سلێمانی. . . بڕێك خۆراكی خراپ بوو له‌ناو ده‌برێت

به‌هۆی خراپ بوون و نه‌شیاوی بۆ خواردن، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر خوارده‌مه‌نیدا ده‌گرن و نوێنه‌ری ته‌ندروستی له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان داوایه‌ك ئاراسته‌ی‌ هاوڵاتیان ده‌كات.

ئازاد نه‌بی، نوێنه‌ری به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ووتی: له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كۆگاكانی سه‌ر به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان‌، له‌ كۆگایه‌كی عه‌مبار كردنی خوارده‌مه‌نیدا ده‌ست به‌سه‌ر 12 كارتۆن كه‌ره‌ی خواردندا گیراوه‌.

ئازاد نه‌بی ووتیشی: به‌هۆی خراپ عه‌مباركردنی له‌ كۆگاكه‌دا‌ (كه‌ره‌ی خواردن) ه‌كه‌ كه‌رووی كردووه‌، و به‌ها خۆراكیه‌كه‌ی له‌ده‌ست داووه‌ و شیاوی خواردن و به‌كارهێنان نییه‌.

ووتیشی: به‌هۆی نه‌بوونی لیبڵ و به‌رواره‌وه‌‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌‌كان ده‌ستی به‌سه‌ر بڕیك حه‌ڵوا دا گرتووه‌، كه‌ حه‌ڵواكه‌ شیاوی خواردن و به‌كارهێنان نییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ئه‌و كاڵاوشمه‌كانه‌ی هاورده‌ ده‌كرێن پێویسته‌ پێكهاته‌ و به‌رواری به‌سه‌روه‌ بێت.

ئازاد نه‌بی ئاماژه‌ی به‌ئه‌وه‌شكرد، سه‌جه‌می ئه‌وخۆراكانه‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌ به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ی تانجه‌رۆ له‌ناوده‌برێت و خاوه‌نه‌كانیشیان رووبه‌رووی یاسا ده‌كرێنه‌وه‌.

نوێنه‌ره‌كه‌ی ته‌‌ندروستی له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی، داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات له‌كاتی بازاڕكردن و كڕینی خوارده‌مه‌نی دا دڵنیابنه‌وه‌ له‌ ماوه‌ به‌سه‌رنه‌چوونیان پاشان به‌كاریبهێنن، و له‌حاڵه‌تی هه‌بوونی خۆراكی خراپ یان ماوه‌به‌سه‌رچوو لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانی لێ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌.

راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu