خواردنی بسته‌ی ره‌نگكراو زیانی بۆ ته‌ندروستی هه‌یه‌

به‌هۆی به‌كارهێنانی ره‌نگ و بڕێكی زۆر لیمۆندۆزی له‌ ئاماده‌كردنیدا، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر بسته‌ی ره‌نگكراودا ده‌گرن و سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانیش ئاگاداری هاوڵاتیان له‌به‌كارنه‌هێنانی ده‌كاته‌وه‌ و له‌هه‌رشوێنێكیش بفرۆشرێت ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرن.

گۆران قادر، سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ووتی: لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕێكی زۆر بسته‌ی ره‌نگكراوودا گرتووه‌ كه‌ به‌پێی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان خواردنی ئه‌وجۆره‌ گونجاو نییه‌ و زیانی بۆسه‌ر ته‌ندروستی هاوڵاتیان به‌گشتی و به‌تایبه‌ت منداڵ هه‌یه‌.

 گۆران قادر ووتیشی: پێكهاته‌ی ئه‌و ره‌نگه‌ خۆراكیه‌ بۆ خوارده‌مه‌نیه‌ سارده‌كان دروستكراوه‌ به‌ڵام برژارندنی له‌گه‌ڵ بسته‌كه‌دا به‌ها خۆراكیه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات و ده‌بێته‌ مادده‌یه‌كی زیان به‌خش كه‌ جێگه‌ی مه‌ترسیه‌ بۆسه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ.

ووتیشی: به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌كارهێنانی لیمۆندزی كه‌ پێكهاته‌یه‌كی كیمیاییه‌ و له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا قه‌ده‌غه‌یه‌ كراوه‌، مه‌ترسی بۆسه‌ر مرۆڤ دروست ده‌كات و به‌كارهێنانیشی به‌ بڕێكی زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌وره‌نگه‌ی بۆ بسته‌كه‌ به‌كارده‌هێنرێت زیانه‌كه‌ی چه‌ند به‌رامبه‌ر ده‌كات.

سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ئاگاداری فڕن و دوكانداره‌كان ده‌كاته‌وه‌ له‌ ئاماده‌نه‌كردن و نه‌فرۆشتنی بسته‌ به‌وشێوه‌، هه‌روه‌ها داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات خۆیان و مناڵه‌كانیان به‌دوور بگرن له‌ خواردنی ئه‌وجۆره‌ بسته‌ی به‌وشێوه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت، و له‌ كاتی هه‌بوونی له‌ دوكانه‌كاندا لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت ئاگاداربكه‌نه‌وه‌.

گۆران قادر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی ئه‌و بسته‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ له‌ ناوچه‌ی تانجه‌رۆ و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنی سه‌ربه‌لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌، له‌ناوده‌برێت.

راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی

 

 

 

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu