بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و بۆنەكانی ئادارەوە، بە هەماهەنگیی ئاسایشی هەولێر و پۆلیسی هاتوچۆ و هێزە ئەمنییەكانی دیكە، پلانێكی ئەمنیی تۆكمەیان داڕشتووە.
لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت عوسمان، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بە میدیاكانی راگەیاند، بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و بۆنەكانی ئادارەوە، بە هەماهەنگیی ئاسایشی هەولێر و پۆلیسی هاتوچۆ و پۆلیسی بەرگریی شارستانی، پلانێكی ئەمنیی تۆكمەیان داڕشتووە و سەرجەم هێزە ئەمنییەكانی دیكەش تێیدا بەشدار دەبن.
بە گوتەی لیوا عەبدولخالق، پلانە ئەمنییەكە لە سبەینێوە دەست پێدەكات و تا 23ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
گوتیشی: "نەورۆزی ئەمساڵ لە ساڵانی پێشوو جیاواز دەبێت و خەڵك بەوپەڕی دڵخۆشی و لە كەشێكی ئارامدا گەشت و سەیران دەكەن، چونكە پاشەكەوتی مووچە لەلایەن سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە هەڵگیراوە و رۆژ بە رۆژ هەرێم بەرەو ئارامی و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانیی زیاتر بۆ هاووڵاتیان هەنگاو دەنێت".
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕوونیشی دەكاتەوە: "ئەم نەورۆزە هاووڵاتیان بە گوڕوتینێكی زیاترەوە بەرەو سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەكان دەچن و كاتێكی خۆش بەسەر دەبەن، هەرچەندە نەیاران و ناحەزانی كوردستانیش چاویان بە پەرەسەندنە سیاسی و ئابوورییەكانی كوردستان هەڵنەیەت، بەڵام بە دڵنیاییەوە كوردستان دەچێتە قۆناغێكی باڵاتر و رۆژ دوای رۆژ بەرەو پێشتر دەچێت".
هاونیشتمانیانیش دڵنیا دەكاتەوە، هێزە ئەمنییەكان وەك هەمیشە بە شەونخوونی و ماندووبوون و دڵسۆزییەوە ئەركەكانی سەر شانیان ڕادەپەڕێنن و سەروماڵی هاووڵاتیان دەپارێزن.
دەشڵێ: "پێشبینی دەكرێت بە هەزاران گەشتیار لە عێراق و وڵاتانی دیكەوە بێنە هەرێمی كوردستان، بۆیە تیمەكانمان لە ناوەوەی شار و دەرەوە و شوێنە گەشتیاری و گشتییەكانیش بڵاوەیان پێ دەكرێت و رێ لە هەر حاڵەتێكی نایاسایی و نائاسایی دەگرن".
ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر