ڕونکردنەوەو وەڵامێک بۆ بەڕێز رزگار سەعید
بەڕێزتان سەبارەت بە كێشەی بەڕێز (بەختیار سەعید) نامەیەكی كراوەتان، ئاراستەی بەڕێز (وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان) كردووە، بەڵام كێشەكە، كە كێشەیەكی یاساییە، پەیوەندیی بە بەڕێز (وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان)ەوە نییە، بەڵكو پەیوەندیی بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیمانەوە هەیە، چونكە بەڕێز (بەختیار سەعید) فەرمانبەری ئێمەیە، بۆیە ئەم ڕوونكردنەوەیەمان بە پێویست زانی.
دوای ئەوەی لە ساڵەكانی (2010) و (2013) بەڕێز (بەختیار سەعید) دوو كوراسەی تایبەت بە هونەرمەندان: (بەدیع بابا جان) و (ئازاد شەوقی) ئامادە كرد و لە بەڕێوەبەرێتی هونەری شێوەكاریی كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیمانە، چاپی یەكەمیان بۆ كرا، مافی چاپ بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان پارێزرا، بەڵام بەڕێزیان ئەو مافەیان پێشێل كرد و چاپی دووەمیان بۆ سەنتەری مارگرێت كرد، كە نەدەبوو ئەو پێشێلكردنە ڕوو بدات.
بۆیە بەڕێوەبەرایەتی هونەری شێوەكاریی، سكاڵایان لە سەر تۆمار كرد، دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی بە ڕاپۆرتی ژمارە (49) لە 3/4/2016 هاتنە ناو كێشەكەوە و لیژنەی لێكۆڵینەوە پێك هات، چەند جارێك بەڕێز (بەختیار سەعید) بانگ كرا و جگە لەو مەسەلەی پێشێلكردنی مافی چاپە، داوای بەڵگەكانی لێكرا كە كوراسەكان چۆن دابەش كراون. بەڵام بەڕێزیان بەڵگەی پێویستیان ئامادە نەكرد، بۆیە دوا جار دادگا هاتە ناو كێشەكەوە.
بۆ بەرچاوڕوونی بەڕێزتان و هەموو لایەك، ڕاستییەكانی كێشەكە، بەم شێویەن:
كوراسەی (بەدیع بابا جان) كە (2000) دوو هەزار دانەی لێ چاپ كراوە، (1036) دانەیان لە لایەن بەڕێز (بەختیار سەعید)ەوە وەرگیراوە، بەڵام تەنها بەڵگەی (400) چوار سەد دانەیان هێنراوەتەوە. واتە (636) شەش سەد و سی و شەش، دانەیان بەڵگەی دابەشكردنیان دیار نییە.
كوراسەی (ئازاد شەوقی) كە (1500) هەزار و پێنج سەد دانەی لێ چاپ كراوە، هەمووی لە لایەن بەڕێز (بەختیار سەعید)ەوە وەرگیراوە. بەڵگەی دابەشكردنی (240) دانەیان هێنراوەتەوە، بەڵام بەڵگەی دابەشكردنی (1260) دانەیان دیار نییە.
ڕاستە لە لایەن بەڕێوبەرێتی هونەری شێوەكارییەوە سكاڵا لە سەر بەڕێز (بەختیار سەعید) تۆمار كراوە، بەڵام بڕیاری ڕاگیرانی لە لایەن بەڕێز دادوەرە دەرچووە و دەسەڵاتی ئێمەی تێدا نییە، ئێمەش لەو ڕووەوە نیگەرانین كە بەڕێزیان بۆ ماوەیەكی زۆر ڕاگیراون.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی