نایەنەوە..
ئەو پاساریانەی فرچكیان بە كۆچەوە گرت و
رۆیشتن
ئەو شۆڕەبیانەی لە داخی تینوێتی و وشكەساڵیدا
خۆیان كوشت
***********
نایانبینینەوە..
ئەو ئەستێرانەی لە حەسرەتی تاریكى و دووری و تەنیاییدا
گڕوویان گرت
گەردوونیان جێهێشت و
نەژیرانەوە، تا كوژانەوە
***********
ناگەڕێنەوە..
ئەو گوڵەبەیبوونانەی لە بەهار یاخی بوون و
بەرەو مەنفا
بەرەو ئەو شوێنەی سرووشتی تێدا نێژراوە
بەرەو ئەو هەسارەیەی قەترەیەك بارانی تێدا نابارێت
ئۆغریان كرد و
نەهاتنەوە و
نایەنەوە..
ئومێد بابان