داوی.

كانوونی یه‌كه‌می- 2016

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu