به‌و پێیه‌ی چەند ساڵێکە له بواری میدیادا کار دەکەین، ره‌نگه هه‌ندێك ئه‌زموونمان له‌و ده‌زگا و دامه‌زراوه میدیاییانه وه‌رگرتبێت، كه كارمان تێدا كردوون و له هاوڕێ و دۆستانمانه‌وه شتی نوێ فێر بووبین و به‌لای كه‌مه‌وه هه‌ندێك رێسای ڕۆژنامەوانی شاره‌زا بووبین، كه په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆیان به دنیا به‌رفراوانه‌كه‌ی رۆژنامه‌نووسییه‌وه هه‌یه.
یه‌كێك له‌و ژانره رۆژنامه‌وانییه سه‌رتاپاگیر و جێبایهخانهی كه پێویسته هه‌واڵنێر پسپۆڕیی تێدا په‌یدا بكات و له ورد و درشتی پێكهاته و ڕه‌گه‌زه‌كانی بكۆڵێته‌وه، میتۆدی نووسینی هه‌واڵه، كه ده‌شێ به وردی شرۆڤه بكرێت و هه‌ر هیچ نه‌بێت ئەوانەی تازە لەو بوارەدا دەستبەکار بوون، لێی به‌هره‌مه‌ند بن.
ئه‌گه‌ر هه‌واڵ له پێنج ره‌گه‌زی سه‌ره‌كیدا پێناسه بكه‌ین، (وه‌ك میدیای زۆربه‌ی وڵاته پێشكه‌وتوو و تازه گه‌شه‌سه‌ندووه‌كان به گشتی ئاماژه‌یان پێ داوه) بۆ وێنه: (چی، كه‌ی، له كوێ، بۆچی، چۆن) به‌و ئه‌نجامه ده‌گه‌ین كه، چی ڕووی داوه، كه‌ی و چ رێكه‌وتێك، له كوێ و چ شوێنێكی جیۆگرافی، بۆچی و فاكته‌ره‌كانی پشتی، چۆنچۆنی، كه مه‌به‌ست تێیدا ناوه‌رۆكی هه‌واڵه، بۆیە زۆر گرنگ و پێویستە هەر پێنج ڕەگەزەکە لە هەواڵدا بە بایەخەوە شوێنیان بۆ بکرێتەوە.
بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر به لاڕێدا نه‌برێت، ده‌بێ سه‌ره‌تا مانشێت یان سه‌ردێڕی هه‌واڵ شی بكه‌ینه‌وه.
مانشێت كه گرینگ‌ترین و كاریگه‌رترین به‌شی هه‌واڵه و به سانایی سه‌رنجی وه‌رگران كێش ده‌كات، بایه‌خێكی ئه‌وتۆی هه‌یه كه ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی هه‌ندێك جار چونكه سه‌ردێڕ لاواز بووه، كه‌مترین خوێنه‌ر خۆیان له قه‌ره‌ی هه‌واڵه‌كه داوه و كاتی خۆیانیان پێوه بەهەدەر داوە، پێچه‌وانه‌كه‌یشی ڕاسته.
ئه‌و پرسه‌ی كه لێره‌دا زیاتر تیشكی ده‌خرێته سه‌ر، میدیا بە گشتی و به تایبه‌تتریش رۆژنامه و گۆڤار و وێبسایت و پەیجهكانی سۆشیالمیدیان، كه ده‌بێ هه‌واڵنێر و پەیامنێر و نووسه‌ریش به وریاییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌ست و نه‌ست، بیر و هۆش و تێڕوانین و دنیابینیی خوێنه‌ردا بكه‌ن و ته‌نانه‌ت هه‌واڵه تهشریفاتییهكانیش، بۆ هه‌واڵی سه‌رنجڕاكێش بگۆڕن.
بۆ نموونه: سه‌رۆكی هه‌رێم پێشوازیی له وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا كرد. یان: سه‌رۆككۆماری عێراق له‌گه‌ڵ باڵیۆزی هه‌نگاریادا كۆ بووه‌وه.
سەرنج بده‌ن، چونكه سه‌ردێڕه‌كان ته‌شریفاتین، به ده‌گمه‌ن نه‌بێت خوێنه‌ر ئه‌و هه‌واڵانه ناخوێنێته‌وه و خۆی به خوێندنه‌وه‌یانه‌وه شه‌كه‌ت ناكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نووسرابایه: به‌ریتانیا پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە (مانشێتی یه‌كه‌م). یاخود هه‌نگاریا و عێراق جەخت لە قوڵکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان دەکەنەوە (مانشێتی دووه‌م). ئه‌وكات دروست خوێنه‌رت بۆ خوێندنه‌وه و سه‌رنجدان له هه‌واڵه‌كان ڕاكێشاوه، جا مەرجیش نییە ڕێک ئەو مانشێتانە هەڵبژێریت، دەشێ لە کۆی پەرەگرافەکاندا سەرنجڕاکێشترین پەیام بکەیتە مانشێت.
دوای مانشێت كه (لید) یان پێشه‌كیی هه‌واڵ دێت، كه هه‌مدیس رۆڵی له كه‌مه‌ندكێشكردنی خوێنه‌ردا هه‌یه و هه‌م ئاستی تێگه‌یشتنی نووسه‌ران، هه‌م جیهانبینیی ئیدیته‌ر و به‌ڕێوه‌به‌رانی میدیاش ده‌رده‌خات، ئه‌گه‌ر به پوختی بنووسرێت و پڕبایه‌خترین بڕگه‌كانی هه‌واڵ له چه‌ند دێڕێكی كورتدا كۆ بكرێته‌وه، خوێنه‌ریش كه‌متر به خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌وه شه‌كه‌ت ده‌بێت و زووتر و خێراتریش په‌یامه‌كه‌یان پێ ده‌گات.
پشكێكی دیكه‌ی گرینگی میتۆدی هه‌واڵنووسین كورتبڕییه، كه ده‌شێ ناوه‌رۆكه‌كه‌ی به چه‌ند په‌ره‌گرافێك دابڕێژرێته‌وه و به كه‌مترین وشه، زۆرترین مانا بگه‌یه‌نێت، ئاخر هیچ هه‌واڵێك كه له 200 وشه زیاتر بوو، تاقهتپڕوكێنه و جگه له چه‌ند كه‌سێكی دیاریكراو كه ناو و فه‌رمانگه و شوێنه په‌یوه‌ندیداره‌كانیان له هه‌واڵه‌كه‌دا جێی كراوه‌ته‌وه، كه‌سی دیكه نایخوێنێته‌وه و خۆی پێوه سەرقاڵ ناكات.
دواجار، دوایین په‌ره‌گرافی هه‌واڵه كه ده‌شێ به جۆرێك لە جۆرەکان و بە (پوختترین پاشخان)، خاڵی كۆتایی پاش وشه‌كان دابنرێت، تا خوێنه‌ر جارێكی دیكه به تامه‌زرۆییه‌وه بێته سه‌ر هێڵ و زانیاریی ورد له‌باره‌ی ئه‌و هه‌واڵانه‌وه وه‌ربگرێت، كه له میدیاكاندا بڵاو ده‌بنه‌وه.