لە یەمەن چ دەگوزەرێ؟
هەواڵ و وێنەکانی منداڵان و ڕادەی بەرزی مردن کە مانشێت و تایتڵی لاپەڕەی رۆژنامەو گۆڤار و میدیاکانی خودی بۆرژوازی ناچارن رای بگەیەنن، وە هوشداری دانی سەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی منداڵان و مافی مرۆڤ لە پەیوەند بە یەمەن، نیشانی دەدات چ کارەساتێکی مرۆیی دەگوزەرێ. بیستن و بینینی ئەو هەواڵانە هیچ مرۆڤێک جگە لەسەرانی حکومەت و حزبەکانی بۆرژوازی و سەرمایەدارن نەبێت ناتوانێت تەزوو بە گیانیدا نەیەت و ئازار نەبینێت. ئەگەر ئەو هەلومەرجە وا بڕوات لەئایندەیەکی نزیکدا کارەساتێکی مرۆیی وا چاوەڕوان دەکرێت کە بەوتەی زۆرێک لە میدیاکان و هەتا سەرانی زۆر لە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان گەورەترین کارەسات دەبێت لە سەد ساڵی رابردودا. ئەمەی لە یەمەن روودەدات و پشتگوێ خراوە هیچ بوارێک بۆ گاڵتەجاڕی مافی مرۆڤ و دیموکراسی بۆرژوازی و سەرمایەداران و حکومەتانی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان ناهێڵێتەوە. وڵاتێک لەژێر سایەی بەرژەوەندیخوازی و چاوچنۆکی سەرمایەداران و دەوڵەتە کۆنەپەرستە سەرمایەداریە جیهانی و ناوچەییەکاندا کە ڕۆژانە تەپڵی مافی مرۆڤ لێدەدەن، بەرەو داروخانێکی بێوێنە دەڕوات. سێ لەسەر چواری دانیشتوانی لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچووندان، وڵاتێک کە هاتوهاواری رۆژانەی دایک و باوکی مناڵانێک کە پەراسوەکانیان یەک بەیەک دەژمێرێن و مێشو و مەگەز تێی داون، لەبەر بێ ئاوی و بێ خۆراکی و کولێراو دەیان نەخۆشی ترو رۆژانە ئەگەر بەخت یاوەریان بێت بەبرسێتی نەمرن ئەوا لەبەردەم رەحمەتی هێرشی فڕۆکەی جەنگی و تۆپەکانی لایەنی شەڕکەرانی وڵاتانی ناوچەکەدا دەبنە قوربانی، کە لەیەمەندا جەنگێکی خوێناوی و برسێتیان هەڵگیرساندووە کە دوورو نزیک هیچ پەیوەندیەکی بە خەڵکی ئەو وڵاتەوە نییە، کەچی رۆژانە دەبێ چاوەڕێی مەرگی دەیان و سەدانی منداڵەکانیان بن، کە لاشەی پەرچە پارچەی مناڵ و تێکەڵ بە خانوو و جلوبەرگ و گۆشتی ئاژەڵ بووە، ئەم تراژیدیە ئینسانیە جیا لە ترامپ و میرکل و تریزا و ئۆردوگان و مالکی و شێخ سەلمان و مەسعود و خامنەئیەکان کێ دەتوانێ لە دیمەن و هەواڵەکانی دڵگران و پەست نەبێت و لەئایندەی خۆی و مناڵەکانی لەدنیای ئەمڕۆدا نەترسێت.
ئەوە تەنیا هەواڵەکانی رێکخراوە ئینسانیەکانی وەک رێکخراوی مافی مرۆڤ و یونیسێف و رێکخراوەکانی منداڵان و چەندان رێکخراوی تر نییە کە خەبەری ٢٢ ملیۆن ئینسان لەیەمەندا لەکۆی ٢٨ ملیۆن کەس کە لەبەردەم ترسی مردندان بەهۆی بەدخۆراکی و نەبوونی دەرمانەوە پشت راستدەکەنەوە کە لەژێر هێڵی هەژاری و برسێتیەوە و نەخۆشیدا دەژین، ئەوە تەنیا ئەو رێکخراوە ئینسانیەکان نین ئەمە پشت راستدەکەنەوە، بەڵکو خودی نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆرێک لەسەرانی وڵاتانی زلهێزی سەرمایەداری کە یەمەنیان پشتگوێ خستووەو تەسلیمی وڵاتانی هاوپەیمانی عەرەبیان کردووە لە ناوچەکەدا بەسەرپەرشتی سعودیە، زۆربەی کوشتارەکانی یەمەن و لەبرسا مردنەکان و ئاوارەبوونەکان لەژێر سایەتی هێرشەکانی ئەو هاوپەیمانیەدا لەلایەک و لەلایەکی ترەوە حوسیەکانی هاوپەیمان و کۆمەکەکانی جمهوری ئیسلامی ئێراندا ئەنجامدەدرێت، ئەوە کارنامەکانیانە و بەڵام هەریەکە لە سعودیە و ئێرانیش بەرگی ئەوە دەکەن بەبەریدا کە یارمەتی خەڵکی یەمەن دەدەن، ئەمە هەروەک هەمان ئیدعانامەو کارنامەکانی ئەمریکاو وڵاتانی غەرب بوو لەپەیوەند بە سوریا و عێراق و ئەفغانستانەوە کە چەندە پوچ و بێناوەرۆک دەرچوون.
بەپێی راپۆرتە جیهانیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی منداڵان رزگار بکەن ” ٨٥٠٠٠” هەشتاو پێنج هەزار مناڵ کە لە پێنج ساڵ بەرەوخوار بوون بوونەتە قوربانی سیاسەتی برسیکردنی شەڕی سعودیەو ئێران لە یەمەندا لە سێ ساڵی رابردوودا. هەواڵەکان ئاوارەیی سێ ملیۆن خەڵكی ئەو وڵاتە و کوشتاری دەیان هەزار کەس و برینداری بێئەژمار و دیل باس دەکەن، کە لە رێکەوتنی سویدی ئەم هەفتەیەدا بڕیاری ١٥٠٠٠ پانزە هەزار دیل رادەستی یەکتری بکەنەوە. هەواڵی تراژیدی لەبرسا مردنی زیاتر لە دە ملیۆن ئینسان تا کۆتایی دیسەمبەری ئەمساڵ بەگوێی دنیادا دەدرێت. دەیفید بیسلی لێپرسراوی بەرنامەی خواردنی جیهانی لەنەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: یەمەن لەرێگای کارەساتێکی ئینسانی گەورەدەایە بەهۆی برسێتی دانیشتوانەکەی و ئەگەر بەپەلە جەنگی ئەو وڵاتە نەوەستێت، ئەوە شەرمەزاری دەبێت بۆ بەشەریەت.
ئەمانە دیوێکی کارەساتەکانە، دیوێکی تری ئەو ناوچانەی کەلەژێر سایەی حکومەتی بەناو شەرعی یەمەندایە بەسەرۆکایەتی عەبد رەبە مەنسور هادی کە سەربە سعودیە و هاوپەیمانەکانە و ئەو ناوچانەی تریش کە لەژێر سایەی دەسەڵاتی ” ئەنسار ئەڵادایە” واتە حوسیەکان، هەریەکەیان بەجۆرێک هەرکەس سەر بەوان و چەکداری ئەوان و لایەنگری ئەوان نەبێت ئەوا دەکوژرێت یان زیندانی دەکرێت یان لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەواندا دەردەکرێت. هەواڵەکان رادەگەیەنن کە حوسیەکان لە سەپتێمبەری ئەمساڵدا زیاتر لە ٣٥٠٠٠ سی پێنج هەزار کارمەندیان دەرکردوەو شوێنەکانیان بە لایەنگر و ئەندامانی خۆیان پڕکردونەتەوە.
بەدوای دەستبەراگرتنی سەنعای پایتەختی یەمەن و لەم دواییەدا شارو بەندەری حودەیدەی سەر کەناری دەریای رۆژئاوای ئەو وڵاتە کە جێگایەکی ستراتیژیە، تەنیا لە شەڕی ئەم چەند مانگەی ئەخیردا لە شاری حودەیدە زیاتر لە ١٠٠٠٠٠ سەد هەزار کەس ئاوارە بووەو هەزارەها کەس کوژراون، لەلایەک حوسیەکان ناردنی یارمەتی خواردن و دەرمان کە شارێگایەکی سەرەکیە کە لە سەدا حەفتا و پێنجی پێداویستیەکان لەوێوە دێت راگرتووە، یان سعودیە رێگا نادات ئەو یارمەتیە مرۆییەکانی دەرمان و خۆراک بڕوات بۆ ناوچەکانی کە لەژێر دەستی حوسیەکاندایە، ئەمانە کارەساتی مردن و نەخۆشی جۆراوجۆری زیاتر کردووە.
لایەنەکانی جەنگ لە یەمەندا!
جەنگێکی ماڵ وێرانکەر کە لە چوار ساڵ لەمەوبەرەوە واتە لە ٢٠١٤ وە لەنێوان دەوڵەتی یەمەن بە سەروکایەتی عەبد رەبە مەنسور هادی لەلایەک و حوسیەکان لەلایەکی ترەوە دەستی پێکردو بەدوای گرتنی سەنعای پایتەختدا لەلایەن حوسیەکان و راکردنی عەبد رەبە بۆ سعودیە لە ٢٠١٥ دا ئەوا گۆڕانی تەوازنی هێز لەبەرژەوەندی حوسیەکان و ئێران روویدا، جەنگ لەو وڵاتەدا پێی نایە قۆناغێکی نوێ و بەهۆی پەراوێزی یەمەنەوە ئەمریکاو غەرب سەرپەرشتی جەنگیان بە سعودیە سپارو هاوپەیمانی عەرەبیان لەدەور سازدا، وە جەنگەکە بوو بەجەنگی راستەوخۆی هاوپەیمانی عەرەبی بەسەرپەرشتی سعودیە و لەولاوە کۆمەکە زۆرەکانی ئێرانیش بۆ حوسیەکان جێگاو رێگای حوسیەکانی دەبردە سەرەوەو تا ئەوەی حوسیەکان دوای سەنعا بتوانن چەند شاری تر بگرن لەوانە بەندەری حودەیدە، ئەمانە وایانکرد هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانی عەرەبی زیاتر بکات بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسیەکان، کە هێندەی خەڵکی مەدەنی دەکوشت هێندە حوسیەکان بەر نەدەکەوتن، وە ئەمانە گەمارۆی سەر خەڵکی مەدەنی زیاتر دەکرد و دەبووە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی جۆراوجۆر و برسێتی و مردنێکی زۆر، کە یەمەن بە ترسناکترین شوێنی دنیا بۆ برسێتی و مردن وەسف دەکرێت، وە زۆرترین کوشتاری منداڵان بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ئینسانیەکان لە سێ ساڵی رابردوودا روویداوە.
بەهۆی ئەوەی جێگاو رێگای یەمەن تاسیری لەسەر سیاسەتی وڵاتە زلهێزەکانی وەک روسیاو ئەمریکا نییە، جێهێڵراوە بۆ کێشەکانی نێوان سعودیەو هاوپەیمانەکان لەلایەک و لەولاوە ئێران و حوسییەکان، وە یەمەن بۆ ئەمریکا وەرەقەیەکە کە هەم لەبەرامبەر سعودیە بەکاری دەهێنێت و هەم لەبەرامبەر ئێراندا، ئەوەتا سات و سەداکانی ئەمریکا لەگەڵ سعودیەدا رۆشنەو لەولاشەوە “براین هوك” نوێنەری ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران دەڵێ:”ئەگەر بزانین ئێران هێرش دەكاتە سەر بەرژەوەندییەكانمان لەو ناوچەیەدا ئەوا هەڵوێستی بەکردەوەمان دەبێت لەبەرامبەریدا”، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت واتە ئەگەر ئێران دەست نەبات بۆ بەرژەوەندی ئەمریکا، ئەوا کێشەیان نییەو ناوبەناو تاوانباری دەکەن کەیارمەتی حوسیەکان دەدات، کە بەدڵنییاییەوە بەیارمەتی ئێرانە حوسییەکان ئێستا باڵا دەستن. ئەگەر هاوپەیمانی وڵاتانی عەرەبی بەسەرپەرشتی سعودیە نەبێت، حکومەتی بەناو شەرعی عەبد رەبە دەمێک بوو بەدوای گرتنی شاری سەنعاو راکردنی بۆ سعودیە دەکەوتە دەست حوسیەکان و گەمەکانی قاسم سلێمانی وەک لە سوریا و عێراق و کوردستان بە ئاشکرا نیشان دەدرا.
کۆبوونەوەی سوید بۆ رێکەوتنی یەمەن!
بەدوای چەندین هەوڵ بۆ ئەوەی ئاگربەست رووبدات لەنێوان دەسەڵاتی عەبد رەبەو حوسیەکان و رازی نەبوونی حوسیەکان بەوەی کە دەسەڵاتی عەبد رەبە بەرەسمی ناناسن و دانیشتنی راستەوخۆ لەگەڵ سعودیەدا کە سەرپەرشتی شەڕەکە دەکات بە ئەنجام نەگەیشت، توندبوونەوەی جەنگی یەمەن و بەرزبوونەوەی رێژەی مردنی منداڵان و ترسی مردنی ملیۆنی خەڵکی ئەو وڵاتە و هەموو ئەمانە جیا لەچوونە سەرەوەی خەرجیەکان لەیەمەن بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانانی، وە هەروەها هەریەکە لە سعودیەو ئێران لەبەردەم ئەزمەی ناوخۆیی خۆیاندان، بۆیە دەخالەتی ئەمریکا لەرێگای نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە هەشت مانگی رابردوودا بۆ ئەوەی رێگایەک بۆ خەرجیەکانیان دابنێن و یاریەکەیان لە یەمەن بگۆڕێت بەشێوەیەک دەستی ئێران کەمبکەنەوە، گەیشت بەوەی کە ئەمریکا کۆمەڵێک داواکاری حوسیەکان جێبەجێ بکات بۆ دانیشتنی راستەوخۆ بەسەرپەرشتی مارتین گریفیس نێردەی تایبەتی نهتهوه یهكگرتووهكان لە یهمهن. بۆ ئەمەش لە ٦ی دیسەمبەردا بەسەرپەرشتی نەتەوە یەگرتووەکان لە سوید دانیشتن بۆ ماوەی یەک هەفتە کە ١٣ دیسەمبەر ئاخرین رۆژ بوو ئەنجام درا. پێشترو وە لەم دانیشتنەدا وەڵام بە کۆمەڵێک داواکاری حوسیەکان درایەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی بەشداری بکات و ئەوە بوو بۆ هێنانی نوێنەری حوسییەکان بۆ دانیشتنی سوید، خودی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەیەمەن مارتن گریفیس خۆی رۆشتۆتە سەنعاو وەفدی مفاوزی حوسییەکانی هێناوە بۆ سوید و هەروەها ژماریەکی زۆری بریندارەکانیان بۆ چارەسەر ناردووە بۆ عەممان. کە بۆ ئەمریکا ئێستا لەگەڵ گەمارۆی دووەمی سەر ئێراندا، دەیانەوێت بەم رێکەوتنە حوسییەکان لە ئێران دوربخەنەوەو دەخالەتی ئێران لەیەمەن ببڕن، بەڵام جێگاو رێگای حوسیەکان دەچێتە سەرەوە. سەبارەت بە کۆتایی جەلسەکەش، ئەگەرچی حوسیەکان بە راوەستانی شەڕ ناڕازین، بەڵام ئەنتۆنیۆ گوتیرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، دەڵی لە رێکەوتنی یەمەن لە سوید لایەنەکانی یەمەن گەشتوون بە چەند خاڵێک و بە خۆشبینیەوە سەیری دەکات بۆ لێتێگەشتنی لایەنەکان و نزیکبوونەوەی بڕواکانیان بۆ وەستانی جەنگ لە ئایندەدا. نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی سەرپەرشتی هەندێ شوێنی وەک بەندەری حودەیدە دەکات وهاتوچۆی ئاسمانی ناوخۆ لەسەنعا دەست پێدەکات.
کام رێگا چارەی خێراو ئینسانی بۆ هەلومەرجی ئێستای یەمەن!
لەهەلومەرجێکی ئاڵۆزو پڕکێشەی ناوچەکەو جیهانیدا، باڵادەستبوونی دەوڵەتانی سەرمایەداری کۆنەپەرست و دژی ئینسانی بەهەموو ئەزمەو کێشەیەکی ناوخۆیانەوە کەهەیانە، هەریەکەیان دەیەوێت خۆی رابەری ناوچەکە بەدەستەوە بگرێت، بەهەر رێگایەک جەنگێک کە لەیەمەندا بەرێخراوە بەدژی خەڵكی مەدەنی ئەو وڵاتەو هیچ نزیکایەتی بە چارەنوسێکی باشەوە بۆ خەڵک نییە. وەستانی شەڕ لەو وڵاتەدا لەبەرژەوەندی خەڵكدایە، کە بتوانرێت شەڕ و بەڵای تۆپباران بە سەریانەوە بوەستێت، کوشتن و لەبرسا مردنی ملیۆنی منداڵان بوەستێ، لەبەرئەوەی ئەم شەڕە شەڕی خەڵک نییە، وە خەڵک هیچ هێزو ئیرادەی نەک نییە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوسی خۆی، بەڵکو لەبەردەم لەناوچوونی بەکۆمەڵی ملیۆنیدایە، وە ئەم کارەساتە بۆ شکاندنی شکۆی ئینسانی نەک تەنیا لە یەمەندا، بەڵکو لەناوچەکەدا مەترسیدارترین شت دەبێت، بۆیە وەستانی ئەم جەنگە و نەمانی بەڵای کوشتارو ئاوارەیی و برسێتی ملیۆنی زیاتر کە بەڕێوەیە دەوەستێنێت، ئەگەرچی رێکەوتنی ئێستای مەیەن کە لەسوید ئەنجامیانداوەو درێژەی دانیشتنەکە بۆ مانگی جەنیوەری ٢٠١٩ دانراوەو هەندی خاڵ رێکەوتنی لەسەر کراوە، وەک نیشاندانی سەرەتایی کۆتایی جەلسەکە پاشەکشەیەکی زۆری هاوپەیمانی عەرەبی و هەتا ئەمریکاو غەربە لەبەرامبەر حوسیەکانداو جێگاو رێگای حوسیەکان دەباتە سەرەوە، بەڵام ویستی خەڵکی یەمەن لە ئێستادا راستەوخۆ وەستانی بەڵای جەنگە بەسەر سەریانەوە، کە ئەمەش داواکاری هەموو بەرەو ئینسانی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستە لەدنیادا.
ئەگەر کۆمەڵگەی بەشەری بیەوێت بەڵای یەکجاری شەڕو کوشتار بەسەریانەوە نەمێنێت، وە کارەساتەکانی سوریا، ئەفغانستان، عێراق، کوردستان و یەمەن بۆ یەکجاری کۆتایی بێت ئەوە بە رێکخراوبوونی کرێکاران و جەماوەری بەشمەینەت و رابەرایەتی کۆمۆنیستی لە شۆرشی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا، دەبێت.
١٤/١٢/٢٠١٨
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.