هەموو لایەک ئەوە ئەزانن لە دە ساڵی ڕابردوودا سەدان تاوانی جیاجیای ئابوریی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و مرۆیی و ئیداریی لە هەناوی (ی، ن، ک) ەوە هاتونەتە دەر. هەریەکەمان شاهیدی دەیان کاری نەخوازراوین کە لەلایەن بەرپرسانی باڵاو دەوروبەرەکانیانەوە ئەنجام دراون. بابەتی یەکێتی و گرفتەکانی هەرچەندە تیایدا قووڵ ببیتەوە هێشتا شتی دیکەی نەزانراو هەن.
لە (٨ی جوڵای ٢٠٢١) ەوە گرفتە قووڵەکانی نێوان هاوسەرۆکانی ئەم حیزبە کەوتنە پێش چاو ( هەمیشە لەسیاسەتدا دەمامک هەیە، ئەو ڕۆژە دەمامکەکە کەوتەخوارەوە). بە لای بافڵ تاڵەبانی و هاوبیرەکانییەوە گروپی لاهوری شێخ جەنگی فاکتەری پشێوی سیاسیی و ئیداری ئەم ناوچەیەن و دەیان شتی دیکەیان لەسەر باس ئەکرێت. بەلای گروپی بەرانبەریشەوە چەندین فاکتەرو قسەی دیکە بەرانبەر کاردانەوەکانی ئەمدواییەی ماڵی مام جەلال هەیە، هەمووی وایەو “کەڕەتی دوو” شیان بکەی هەر وایە.
لەدەرئەنجام دا ئەمانە نە گرفتە ڕاستەقینەکەن، نە خزمەت بە یەکێتی و ئێستای کوردستانیش ئەکەن:
ئەوە گریمان لاهور شێخ جەنگی و براکانی لە تەواوی سیاسەتی کوردیی دوورخرانەوە. ئەی سبەینێ بافڵ تاڵەبانی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییە سیاسییەکانی یەکێتی ئەکات؟. چۆن مامەڵە لەگەڵ ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ ئەکات؟. چی لە بەرهەم ساڵەح ئەکات کە ئیمانی بەهیچ نییە خۆی نەبێت!؟. چی لە شێخ جەعفەر و گروپەکانی دیکە ئەکات کە هێزی سەربازیی و کۆمەڵایەتی جیاجیان هەیە؟!. زەحمەت نەبێت بافڵ تاڵەبانی چۆن مامەڵە لەگەڵ گروپی کەرکوکییەکان ئەکات کە هەریەکەی هێزی خۆی هەیەو (١٤) چواردە ساڵە بەهەموو شێوەیەک لە کەرکوکدا تا ئەوپەڕی کاری نا-جۆر ئەکەن!؟. چۆن مامەڵە لەگەڵ لێشاوێک دەنگی جیاجیاو ئاستی جیاجیای ئەم سنورە ئەکات؟. ئەی گۆڕان و گردی زەرگەتەو کوڕەکانی نەوشیروان مستەفاو بەرژەوەندییەکانیان؟!. ئینجا دەیان کەسی بێ کەڵکی تر کە بە دەیان ملیۆن دۆلار لە یەکێتی سوودمەندبووەو ئێستا هەریەکەیان لە سووچێکدا خەریکی ئاینوئۆین و چوکڵ پیاکردنن!.
ئینجا تەریب بەهەموو ئەمانە، تەحەددای گەورەتر هەیە لەبەردەم (ی، ن، ک) دا… گرفتەکانی ئەم حیزبە ستراکچەرین. خۆی پێویستە هەموو حیزبێکی سیاسیی پەیڕەو و پرۆگرامێک بنوسێتەوە، ئینجا بە پێی ئەو پەیڕەوو پرۆگرامە لە کۆنگرەدا سەرکردایەتی نوێ هەڵبژێرن، کەچی ئەم بەڕێزانە هاتوون لە کۆنگرەی چواردا سەرکردایەتییەکەیان هەڵبژاردووە، ئینجا ئەو سەرکردایەتیە هاتوون پەیڕەوو پرۆگرامیان نوسیوەتەوە!.
خاڵێکی تر، ئەوەیە کە حیزب بەمانای ڕوئیاو پلان و بەرنامە دێت تیایدا کۆمەڵێک خەڵک لە پێناویدا تێ ئەکۆشن، ئەبێت حیزب لۆکاڵی نەبێت لەناو جوگرافیایەکی سنورداردا، پێویستە دیدگای بۆ پرسە یونیڤێرساڵییەکانی وەکو ژینگەو پیس بون، دیموکراسیی، مافی مرۆڤ و تەنانەت دیاردە فیکریی و فەلسەفییەکان هەبێت. دیدی یەکێتی بۆ ئابوریی کردن چییە؟. بۆ دادپەروەریی چییە؟. بۆ نەوت و گاز و ئاو چییە؟. یەکێتی وەک حیزبێکی سوشیال دیموکرات چۆن لەوە ئەڕوانێت کە کەرتی تەندروستی لە کوردستان بینا بکاتەوە؟.
ئایا یەکێتی حیزبی پەیج و فەیسبوک و هەڵڵا…و هاتوهاوارە… یان حیزبی لوتکە زانستییەکان و ناوەندەکانی دیراسات و سازدانی توانا مرۆییەکانە. ؟!.
ئەمانەو هەموو ئەمانە پرسیارن، تەحەددان پێویستە بە زوویی کاک بافڵ تاڵەبانی بە قووڵایی بیرکردنەوەی خۆی بسپێرێت، ئایا خۆی و دەوروبەرەکەی لە ئاست ئەم هەموو تەحەددایەدایە یان نا؟.
ئەم ململانێ نوێیانەی ناو یەکێتی پێش هەر شتێک مەترسین بۆ سەر کیانی دەستوریی و نیشتیمانی و حکومەتیی هەرێمی کوردستان. لەکاتێکدا لەناوجەرگەی ئەم ئاگرو دووکەڵەی لە سیستەمی هەرێمایەتی نوێدا ئەگوزەرێت، تورکیا بەفەرمی نیشانیان داوە بە پێ ئەچنە موسڵ و کەرکوک، ئێران و ئیسرائیل و و ئەمریکا هەر جارەی لە شوێنێکدا پەلاماری یەکتری ئەدەن، عێراق ئیشەکەی لای دکتۆر نەماوەو هاتۆتە لای مەلا!. سیاسەت و چۆنیەتی دروستکردنی بڕیار هەڵە لەکەس قبوڵ ناکات، مەکینەیە کێ و چی تێ ئەکەی لەوسەرەوە ئەوەت ئەداتێ، کەسی نەویستراو و خاوەنی بزنس و بێ پرەنسیپ و بێ باک و نەخوێنەوارو پەتپەتێن کەری تێ ئەکەی، پەتپەتێن و بێ سەوادی و مایەپووچی دەرئەنجامەکەیەتی، وە بەپێچەوانەشەوە. بۆیە ئەگەر بە کەرەستەو شێوە کلاسیکیەکەی پێشوو هەنگاو هەڵبگرن و چەترەکە فراوانتر هەڵ نەدەن بۆ خزمەتی ئێستاو ئایندەی کوردستان لە ناو ڕووداوەکانی ناوچەکەدا، ئەوا یەکێتی نەک هەر زیانە گەورەکە ئەکات، بەڵکو حیزبەکە ئۆباڵی زۆر بابەتی یەکلا-نە-کەرەوەی بۆ مێژوو ئەکەوێتە ئەستۆ.
خوا ئاگای لێیە کە ئەم دێرانە ئەنوسم و بیرم دێتەوە لە (٢٠٠٨) هەمان ئەم قسانەم لە کاتی یەکێتی بونمدا نوسیوە، ئێستا بە خۆم ئەڵێم “ بۆ حەلاوی باس بکە!”.
بەهرۆز جەعفەر/ ئەندامی کۆنگرەی ٣ ی (ی، ن، ک)، دکتۆرا لە ئابوریی سیاسیی هایدرۆکاربون، بەڕێوەبەری پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی.