خۆشه‌ویستی به‌ پێوانه‌ی ڕێخته‌ر... نه ژاد عزیز سورمێ

(1)

/ په‌ڵه‌ هه‌ورێك / له‌ شكۆفه‌ی گریانی من په‌یدابوو/ ڕۆیی/

/ ڕۆیی/ به‌سه‌ر كێڵگه‌ی تردا باری/ ئه‌و/ بێ ئاگا/ نوقمی/

/ شه‌قامه‌ به‌ژاوه‌ ژاوه‌كانی له‌زه‌ت بوو/ من/ له‌ كۆڵیته‌/

/ هێمنه‌كانی ڕۆحه‌وه‌/ گڕوگاڵی / په‌پووله‌ ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌كانم

ده‌دی/ نوكته‌م بۆ ئه‌فسانه‌ ده‌گێڕایه‌وه‌/ (با) م پۆشته‌

ده‌كرد و/ گه‌ردانه‌م له‌ باران ده‌هۆنیه‌وه‌.../

سترانی ڕۆحی ده‌چڕی

هه‌ناسه‌ی له‌ لێواران شین بوو

لوتكه‌ی له‌ به‌فر یاخی

شكۆی له‌سه‌ر جادان كه‌وتوو...

 (2)

/ دڵی/ دوور له‌ خۆشه‌ویستی/ دوور له‌ مه‌یل/ نزیك له‌

پیاڵه‌، له‌كه‌یل بوون/ به‌ڵام تیشكێك به‌ په‌یكانی بێ

ئامانی شه‌هلاوه‌/ ئه‌وه‌تا له‌دوور ڕا دیاره‌/ ڕووبارێكی

خه‌واڵووه‌/ له‌ڕازێكی ئاشكراو خه‌یاڵێكی نوستوو

ده‌چی.../ دڵی دوور له‌ خۆشه‌ویستی...تاسه‌ی ئاڵۆده‌یی /

گریانێك له‌چاوی هه‌ڵوه‌دای ڕۆژپه‌ڕ

ده‌ڵێی هه‌وری هاوینانه‌،

نه‌ په‌رت ده‌بێ، نه‌ده‌باری...

شازاده‌ی قامیشه‌ڵان

نه‌شئه‌ی سایه‌ فێنكه‌كان...

به‌فر ده‌یلاوێنێته‌وه‌...

به‌هار سڵاوی لێ ده‌كا..

شازاده‌ی قامیشه‌ڵان،

قژی له‌ هه‌ور ده‌سوی

مه‌مكی له‌ نوور...

 (3)

/ ئه‌و كانیه‌/ به‌ختی لێ قووتداین/ ڕۆحمان نوزه‌ی لێ

بڕاوه‌، به‌دوامانه‌وه‌یه‌ به‌ ئاسته‌م هه‌ناسه‌ ده‌دا/ دره‌خشانه‌...

دره‌خشانه‌ به‌ر ئاستانه‌ی خه‌راباتان، دره‌خشانه‌../ ته‌نپۆڵایه‌ ئه‌و به‌فره‌

ناتوێته‌وه‌/ به‌ ببار به‌ ببار به‌ ببارانی../

ئه‌و شۆستانه‌ی،

خۆزگه‌ ناكامه‌كانی نیشتیمانیان لێ كه‌وتبوو...

كه‌س به‌لایان دا ناڕوا

ته‌نیا...

بێ ئاوده‌نگ...

سه‌ركز...چاوه‌ڕوان...

له‌ كێڵگه‌یه‌كی به‌ردراو

له‌ گوندێكی وێران ئه‌چن...

ناوی له‌ هیچ لیستێكی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا نییه‌

ئه‌و سبه‌یه‌ی له‌ خه‌ونا ده‌یبووت

ئاڵ بردیه‌وه‌...

ئه‌و بێ مه‌یلیه‌ی له‌ كوخه‌كاندا ده‌ژی و

له‌ تارمایی كازیوه‌دا ده‌رده‌كه‌وی

به‌ڕوومه‌تی چرچ و لۆچی لێڕه‌واردا دێته‌ خواری...

سرووشت، سه‌رچاوه‌ی پاكیزه‌یی

ئه‌و ڕێیه‌ به‌سامه‌ نه‌بوو

ئاگردز نائومێدی و ڕه‌نجبه‌خه‌ساری بۆ هێنا

ئاگردز...

ئاگر...دز....

 (4)

/ له‌ڕه‌وتی باران بێزار نه‌بووم/ بزانه‌ من له‌ڕه‌وتی باران بێزار

نه‌بووم/ ئه‌و ڕه‌خشه‌ی شه‌وانه‌ ده‌یدایه‌ كێو، شه‌یدا...

دره‌وشاوه‌.../ ڕێگای ون كردووه‌/ له‌ شه‌تاوان ده‌خوولێته‌وه‌/

/ شینگێڕ دیسان بۆچی كۆبوونه‌ته‌وه‌؟/ ئه‌و گیانله‌به‌ره‌

خه‌مبارانه‌ به‌م نیوه‌شه‌وه‌ به‌دوای چیدا ده‌گه‌ڕێن؟ بڵێی

ڕێگایان بده‌ن په‌یژه‌یه‌ك به‌ خه‌ونه‌كانیان هه‌ڵبنێن؟ /

هه‌ست...به‌ ته‌سلیم بوونی نیگا...

خه‌ون...به‌ ئاوازی سه‌قه‌ت.

ژیان...به‌ پێناویی و بێده‌نگی...

نه‌وت...به‌ خۆراك..

 (5)

/ بیرت چۆن بۆ دروست كردنی ئه‌و هاڕمۆرنیایه‌ چوو؟/ ئای له‌

سه‌داێی پایزی/ ئای له‌ جواناوی شیعره‌ كه‌زی درێژه‌كان/

ئای له‌ ورشه‌ی كوانوو/ له‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ی هیوابڕِاو/ له‌ په‌نجه‌ی

له‌ گۆچوو/ له‌زرینگانه‌وه‌ی كه‌ژاوه‌/ ئای له‌ چی نا؟ /

گریانێك له‌ چاوی هه‌ڵوه‌دای ڕۆژپه‌ڕ،

ده‌ڵێی هه‌وری هاوینانه‌

نه‌په‌رت ده‌بێ، نه‌ده‌باری...

خوایه‌ به‌ دوعای چ هه‌تیوێك،

به‌ سوجده‌ی چ عابدێك

 به‌ناڵه‌ ناڵی چ نه‌خۆشێك

 به‌ شه‌به‌قی چ خوێنێكی به‌ ناهه‌ق ڕژاو

ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ (بێدیماهی) ه‌ت به‌عیشق داوه‌؟

له‌ شه‌خته‌ چروَ ده‌رده‌كا و

له‌ به‌هاران ده‌یوه‌رێنی...

خوایه‌ ئه‌وه‌ چ به‌ڵایه‌كه‌

بۆ عه‌بدی خۆتت ناردووه‌؟

ختووكه‌ی ڕهێڵه‌ ده‌دا و

چیا دادێنی؟

چ به‌ڵایه‌كه‌

له‌ ڕۆشناییدا زوڵمه‌ت و

له‌ زوڵمه‌تدا ڕۆشنایی به‌رپا ده‌كا...؟

خوایه‌...ئه‌وه‌...چ...به‌ڵایه‌كه‌...

بۆ عه‌بدی خۆتت ناردووه‌؟

حوزه‌یرانی/ 2003


نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu