ئەو ناوچانەی چەند رۆژێکە لە تورکیا ئاگریان تێبەربووە بە هۆی ئەوەی دەکەونە سەر لێوارەکانی دەریای سپی و دەریای مەڕمەڕەوە، لە بواری گەشتیاریەوە بە دڵی تورکیا هەژمار دەکرێن، هەر بۆیەشە ساڵانە بە سەدان هەزار گەشتیار لە تەواوی جیهانەوە ڕوو لەو ناوچانە دەکەن.
شایانی باسە تورکیا یەکێک لەو وڵاتانەیە لایەنێکی سەرکی ئابووریەکەی پشت دەبەستێ بە کەرتی گەشتیاری، لە ساڵی رابردوو بە هۆی بڵابوونەوەی پەتای کۆرۆنا و ئەو کۆتوبەندانەی لەسەر ئاستی جیهان بۆ گەشت و سەیران داندران کاریگەری نەرێنیان کردە سەر ئابووری تورکیا. بە تایبەت لە کەرتی گەشتیاریەوە، هەر ئەوەش وایکرد کە لیرەی تورکی بەراورد بە نرخی دۆلار هێندە داببەزێت کە خەریک بوو ئابووری تورکیا لە مایەپووچی نزیک بێتەوە.
ئەم ساڵ جیا لەگەڵ ساڵێ پار خەریک بوو ناوچە گەشتیاریەکانی تورکیا باوەش بۆ گەشتیاران بکەنەوە، لە ئەوڕپا و روسیا و وڵاتانی دورەوبەر و بە هەڕێمی کوردستانیشەوە خەڵکێکی زۆر بۆ گەشت روویان لە تورکیا کردبوو. بەڵام لە کاتێکی زۆر هەستیاردا، و بە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە خەریکە بەهەشتە فێنکەکەی دوورگەکانی (مارمەریس و بۆدڕۆم هەروەها ئەنتالیا) لەبۆ گەشتیاران دەبنە دۆزەخ، وە ئاگری دارستانەکان وا دەکات گەشتیاران ناچاربن ئەو ناوچانە جێبهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان.
شایانی باسە ئاگری ناوچە گەشتیارەکانی تورکیا کە وا مەزەندە دەکرێت زیانەکانی خۆی لە دەیان ملیار دۆلار بدات، شەقامی تورکی بەسەر دوو بەرەی دژبەر دابەش کردووە.
بەرەی ئۆپزسیۆن لایەنەکانی دەسەڵات بە کەمتەرخەم دەزانن لە ئاست رێگریان لە تەشەنەسەندنی هەرچی زیاتری ئاگرەکە و کۆنترۆڵکردنی.
بە تایبەت باس لەوە دەکەن کە ئەردۆغان دەیان فرۆکەی گەشتیاری تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا فڕۆکەی تایبەت بە ئاگرکوژاندنەوەی نیە، بۆیە تورکیا پەنای بۆ ئێران و روسیا و ئازرباینجان دەبات تا بەهانایەوە بێن بۆ کۆنڕۆلکردنی ئاگرەکە.
لە بەرامبەر ڕەخنەکانی لایەنەکانی ئۆپزسیۆن، خەریکە دەسەڵاتدارانی تورکیا سیناریۆیەک ئامادەدەکەن تا نەک هەر لە گرنگی ڕەخنەکانی ئۆپزسیۆن کەم بکەنەو، بگرە ئۆباڵێ ئەو ڕووداوەش بخەنە ئەستۆی لایەنەکانی ئۆپزسیۆن.
لە تویتێکدا رۆژنامەنووس ئیبراهیم قەرەگۆل کە رۆژنامەنووسێکی نزیک لە لە ئەردۆغانە کە بۆ ماوەیەکیش سەر نووسەری رۆژنامەی یەنی شەفەقی نزیک لە ئەردۆغان بووە دەنووسێت:
"ئەوەی ڕوویدا بەرهەمی هاوپەیمانی جەهەپە و ئی پارتیە لەگەڵ پەکەکە"
لە ئێستادا تورکیا لە نیوخۆی خۆیدا لە نێو رکابەریەکی سیاسی توند دایە، بەلام ئەوەی ڕوویدا کارەساتێکی ژینگەی گەورەیە، بۆیە دەبێت لایەنی کوردی بە تایبەت هەدەپە مامەڵەیەکی درووست لەگەڵ ئەو ڕووداوە بکات.
ئەگەر لە ناخی هەر کوردێک شادیەک هەبێت بەوەی شکستی دەسەڵاتی ئەکەپە دەبینێت، نابێت ئەو شادی و کەیف خۆشیە دەرببڕن، چونکە دەسەڵاتدارانی تورکیا خراب دەیقۆزنەوە، بە تایبەت لەوەی کە مەبەستیانە خۆیان وەک قوربانی نیشان بدەن، هەموو ئەو تاوانانە لەبیر ڕای گشتی ببەنەوە کە ساڵانێکە رژێمی تورکیا بە سووتاندنی رەز و باخ و خاکی کوردستان و دزینی داری دارستانەکانی کوردستان لە باشوور و رۆژئاوا ئەنجامی دەدات.
بۆ قۆستنەوەی ئەو بارودۆخەی ئێستا تورکیای تێکەوتووە، باشترین دەرفەتە کە pkk یەک لایەنە ئاگربەست ڕابگەیەنێت، خۆ ئەگەر ئەو دەستپێشخەریە لە لایەن (ئۆجالان)ەوە بێت هەر زۆر باشتر دەبێت، ئەوسا HDP دەتوانێت پشتیوانی لێبکات.
دەستپێشخەریەکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی ئەوەی دەسەڵاتدارنی تورکیا بخاتە هەڵوێستێکی ناخۆش، وەڵامیان بۆ ئاگربەستەکە هەبێت کە نایان بێت بۆیان قورس دەبێت، نایانبێت هەروایە، لە بەرامبەریشدا کورد جارێکی دیکە بە جیهان دەڵێت کە ئێمە میللەتێکی خاوەن دۆزی ڕەواین هەرگیز نامانەوێت کارەساتەکانی هیچ لایەنیک بقۆزینەوە.
ئێمە میللەتێکی ئاشتیخوازی ژینگە دۆستین، پێچەوانەی ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەی کە هەمیشە لە کووشتنی میللەتی کورد و سووتماکی خاکی کوردستان سوودوەردەگرێت.