حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ ده‌داته‌وه‌

لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ دوایین راپۆرتی رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌و تێیدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ هیچ كه‌سێك به‌بێ بڕیاری دادگا ده‌ستگیر ناكرێت به‌ هیچ تۆمه‌تێك و گشت رێوشوێنه‌كانیش به‌ بڕیاری دادگا ئه‌نجام ده‌درێن.  

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن و وڵامدانه‌وه‌ی راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان:

رۆژی 29/1/2017 رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێكی به‌ناوی ) هه‌رێمی كوردستانی عیراق( چه‌ند منداڵێك ئیدیعای ئه‌شكه‌نجه‌دانیان ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ده‌ستی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان) و تێیدا باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك منداڵ ئه‌نجامداوه‌ كه‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 11 و 17 ساڵدایه‌ و له‌ كۆی 183 منداڵ كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستگیركراون به‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ و به‌شێوازی جۆراوجۆر ئه‌شكه‌نجه‌دراون و به‌شێكیان پارێزه‌ریشیان نه‌بووه‌، هه‌روه‌ها رێگرییان لێده‌كرێت په‌یوه‌ندی به‌ كه‌سوكاریانه‌وه‌ بكه‌ن.  

له‌كاتی هاتنی ئاواره‌ و راگوێزراوه‌كان له‌ سه‌نته‌ره‌كانی پێشوازی كردن له‌ ئاواره‌كان ده‌زگا ئه‌منییه‌كان لێكۆڵێنه‌وه‌ له‌ ناوه‌كانیان ده‌كه‌ن و زانیاریان له‌سه‌ر وه‌رده‌گرن، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ گومانیان له‌سه‌ره‌ یان داواكراون، ره‌وانه‌ی ئاسایش و دادگا ده‌كرێن بۆ ئه‌نجامدانی رێوشوێنی پێویست به‌رامبه‌ریان و تا ئێستا زیاتر له‌ (2000) كه‌س له‌ رێگای سه‌نته‌ره‌وه‌ ده‌ستگیر كراون له‌وانه‌ (1500) به‌ به‌ڵگه‌وه‌ی ته‌واوه‌ ده‌رچووه‌ كه‌ ئه‌ندامی داعش بوون هه‌یانه‌ دوو ساڵ له‌ ریزه‌كانی داعش بوون، ته‌نانه‌ت قه‌ناسی به‌ده‌ستی داعش بوون و به‌شداری خولی مه‌شق و راهێنانی سه‌ربازی و هزری داعشیشیان كردووه‌ ئه‌مه‌ش به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ بووه‌ كه‌ به‌ ئیعتیراف و شاهیدی خودی راگوێزراوه‌كان بووه‌ دوای ئه‌وه‌ی دڵنیا ده‌بین له‌ وته‌كانیان،  هه‌روه‌ها پێش رزگار كردنی ئه‌م ناوچانه‌ ئێمه‌ زانیاری هه‌واڵگری له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ هه‌بووه‌.  

هیچ كه‌سێك به‌بێت بڕیاری دادگا ده‌ستگیر ناكرێت به‌ هیچ تۆمه‌تێك و گشت رێوشوێنه‌كانیش به‌ بڕیاری دادگا ئه‌نجام ده‌درێن، هه‌روه‌ها دوای ده‌ستگیركردنیشی مافه‌ یاساییه‌كانی خۆیان هه‌یه‌ به‌پێی بنه‌ما و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، بۆیه‌ ڕیگری له‌ هیچ كه‌سێك ناكرێت و هه‌موو كه‌سێك كه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت، دوای ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباران و داواكراوان به‌پێی یاسای بنه‌ماكانی دادگایی كردنی سزایی (قانون اێول محاكمات الجزائیه‌) ژماره‌ 23 ساڵی 1971 ی هه‌مواركراو مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێ و رێكاره‌كان بریتییه‌ له‌ سه‌لماندنی كه‌سایه‌تی داواكراو و گومان لێكراو و ده‌ستپێكردنی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی بنه‌ره‌تی، دوای گه‌یشتن به‌ راستی داوایه‌كه‌، تۆمه‌تباره‌كه‌ وه‌ك مافێكی خۆی بۆی هه‌یه‌ پارێزه‌رێك ئاماده‌ بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی ئه‌وا له‌سه‌ر دادگا پێویسته‌ پارێزه‌ری بۆ دابین بكات و ئاگاداری كه‌سوكاری ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ناوبراو گیراوه‌، دواتر كه‌یسه‌كه‌ ره‌وانه‌ی دادگای تایبه‌تمه‌ند ده‌كرێت بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی به‌پێی یاسا.  

له‌ كاتی ده‌ستگیركردنی هه‌ر گومانلێكراوێك ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نی یاسایی ته‌واوكردبێ یان له‌ خوارووی ته‌مه‌نی یاساییه‌وه‌ بێت، ماوه‌ی ٢٤ی كاتژمێر پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌ڕاوی تایبه‌ت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ بنێردرێته‌ یه‌كێك له‌ داداگا تایبه‌تمه‌نده‌كان و بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر بدرێت، ئه‌گه‌ر سه‌یری ئاواره‌كانی هه‌رێم بكه‌ن ئه‌وا له‌ هه‌موو ره‌گه‌ز و نه‌ته‌وه‌ و ئایین و پێكهاته‌كانن، به‌ڵام پاراستنی هاووڵاتیانی هه‌رێم له‌ كاره‌ هه‌ره‌ له‌ پێشینه‌كانه‌ به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌رانیشه‌وه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ستگیر ده‌كرێن له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری و به‌ڵگه‌یه‌ و هیچ كه‌سێك به‌بی به‌ڵگه‌ و زانیاری دروست ده‌ستگیر نه‌كراوه‌.  

به‌پێی یاسا ئه‌شكه‌نجه‌دانی تۆمه‌تبار و سزادراوان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ وه‌رگرتنی ئیعتراف و زانیاری به‌ تاوان داده‌نرێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رێگا نادرێت كه‌ ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندانی پۆلیس راگیراوان ئه‌شكه‌نجه‌ بده‌ن به‌پێی مادده‌ی (333) له‌ یاسای سزادانی عێراقی ژماره‌ 111ی ساڵی 1969ی هه‌مواركراو و هه‌ر تۆمه‌تبارێك له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ درابێت له‌رووی یاساییه‌وه‌ مافی هه‌یه‌ سكاڵا تۆمار بكات دژی ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌ی داوه‌ ئه‌مه‌ش پاڵپشت به‌ مادده‌ی (19 / سێیه‌م)ی ده‌ستووری عێراقی فیدڕاڵ، به‌ڵام هه‌ندێك جار گومانلێكراو یاخود تاوانبار كاتێك راده‌گیرێت له‌ ناو به‌ندیخانه‌ هان ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌زگاكانی پۆلیس وا نیشان بدات كه‌ ئه‌شكه‌نجه‌یان داوه‌.  

هه‌ر كه‌سێك له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیر بكرێت بۆ ماوه‌ی 24 كاتژمێر ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ دواتر به‌پێی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و ده‌نێردرێن بۆ دادگای تایبه‌ت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كه‌یسه‌كانیان، به‌ڵام زۆر جار به‌ هۆی زۆری ژماره‌ی راگوێزراوان ئه‌وا رێكاره‌ یاساییه‌كان كاتێكی زۆر ده‌خایه‌نێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كه‌یسه‌كان، هه‌روه‌ها جگه‌ له‌ زۆری ژماره‌ی راگوێزراوان كه‌می ژماره‌ی كارمه‌ندی پێویست هۆكارێكی دیكه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی راگوێزراوان كاتێكی زیاتر له‌ شوێنی ده‌ستگیر كردنی بمینێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی قه‌یرانی ئابووری هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.  

سه‌باره‌ت به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ 18 ساڵ كه‌متره‌ و روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان و گومانیان لێده‌كرێت پێشتر په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ هه‌بووبێت، ئه‌وا وه‌ك قوربانی ده‌ستی داعش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت نه‌ك تاوانبار و گرنگییه‌كی تایبه‌تییان پێده‌درێت ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و رێكخراوه‌ ناحكومییه‌ بیانییه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت، لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كان پابه‌ندن كه‌ زانیاری بده‌نه‌ خانه‌واده‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستگیر ده‌كرێن كه‌ پرۆسه‌ی ده‌ستگیركردنیان له‌ خۆده‌گرێت، هه‌روه‌ها لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌پێی رێوشوێنی تایبه‌ت رێگا به‌ رێكخراوه‌كان داوه‌ كه‌ سه‌ردانی بنكه‌كانی ده‌ستگیر كردن و به‌ندیخانه‌كان بكه‌ن و له‌ نزیكه‌وه‌ چاویان به‌ راگیراوان و سزادراوان بكه‌وێت.  

سه‌باره‌ت به‌ چه‌كداركردنی منداڵان و په‌یوه‌ندیكردنیان به‌ ریزه‌كانی تیرۆریستانه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم هه‌وڵ ده‌دات بۆ دووباره‌ شیاندنه‌وه‌ و گێڕانه‌وه‌یان بۆ ناو كۆمه‌ڵگا له‌ رێگای بنكه‌ تایبه‌ته‌كان و پڕۆگرامی تایبه‌ته‌وه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ خێرخوازیه‌كان و دام و ده‌زگا تایبه‌ته‌كان به‌ پاراستنی منداڵ، هه‌روه‌ها ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ دایك و باوكیان ده‌ستگیركراوه‌ یان گومان لێكراون به‌ په‌یوه‌ندیكردنیان به‌ تیرۆریستانه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی و له‌ روانگه‌یه‌كی مرۆییه‌وه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن وه‌ك گشت منداڵی ڕاگوێزراوه‌كان به‌ ره‌چاوكردنی بارودۆخی تایبه‌تیان.  

ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامدان بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كه‌یسی ئه‌و منداڵانه‌ و ئه‌و كه‌یسانه‌ی یه‌كلاكراونه‌ته‌وه‌ چ به‌ ئازادكردن یا سزای زیندانیكردنیان وه‌رگرتبێت به‌پێی مادده‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر بۆ ساڵی 2016 چوارده‌ كه‌سن، ئه‌و سزایانه‌ش له‌ نێوان یه‌ك ساڵ بۆ پێنج ساڵ ده‌بێت و هه‌شت كه‌سیش ئازادكراون، 10 كه‌یسیش كه‌ یه‌كلانه‌كراونه‌ته‌وه‌ به‌پێی مادده‌ی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ ساڵی 2016.  

هه‌ر منداڵیك به‌ هه‌ر هۆكارێك به‌بێ دایك و باوك بێته‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌كو پێشووتر ئه‌و حاڵه‌تانه‌ زۆر بووه‌، به‌ڵام زۆر به‌باشی له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی كه‌مپه‌كان و ڕێكخراوه‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه‌ و هه‌وڵدراوه‌ ئه‌و منداڵانه‌ سوودمه‌ند بكرێن له‌ سیسته‌مه‌كانی فێركردنی خوێندن و پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی و فێركردنی كاری ده‌ستی. له‌ كاتی هاتنی ئاواره‌ی تازه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ پێشوازی و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. مامه‌ڵه‌ی به‌تایبه‌تی منداڵی بێ سه‌رپه‌رشتیار ده‌كرێت و شوێنی تایبه‌تیان بۆ ته‌رخان ده‌كرێت.  

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هاتنی نزیكه‌ی دو ملیۆن ئاواره‌ و په‌نابه‌ر له‌ ساڵانی رابردوو بارگرانییه‌كی زۆری له‌سه‌ر گشت سێكته‌ره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم درووست كرد،  به‌ڵام لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامدا بوون بۆ پێشوازی كردن و دابینكردنی خۆراك و شوێنی نیشته‌جێ كردنی پێویست بۆیان به‌ هاوكاری لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، له‌ هه‌مان كاتدا ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ئه‌ركی پاراستنی كه‌مپ و شوێنی نیشته‌جێبوونی كه‌مپه‌كان و شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان گرتۆته‌ ئه‌ستۆ، له‌ هه‌مان كاتدا له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامدا بوو بۆ پاراستنی پره‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤ به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌ستگیركراوان و ئه‌وانه‌ی به‌ تۆمه‌تی تیرۆر تێوه‌گلاون.  

لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان

29/1/2017

نووسەرە کۆنەکانی کوردستان نێت
Open menu